هەلەو واشنتن: پڕۆسەی هەڵبژرادنەکانی عێراق لە نێوان خواستی خەڵک و لایەنە سیاسییەکاندا

هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبەردەم ئاڵنگاریی سیاسی عێراق و ناوچەکەدا؛ لەکاتێکدا ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختەی عێراق هەوڵێکە بۆ گۆڕانکاریی سیاسی، سەرباری رەخنە و جیاوازی بیروڕا سیاسییەکان لەسەر حوکمڕانی چەند ساڵەی دەسەڵاتە یەک لە دوایەکەکانی عێراق. بەڵام بە ڕای چاودێرانی سیاسی هێشتا کۆمەڵگەی عێراق بەسەر پێکهاتە سیاسی و ئاینزاکاندا دابەشبوون. هەندێک پێنوایە بەشداریکردن ئەرکێکی نشتیمانییە لەپێناو گۆڕانکارییدا، بەڵام هەندێکی دیکە نائومێدن بەرامبەر گۆڕنکاری لەو وڵاتەدا بەهۆی خراپی خزمەتگوزاری و نادادپەروەری و گەندەڵییەوە. بەڵام لایەنە سیاسی و سەربەخۆکان بە گڕوتینێکی جیاوازەوە بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا دەکەن و جیهانیش چاوەڕوانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردە لە عێراقدا.

هاوکات وەزیرانی دەرەوەی 12 وڵاتانی جیهان ڕاگەیاندنێکی هاوبەشیان سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەم هەفتەیەدا بڵاو کردەوە و تیایدا هیوایان خواست ئەم هەڵبژاردنە سەرکەوتووبێت و بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوە بچێت تا لە ئەنجامدا بتوانرێت داخوازییەکانی خەڵکی عێراق بێنەدی.

ئەو وڵاتانەی کە راگەیەندراوەکەیان بڵاوکردۆتەوە بریتین لە ئەمەریکا، بەریتانیا، کەنەدا، دانیمارک، فینلەندا، ئوسترالیا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، هۆڵەندا، نیوزیلاند، نەرویژ و سوید، نوسراو وەزیرانی دەرەوەی ئەو وڵاتانە پێشوازی لە ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی دەی مانگی دە.

لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەش بەوە کراوە کە لە مانگی پێنجی ساڵی 2020 ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان شاندی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاسپارد بۆ پێشکەشکردنی یارمەتی لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا. کەئەوەش بە گەورەترین ڕاسپاردنی لەو جۆرە لە جیهاندا دادەنرێت، کە ژمارەی فەرمانبەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێنج هێندەی ساڵی 2018 بۆ ئەم مەبەستە زیادی کردووە.

لەدەنگدانی تایبەتدا، ئەو هێزانەی دەنگ دەدەن بریتین لە هێزەکانی سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق و هەرێم، بەرگری عێراق و وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم، هێزەکانی حەشدی شەعبی لەگەڵ ئەو ئاوارانەی لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ناوەکانیان تۆمار کراوە، هەروەها زیندانیانی نێو گرتووخانەکانیش دەنگ دەدەن.

لەتەواوی عێراقدا، 1 ملیۆن و 75 هەزار و 722 کەس لە هێزە ئەمنیەکان و 120 هەزار و 126 کەسی ئاوارەش مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیە 117 هەزار ئاوارەیان لەکەمپەکان دەمێننەوە، کە لە 28 کەمپدا نیشتەجێن و 26 کەمپیان لەهەرێمن، لەکاتێکدا 530 هەزار ئاوارەی دیکەش بەسەر شارەکاندا دابەشبوون و وەکو ئاوارە ناویان تۆمار نەکراوە.

لە سەرانسەری عێراقدا، 3 هەزار و 240 کەس خۆیان کاندید کردووە، لەچوارچێوەی 21 هاوپەیمانێتی و 109لیستی سەربە لایەنە سیاسیەکان و ژمارەیەکیشیان کاندیدی سەربەخۆن، کە چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەک لەو کاندیدە سەربەخۆیانە، دەنگی پێویست بۆ گەیشتنە پەرلەمان بەدەست بهێنن.

بۆ ئەو مەبەستە حەیدەر کەریم لەدەنگی ئەمەریکاوە بۆ بەرنامەی هەلەو واشنتن گفتوگۆیەکی هەمەلایەنەی لەگەڵ سێ پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا سازکردووە بۆ زیاتر بەدواداچوون و وردبوونەوە لە بارودۆخی هەڵبژاردن لە شارەکاندا. کە پێکهاتبوون لە پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە کەرکوک و سلێمانی دڵشاد ئەنوەر و ئەحمەد زێباری لە هەولێر و سەلام باڵایی لە دهۆک و زاخۆ,، کاوە عومەر لە موسڵ و فەرحان هەورامانی لە هەڵەبجە.

سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن و بەرێوەچوون و ئامادەکارییەکان و ئاستەنگەکان فەرموون گوێبیستی تەواوی بەرنامەی هەلەو واشنتن بن لەدەنگی ئەمەریکاوە.

Your browser doesn’t support HTML5

هەلەو واشنتن