ژیان لە فەرهەنگدا: ئەحمەد کەمال عەلی باپیر ئاغا

زۆر جار بەرگوێمان دەکەوێت و جەختیشی لێدەکرێتەوە؛ بەبێ هەبوونی کارە هونەرییە شێوەکارییەکان، ئێجگار قورسە بگوترێت ڕەخنەی شێوەکاریمان هەن.


لە پەیوەندی بە کۆمەڵگەی کوردییەوە، هونەر بە گشتی و هونەری شێوەکاری بە تایبەتی قۆناغەکانی خۆیان بڕیوە پیایدا تێپەڕیون، هەرچەندە هێشتاش وتووێژێکی چڕ و پڕ هەیە لەسەر مێژووی ئەم هونەرە و تەمەنە پڕ لە هەڵکشان و داکشانەکانی هونەری شێوەکاریمان.

زۆرێک لە هونەرمەندانی شێوەکار، هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت وەک دەڵێن ئەم هونەرە باڵایەمان نەیتوانیوە سنورەکانی نێوان هونەرمەند و خوێندکارەکانی تێبپەڕێنێت، بە ئەندازەیەکی کەم نەبێت ئەم هونەرەمان نەچۆتە ناو ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و کاریگەرییەکانی بە تەواوەتی دەرنەکەوتوون، هەر بۆیەشە وەک دەگوترێت هەنگاوەکانی ئەم هونەرەمان بە کاوەخۆ بووە. ئەمە بێ لەوەی بەشێکی خەڵکیش تەنها وەک هونەرێکی هاوردە بۆ کۆمەڵگە سەیری دەکەن، بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکرێتەوە وێنە و دیمەنی تابلۆکانی ناو ئەشکەوت و پەرستگا دێرینەکان دەشێت وەک سەرەتایەکی بەرایی بۆ ئەم هونەرە و بۆ ئەم دنیا پڕ لە ئیستاتیکایە لێیان بڕوانرێت. بێگومان ئەم جۆرە ڕوانینانەش هۆکاری خۆیان هەن.

هونەرمەندان دەڵێن، زۆر گرنگە ئەرشیفی تایبەتی هونەری شێوەکاری هەبێت وەک سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراو بۆ برەودان و پەرەپێدانێکی هاوچەرخانەی ئەم هونەرە و هەروەهاش بۆ پەرەپێدانی لێکۆڵینە و ڕەخنەی تایبەت بە هونەری شێوەکاری.


ئەحمەد کەمال عەلی باپیر ئاغا، یەکێکە لەو هونەرمەندانەی بە بێدەنگی هەنگاوەکانی خۆی دەنێت لە بواری هونەری شێوەکاریدا، لە زۆربەی تابلۆکانیدا ڕەسەنایەتی و هاوچەرخیبوون ئاوێزانی یەکتر دەکات و ڕەنگەکانی ئەحمەد، مێژووی کۆن و نوێ بە زمانی هونەر دەنوسنەوە.


هێڵکاری دەموچاوەکان لای ئەم هونەرمەندەمان، خۆمانمان پێدەناسێنێت وەک ئەوەی پێشتر بە هیچ شێوەیەک خۆمان وەکو خود ئاشنای خۆمان نەبووبین.

ئەحمەد ناخوازێت لە تابلۆکانیدا تەنها ئەوەندە بڵێت ئەوە ئێمەین، یان بڵێت با سەیرێکی بە پەلەی ڕابردوو بکەین، ئەو لە ئێستادا کار بۆ ئایندە دەکات و ڕەنگەکان دەخاتە سەر ڕێگایەکی پڕ لە هەڵبەز و دابەز و بەڕێیان دەکات بۆ بەردەم دیدی ئێمە و بە چاوی ڕەنگ تەماشاکانی خۆی بۆ دنیای ئێمە دەنوسێتەوە، مرۆڤەکان دەباتە قوڵایی ئاسمان و لەوێوە چیرۆکەکانی شەکەتی و ماندوێتیمان بۆ دەگێڕێتەوە.

ڕوخسار، باران، ئاسمان، ئاو، شاخ، هەور، درەخت، مەل، خەم، شادی، سێبەر، هەتاو، مانگ، دەریا و کانی و چەندان بابەتی تریش لە تابلۆکانی ئەم هونەرمەندەماندا ئامادەییان هەیە.

ئایا ئەحمەد کەمالی هونەرمەند دەخوازێت لەڕێی تابلۆکانی دەموچاوەکان دەخوازێت چیمان پێبڵێت؟

ئایا دەکرێت بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە کێشانی تابلۆکاندا، وەک بارێکی نەرێنی لێی بڕوانین لە هونەری شێوەکاریدا؟

ئایا هونەرمەند ، سەروەختێکی تایبەتی هەیە بۆ پێداچوونەوە بە خۆیدا؟

ئەحمەد کەمال عەلی باپیر ئاغا، هونەرمەندی شێوەکار، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە.

Your browser doesn’t support HTML5

ژیان لە فەرهەنگدا: ئەحمەد کەمال عەلی باپیر ئاغا