بۆ زانیاری لەسەر هەسارۆچکەکانی هەسارەی ناهی ناسا ئۆتۆمۆبێلێک بۆ وڵایی دەنێرێت

ئاژانسی واڵایی وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا (ناسا) ڕۆژی شەممە بە موشەکێک ئۆتۆمۆبێلێکی بۆ ئاسمان نارد، ئامانجی توێژینەوەیە لەسەر هەسارۆچکەکانی خولگەی هەسارەی ناهی Jupiter ئەوانەی بە ترۆجان ناسراون.

ئۆتۆمۆبیلی لوسی ڕۆژی شەممە لە بنکەی ئاسمانی لە کیپ کەنەڤڕاڵ لە ولایەتی فلۆریدا بە موشەکەی ئەتڵەس هەڵدرا، ئەرکەکەی بۆ 12 ساڵە، لەو ماوەیەدا 6 ملیار کیلۆمەتر دەبڕێت .

لوسی دەبێت لەو 7 هەسارۆچکەی بەدەوری ناهیدا دەسوڕێنەوە نزیکبێتەوە. هەزاران و ئەگەری هەیە ملێۆنان بەردی گەورە لە خولگەی کەیواندا هەبن.

بڕوایەک هەیە ئەو هەسارۆچکە و بەردانە پارچەی سەروەختی دروستبونی کۆمەلەی خۆربن، زاناکان بەهیوان لە توێژینەوەدا بتوانن لە دروستبون و پەرەسەندنی سیستەمی خۆر باشتر تێبگەن.

تۆم ستاتلەر زانای بەرنامەی لوسی بۆ دەنگی ئەمریکا وتی "ئەو هەسارۆچکانە پاشماوەی دروستبوونی هەسارە گەورەکانی کۆمەڵەی خۆرن، وەک کەیوان، ناهی، بارام، ئۆرانۆس، زاوە و نیپتۆن، دروستبونی زەوی و سەرەتای پەرەسەندنی لەوانەیە کاریگەری ڕوداوەکانی سەر هەسارە گەورەکانی دوور لە خۆری لەسەر بووبێت.

سەرباری ئەمەش وتی "هەسارۆچکەکانی ترۆجان نیشانەی بێوێنە دەردەخەن تایبەت بەو سەروەختە."

زانای ناسا کارلی هاویت لە تەلەفزێۆنی ناساوە وتی بۆ چۆنێتی چونی هەسارۆچکەکانی ترۆجان بۆ خولگەی نزیک ناهی دوو بیرۆکەی سەرەکی هەیە:

یەکەم ، لە قوڵایی سیستەمی خۆردا دروست بوبێت و لەپێکدادانیاندا وەک تۆپی یاری بلیارد جوڵەی بەرەو ناهی ڕۆشتبێت.

دووهەم، لەنزیک ناهی دروست بوبێت و پێکهاتەی هاوشێوەی پێکهاتەی ناهی بێت.

وتیشی "زۆر زانیاریمان دەست دەکەوێت لە سەر پیکهاتەی هەسارۆچکەکان، کە دەبێتە هۆی زانینی چۆن و لە کوێ دروست بوون".

ویڵ سانتیاگۆ، ئەندازیار لە کۆمپانیای لۆکهید مارتن بۆ واڵایی بۆ تەلەفزێۆنی ناسا ووتی "وەک گەڕانەوەی کاتە بۆ دواوە، ئەم هەسارۆچکە و بەردانە هەڵگری زانیاری سەروەختی دێرینن."

بەهۆی دۆزینەوەی بەبەردبوی مرۆڤێک لەساڵی 1974دا لە ئەسیوبیا و بەناوی لوسی زانیاری زۆری دەرباری مێژوی مرۆڤ ئاشکراکرد، ئەم ئەرکەی ناسا ناوی لوسی لێنرا.

زاناکانی ناسا دەڵێن دەربارەی چۆنێتی پەرەسەندنی کۆمەڵەی خۆر زانیاری زۆرمان پێدەبەخشێت.

لەئەرکەکەیدا بۆ هەسارەی ناهی، لوسی 3 خولانەوە بەدوری زەویدا دەکات بۆ زیادکردنی خێرایی دەرچونی بەرەو قوڵایی کۆمەڵەی خۆر. هەروەها بەنێوان هێڵی بەردەکانی نێوان هەردو هەسارەی بارام و ناهیدا تێدەپەڕێت، زاناکان دەڵێن تاقیکردنەوەیەکە بەر لەوەی لە هەسارۆچکەکانی ترۆجان نزیکبێتەوە.

ئۆتۆمۆبێلەکە دو پلێتی گەورەی سۆلاری هەیە، درێژی هەریەکەیان 7 مەترە، بۆ گەشتەکەی و تێپەربوونی دوریی 850 ملێۆن کیلۆمەتر لە خۆرەوە وزە دابین دەکات. بەهۆی گەورەیی ئەو پلێتانە ئەو ئۆتۆمۆبێلە توانای ئەوتۆی نابێت گۆڕانکاری خێرا لە ئاراستە و ڕەوتیا بکات.

هاویت وتی "زاناکان سیستەمی کامیرای تایبەت بە ئۆتۆمۆبێلەکە بەکاردێنن بۆ دڵنیابون لەنەبونی بەربەست و تەگەرە".

وتیشی "مەبەست لەوە دڵنیابونە لە ڕۆشتنی بە پارێزراویە، ناسا پێشتر لەڕێگای تلسکۆبە گەورەکانیەوە نەخشەی واڵایی داناوە بۆ توێژینەوە لەسەر ئەو ئاراستەیەی لوسی بە وڵایی‌دا تێدەپەڕێت"

لوسی تەنها ئۆتۆمۆبێلی واڵایی نیە دۆزینەوە لە هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆردا دەکات. لەمانگی داهاتودا، بڕیارە ئۆتۆمۆبێلی وڵایی (دارت) لەهەوڵێکدا بۆ گۆڕینی ئاراستەی بەر هەسارۆچکەیەک بکەوێت لەدوریی 11 ملێۆن کیلۆمەتر لەزەویەوە دورە، ئەرکەکە بریتیە لە تاقیکردنەوەی تەکنەلۆجیایەک بتوانرێت لەداهاتوودا بۆ ڕزگارکردنی زەوی لە هەسارەیەکی مەترسیدار بە کار بێت .

گەورەترین ئێسکی بە بەردبوی دۆزراوەی ترایسیراتۆپس بە 7.7 ملێۆن دۆلار دەفرۆشرێت

گەورەترین ئێسکی بەبەردبوی دۆزراوەی ترایسیراتۆپس لە خانەی مەزادا ڕۆژی5 شەممە بە 7.7 ملێۆن دۆلار لەپاریس فرۆشرا، کڕیارەکەی ئەمریکاییە خۆاست و ئارەزوی کۆکردنەوەی ئەو جۆرە ئێسکانەی هەیە.

بەڕیوبەرایەتی خانەی مەزادەکە لە بڵاوکراوەیەکدا لەسەر پێگەی لە ئینتەرنێت وتی "بە بەردبوی بیگ جان – وەک ئێسکەکە ناوی لێنراوە – پێشبینی دەکرا نرخی لەنێوان 1.4 بۆ 1.7 ملێۆن دۆلار بێت. بەڵام ئەو ئیسکانەی بەر لەمێژوو خواستی کڕیارەکانی هاندا لە خانەکە و لەڕێگای تەلەفوون وئینتەرنێتەوە نرخەکەی بەرزبێتەوە و بە 7.7 ملێۆن دۆلار بفرۆشرێت.

کڕیارەکە ئەمریکایی‌یەکی نەناسراوە لە ململانێی بەرزکردنەوەی نرخدا براوەبوە ، نوێنەری کڕیارەکە بۆ ڕۆژنامەوانان وتی "کڕیارەکە زۆر دڵخۆشە بە بیرۆکەی بتوانێت ئەو جۆرە ئێسکانە کۆکاتەوە ".

بە زمانی لاتینی ترایسیراتۆپس بە واتای "ڕووی 3 شۆق دێت" دایناسۆرێکی گەورەی ڕوەک خۆرە، بەر لە 66 بۆ 84 ملێۆن ساڵ ژیاون. تایبەتمەندی 3 شۆقی گەورەی لە سەر کەللـەسەری هەبوە، 2 لەسەر ناوچەوانی و سێهەم لەسەر لووتی. ناوی "بیگ جان"ی لێنراوە لەسەر ناوی ئەو کەسەی لە زەویەکەیدا ئێسکەکە لە ساڵی 2014د لە ولایەتی ساوس داکۆتا دۆزراوەتەوە لەڕۆژئاوای ناوەڕاستی باکوری وڵاتیەکگرتوەکانی ئەمریکا.

شارەزایان دەڵێن لەنێو ئەو بەبەردبوانەی دۆزراونەتەوە "بیگ جان" تاک و بیوێنەیە، بەهۆی ٪60ی ئێسکی و ٪75ی کەللـەسەری بەباشی ماوەتەوە.

ساڵی ڕابردوو لەخانەی مەزادی نیویۆرک ئێسکێکی "تیرانۆسۆروس ڕێکس" بە نرخی 31.8 ملێۆن دۆلار فرۆشرا. زاناکانی بەبەردبوەکان دەڵێن خواست و توانای دراوی ئەو کەسانەی ئارەزوی کۆکردنەوەی ئەو جۆرە ئێسکانەیان هەیە بەدوری دەکات لەمۆزەخانەکانی ئەو توانا دراویەیان نیە.

هەندێک زانیاری تایبەت بەم ڕاپۆرتەلە ئاژانسەکانی ئەسێۆشەیتید پرێس و ڕۆیتەرز و فرانس پرێس بڵاوکراوەتەوە.

ناوەندی کۆنترۆڵی نەخۆشیەکان کووتانی سێهەم بۆ هەموو ڤاکسینەکانی کۆڤید-19 پەسەند دەکات

بەرێوەبەری ناوەندی کۆنترۆڵی نەخۆشیەکان CDC لەوڵاتیەکگرتوەکانی ئەمریکا ڕەزامەندی لەسەر وەرگرتنی ڤاکسینی سێهەم بۆ هەموو جۆرەکانی کۆڤید-19 دا.

ناوەندەکانی کۆنترتۆڵی نەخۆشی و پاراستن ئامۆژگاریدا بە کووتانی سێهەم بۆ ملێۆنەها کەس ئەوانەی ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێیان وەرگرتوە لەجۆری (مۆدێرنا و جەی جەی). لەمبارەیەوە ڕایگەیاند کووتانی سێهەم مەرج نیە هاوشێوەی ڤاکسینی یەکەم بێت.

رۆشێڵ واڵنسکی سەرۆکی ئەو بەریوبەرایەتیەی حکومەتی فیدراڵی ڕۆژی 5 شەممە ڕەزامەندی لەسەر ئامۆژگاریەکانی کۆمیتەی ڕاوێژکاری دا، ناوەندەکانی خستە سەر هەمان ئاست لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی دەرمان و خۆراک.

لەمانگی 9دا بڕیار لەسەر وەرگرتنی کووتانی سێهەم جۆرەی (فایزەر) درا.

کۆمیتەی CDC ئامۆژگاری دا ئەو کەسانەی تەمەنیان 18 و بەرەوژوورە و بەر لە 2 مانگ کووتانێک یان زیاتریان لە جۆری (جەی جەی) وەرگرتوە دەتوانن کوتانی سێهەم وەرگرن.

ئەوانەی تەمنیان 65 ساڵ بەروژوورە و 2 کووتانی جۆرەی (فایزەر و مۆدێرنایان) وەرگرتوە باشترە دوای 6 مانگ یان زیاتر لە کووتانی دووهەم سێهەم وەرگرن.

هەروەها CDC ئامۆژگاریدا بە وەرگرتنی کووتانی سێهەم بۆ ئەوانەی 18ساڵ و بەروژوورترن و گرفتی پێشتری تەندروستیان هەیە، ووتیشی ئەوانەشی دەژین یان کار لە جێگای زۆری بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکە دەکەن.

ڕۆژی 5 شەممەی رابردوو وڵاتەیەکگرتوەکان بەشانازیەوە ڕایگەیاند توانیویتەی سەرکەوتوانە 200 ملێۆن ڤاکسینی کۆڤید-19 بۆ زیاتر لە 100 وڵات دابین بکات، کۆشکی سپی ووتی ئەمەش هەنگاوێکە بۆ بە ئەنجامگەیاندنی بەڵێنەکانی سەرۆک جۆ بایدن دابوی کە ئەمریکا ببێتە سەرچاوەی ڤاکسین بۆ جیهان.

سامانثا پاوەر بەریوەبەری بەرێوبەرایەتی ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی لەبڵاوکراوەیەکدا ووتی "ئەمرۆکە200 ملێۆن هۆکارهەیە ئەمریکایەکان شانازی پێوە بکەن".

خاتوو پاوەر وتیشی " بەرێوبەرایەتی ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی خۆشحاڵە ڕابەری هەوڵەکانی کووتانی جیهانە، کە کارێکە پێشتر لەروی قابارەو خێرایی و ئاڵۆزیەوە نەکراوە، بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی خراپترین پەتا لە مێژوی نوێدا".

Your browser doesn’t support HTML5

بەرنامەی زانست و تەکنەلۆجیا 25-10-2021