هاوکات لەگەڵ تەواو بوونی وادەی کارکردنی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق ، دەزگای مەدارک، کە ساڵانە چاودێری کارەکانی پەرلەمان دەکات، ڕاپۆرتێکی لەسەر ئەدای پەرلەمانتاران بڵاوکردەوە و بەپێی ڕاپۆرتەکە، لەکۆی 329 پەرلەمانتاری عێراق، 57 پەرلەمانتاریان، لەهیچ دانیشتنێکی پەرلەماندا بەشداریان نەبووە، ژمارەیەکیشیان تەنها یەکجار قسەیانکردووە، لەنێو ئەو پەرلەمانتارانەدا، ژمارەیەکیان کوردن.
هەر بەپێی ڕاپۆرتی ئەو دەزگایە، ژمارەیەک لەپەرلەمانتاران کە کوردیشیان تێدایە، بەشداریان لەدانانی هیچ یاسایەکدا نەکردووە، لەکاتێکدا ئەرکی سەرەکی پەرلەمان، دانانی یاسا و چاودێریکردنی ئیش و کارەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی پەرلەمانی ماوە تەواوبووی عێراق، سەبارەت بە خراپی ئەدای ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق و لاوازی ئەدای پەرلەمانتارەکانی، دەڵێت"تا دێت ئاستی خولەکانی پەرلەمان لاواز دەبێت، هۆکارەکەشی پەیوەندی بە یاسای هەڵبژاردنەوە هەیە، کە بە لیستی داخراو، توانا و لیهاتوویی زیاتر دەبرێتە پەرلەمان بەراورد بەلیستی کراوە، بۆ نموونە،لە لیستی کراوەدا، گەر پرۆفیسۆرێک خۆی کاندید بکات، ڕەنگە بەرامبەر هونەرمەندێکی میللی یاخود پزیشکێکی ناسراو، یان هونەرمەندێکی کۆمیدی بدۆڕێت."
بەڕای هۆشیار عەبدوڵا، لیستی کراوە بۆ وڵاتێک کە تازە دیموکراسی پێگەیشتبێت، کەمێک گرفت دروست دەکات، وتی"ئەم خولەی پەرلەمان لە ئەدائدا کێشەی زۆری هەبوو، کێشەکانیش هۆکاری زاتی و مەوزوعیان هەبوو، هۆکارە مەوزوعیەکان، داخستنی پەرلەمان بوو بۆ ماوەی ساڵێک بەهۆی کۆرۆناوە، هۆکارە زاتیەکانیش پەیوەندی بە پەکخستنی لیژنەکانەوە هەبوو لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە، کۆمەڵێک لیژنەیان گەورەکرد لەسەر حسابی کۆمەڵێک لیژنەی تر، بۆ نموونە، لیژنەی دارایی و یاسایی و ئاسایش و بەرگری، یەکی 25 ئەندامیان هەبوو، کەچی لیژنەیەکی وەکو کۆمەڵگای مەدەنی نیسابی یاسایی تەواو نەدەبوو، لەکاتێکدا پێویستبوو هەموو لیژنەکان ئەکتیڤ بایەن، خۆ وڵات تەنها بەدارایی و یاسایی بەڕێوە ناچێت، ئینجا زۆربەی کۆبوونەوەکان دەخرانە ئێواران و شەوان، ئەمەش کاریگەری هەبوو لە سەر ئەدای پەرلەمانتاران."
یەکێک لەو ڕەخنانەی لە پەرلەمانتارە کوردەکان دەگێرێت بەوەی چالاکیان کەمبووە لەنێو پەرلەماندا، لاوازیان بووە لە گفتووگۆکردن بە زمانی عەرەبی، لەوبارەیەوە هۆشیار عەبدوڵا دەڵێت"زمانی عەرەبی گرنگە، کەسێک دەچێتە پەرلەمان دەبێت بەزمانی عەرەبی گفتووگۆ بکات، بەڵام جێگرە یەک لەدوای یەکەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمانیش هۆکاربوون، نەیانتوانیووە قسەکردن بە زمانی کوردی لەنێو پەرلەمان بکەنە ئەمری واقیع، نەک لەبەر ئەوەی کۆمەڵێک پەرلەمانتار ناتوانن بەعەرەبی قسەبکەن، بەڵکو لەبەرئەوەی بەکارهێنانی زمانی کوردی ئیستیحقاقێکی نەتەوەییە، پێویستبوو ئیشی لەسەر بکرێت و نەکراوە، ئەمە هۆکارێکی گەورەبوو، بەشێک لەو پەرلەمانتارانەی ناتوانن بەسەراحەت بەزمانی عەرەبی زۆر بەشداری بکەن."
جەختیشیکردەوە"هۆکارێکی تری پەکخستنی پەرلەمان، زۆرینەبوونی شیعەکان بوو، کاتێک حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی کەوت، شیعەکان پێیانوابوو ناکرێت تەنها ئەوان قوربانی بدەن و تەنها عەبدولمەهدی بگۆڕێت، ئینجا زۆرینەی پەرلەمانتارانی عێراق شیعەن، بەڵام سەرۆکەکەی سونەیە، بەمن بێت، سەرۆکی پەرلەمان بۆ شیعە بێت، چونکە ئەوان پەنجا زائید یەکی پەرلەمان و هەموو لیژنەکانن، کەی بیانەوێت، دەتوانن پەرلەمان پەکبخەن."
دەربارەی بۆچوونی هۆشیار عەبدوڵا وەکو پەرلەمانتارێکی عێراق لەسەر ڕاپۆرتەکەی دەزگای مەدارک، کە بەپێی ڕاپۆرتەکە، 12 پەرلەمانتاری کورد لەدانیشتنەکانی پەرلەماندا، هیچ قسەیەکیان نەکردووە و ژمارەیەکیشیان بەشداریان لەدانانی هیچ یاسایەکدا نەکردووە، ناوبراو دەڵێت " لە ڕاپۆرتەکەدا وەکو هۆشیار عەبدوڵا وەزعم خراپ نییە و چالاکیەکانمی تێدایە، بەڵام ڕاپۆرتەکە جۆرێک لە بێ ئینسافی تێدایە لە کۆمەڵێک ڕووەوە، کاتێک باس لە مەسەلەی بەشداری کۆبوونەوەکان دەکات، چالاکی ڕاستەقینەی پەرلەمانتار لەناو لیژنەکاندایە، نەک ناو دانیشتنەکانی پەرلەمان، زۆرجار دانیشتنەکانی پەرلەمان شۆیە، بەقەدەر ئەوەی بەشداری ڕاستەقینە بێت، هەرچەندە من دژی ئەوەم، پەرلەمانتار هەبێت بەدرێژایی دانیشتنەکانی ناو پەرلەمان قسەی نەکردبێت، مەعقول نییە نەتوانیت لەیاسایەکدا سەرنج و تێبینی بخەیتەڕوو بەدرێژایی ساڵێک."
بەڕای هۆشیار عەبدوڵا، کاتێک چالاکیەکانی پەرلەمان دەکرێتە ژمارە بێ ئینسافی تێدەکەوێت، وەکئەو دەڵێت"هەندێک ڕێککەوتن لەڕێگەی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەوە دەهات، یەک لاپەڕەبوو، یەکجار دەخوێنرایەوە، یان ڕەتدەکرایەوە و یان پەسەند دەکراو ماندوو بوونی نەدەویست، لەکاتێکدا یاسای بودجە، دوو مانگی دەویست قسەی لەسەر بکرێت، چونکە ئیدارەی دەوڵەتت بۆ دەبات بەڕێوە، تەنانەت لەناو پەرلەمانیشدا 12 دانیشتنی دەویست، بەراورد کردنی ئەم دوو یاسایە بەیەکتری و حساب بۆ کردنی بەیەک ژمارە دروست نییە."
ناوبراو وتیشی"پەرلەمانتار هەبوو، خۆم بینیوومە قسەیکردووە، کەچی سفری بۆ دانراوە لە ڕاپۆرتەکەدا، جا نازانم هۆکارەکەی ئەوەبوو بەکوردی قسەیکرد و بۆیان حساب نەکرا، یان چۆنە، نازانم."
بەبۆچوونی هۆشیار عەبدوڵا، ناکرێت بەشداری نێو دانیشتنەکانی پەرلەمان بکرێتە پێوەر بۆ چالاکی و ناچالاکی پەرلەمانتار، بەڵکو گفتووگۆی نێو لیژنەکان و دانانی یاسا گرنگترە، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەکە، ژمارەیەک پەرلەمانتار بەشداری دانانی هیچ یاسایەکیشیان نەکردووە لەنێو لیژنەکاندا، لەو بارەیەوە هۆشیار عەبدوڵا وتی "کارەساتە پەرلەمانتار لەناو لیژنە قسەی نەکردبێت و لەدەرەوەش هیچی نەوتبێت، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە، ئەو ڕێکخراوانەی چالاکیەکانی پەرلەمان ڕەتدەکەنەوە، پێویستە لەهەموو دانیشتنەکاندا ئامادەگیان هەبێت، بەڵام نوێنەریان نەبووە تا چاودێری چالاکیەکان بکات، ڕەنگە داتاکان لەسکرتاریەتی لیژنەکان وەربگرن، یاخود بەشێوازی نازانستی کاریان لەسەر چالاکیەکان کردبێت، لەکاتێکدا پێویستە خۆیان لەنێو پەرلەمان ئامادەگیان هەبایە."
Your browser doesn’t support HTML5