لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق، کێشمەکێشێکی گەورە لەنێوان هێزە شیعیەکان دروستبووە. ڕەوتی سەدر جەخت لەسەر پێکهێنانی حکومەت دەکاتەوە، بەو پێیەی براوەی هەڵبژاردنە و سەرووی 70 کورسی بەدەستهێناوە، هێزە شیعیەکانی تر، کە ژمارەی کورسیەکانیان دابەزیووە، پێکهێنانی حکومەت لەلایەن سەدرەوە ڕەتدەکەنەوە و ئەنجامی هەڵبژاردنیشیان پێ قەبوڵ نییە.
هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانێتی فەتح و بەشێک لە هێزە شیعیەکان، لە ئەنجامی هەڵبژاردن ڕازی نین و جەخت لەسەر قەبوڵ نەکردنی ئەنجامەکە دەکەنەوە، لەکاتێکدا سەدر خۆی بە براوەی هەڵبژاردن دەزانێت و هۆشداری دەدات لەهەر دەستوەردانێکی ناوخۆی و دەرەکی لە ئەنجامی هەڵبژاردن.
ئەمین بەکر ڕاوێژکاری پەرلەمانی عێراق، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن بۆ هەندێک لایەنی شیعە شۆکهێنەربووە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"سەدر پێشتر داوای پێکهێنانی حکومەتی کردووە لەلایەن ئەو لایەنەی زۆرترین کورسی هەیە، لەکاتێکدا هێزە شیعەکانی ڕکابەری دەیانەوێت هاوپەیمانێتیەکی گەورە دروست بکەن و هاوشێوەی ساڵی 2010 لەڕێگەی دادگای فیدرالیەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕاسپێردرێن، بەڵام سەدر ئەمە ڕەتدەکاتەوە، بۆیە کێشمەکێش دروستبووە."
موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر، خواستی پێکهێنانی حکومەتی هەیە، بەو پێیەی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە و سەرووی 70 کورسی بەدەستهێناوە، لەبەرامبەریشدا هێزە شیعیەکانی ڕکابەری، پێکهێنانی حکومەت لەلایەن سەدرەوە ڕەتدەکەنەوە و کار بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتیەکی گەورە لەدژی دەکەن.
عەلی حسێنی وتەبێژی میحوەری باکوری حەشدی شەعبی و بەرپرس لە هێزەکانی بەدری سەربە هادی عامری، پێیوایە هیچ کوتلە و هاوپەیمانێتیەک ناتوانێت بەتەنها حکومەت پێکبهێنێت، ڕوودانی ئاڵۆزیشی ڕەتکردەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت "کوتلەی سەدری 73 کورسیان هێناوە، لەکاتێکدا پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە 165 کورسیە، بۆیە هیچ لایەنێک ناتوانێت بەتەنها حکومەت پێکبهێنێت."
جەختیکردەوە"حکومەتی ئیئتیلافی لە عێراق دا بووەتە سونەت، ئیلا دەبێت کورد و سونە و شیعە، پێکەوە حکومەت پێکبهێنن."
ململانێی نێوان سەدر و هێزە شیعەکان لەکاتێکدایە، هەردوولایان خاوەنی هێزی سەربازین و لە ڕێگەی ڕاگەیەنراوەکانیانەوە هۆشداریش بەیەکتری دەدەن، ئەمەش مەترسی سەرهەڵدانی ئاڵۆزی دروستکردووە.
ئەمین بەکر ڕوونیکردەوە، هەموو هێزە شیعەکان باڵی سەربازیان هەیە، گەر بەڕێککەوتن کێشەکان چارەسەر نەکەن، دوور نییە ئاڵۆزی ڕووبدات.
ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق کە سەدری کردە براوەی یەکەم، بۆ هادی عامری و هێزەکانی حەشد و تەیاری حیکمە و حەیدەر عەبادی مایەی شۆکبوو، بەو پێ یەی بەشێکی زۆر لەکورسیەکانیان لەدەستدا.
Your browser doesn’t support HTML5