وردەکاری سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگا لەسەر کەیسی مامۆستا بەدەل بەرواری و ڕۆژنامەنووس ئومێد بەروشکی

ڕۆژی سێشەممە دادگایی کردنی هەریەک لە مامۆستا بەدەل بەرواری و ڕۆژنامەنووس ئومێد بەروشکی لە دادگای هەولێر بەڕێوەچوو و لەو دانیشتنەدا دادگا بڕیاری یەک ساڵ زیندانی کردنی بۆ ئەو دوو کەسە دەرکرد. بەپێی ئەو بەروارەی کە دادگا بڕیاریداوە مامۆستا بەدەل بەرواری پاش مانگێک و شەش ڕۆژی تر ئازاد دەکرێت و ڕۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشکیش لەبەر ئەوەی پەڕاوی تری هەیە جارێ ئازاد ناکرێت ئەمە بەپێی پارێزەرانی ئەو دوو کەسە.

سەبارەت بە چۆنیەتی چاودێریکردنی رێکخراوە جیهانیەکان و بڕیارەکانی دادگا، کامەران مەلا عوسمان نوێنەری رێکخراوی CPT لە هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای وت" بە گرنگیەوە لە بڕیارەکەی دادگا دەڕوانین و پێمان وایە دادگا هەنگاوێکی یەکجار گەورەی ناوە بۆ ئەوەی متمانە بۆ سیستەمی دادوەری و دادگاکانی هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە و بەگەشبینیەوە لەو بڕیارە دەڕوانین، هاووڵاتیان و کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانان و ئەو خەڵکانەشی کە داوای ئازادی ڕادەربڕین دەکەن بتوانن متمانەی زیاتریان بە دادگاکان هەبێت، ئێمە زۆر نیگەرانین لەوەی کە سێ مانگی یەکەم بۆ ئەو زیندانیانە هەژمارنەکراوە و نیگەرانین لەوەی کە ئەو ساڵە حوکمدراون و ئەو بەڵگانەشی کە پێشکەش کران تەنها بێتاوانی زیندانیانی دەسەلماند و بەڵگەکان ئەوەی نیشان دەدا کە بەدەل بەرواری چەندە مامۆستایەکی ئاشتیخوازە و لە ڕێگەی ئاشتیانەوە داوای مافی خەڵکی کردووە بۆیە هیواخوازن دادگاکان بە سەربەخۆیانە کاربکەن".

بەپێی پارێزەران ئەو بڕیارەی کە دادگا داویەتی بە ساڵێک حوکمدرانی مامۆستا بەدەل بەرواری، شەش مانگ زیاتر لەو حوکمە لە زیندانە بۆیە داوای ئازادکردن و قەرەبوکردنەوەشی دەکەن.

سەبارەت بە زانیاری زیاتر لەسەر کەیسی مامۆستا بەدەل بەرواری و ڕۆژنامەنووس ئومێد بەروشکی، ئاسو هاشم پارێزەری ئەو دوو کەسە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" هەڵەیەک لە دەستگیرکردنی مامۆستا بەدەل بەرواری هەیە مامۆستا بەدەل لە مانگی 8ی ساڵی 2020 دەستگیرکراوە کە دەکاتە ساڵێک و نزیکەی شەش مانگ بەپێی ئەو بڕیارەی دادگا کە ساڵێک حوکمدراوە واتا شەش مانگ زیاتر لە زیندان بووە، قسەمان لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی دادگای تاوانەکانی دووی هەولێر کرد دیارە داوای ڕاستکردنەوەیان لە بەندیخانە کردووە و لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ ئەوەی ئەو بەروارە ڕاست بکەینەوە و مامۆستا بەدەل بەرواری ئازاد بکرێت، ئیستا ئەنجام ئەوەیە کە هەردووکیان بە ساڵێک حوکمدران بەڵام ئومێد بەروشکی چونکە پەڕاوی تری هەیە و لە شوێنی تر حوکمدراوە ئازاد ناکرێت، یاسایەکمان هەیە لە ساڵی 2002 دەرچووە دەڵێت ئەو کەسانەی کە بەرائەتیان دەردەچێت و ماوەیەک لە زیندان دەبن داوای قەرەبو دەکەن بەڵام قانونەکە نەچووەتە بواری جێبەجیکردنەوە و سستە و بڕی ئەو قەرەبویەش کە دەدرێتەوە زۆر کەمە".

دەنگی ئەمەریکا هەوڵیدا یەکێک لە کاربەدەستانی دادگا لەسەر ئەو بڕیارەی دادگا و وردەکاری زیاتر لەمەڕ کەیسی مامۆستا بەدەل بەرواری و ڕۆژنامەنووس ئومێد بەروشکی وەربگرێت بەڵام بەردەست نەبوون.

ئومێد بەرۆشکی پەڕاوی تری هەیە و جارێ ئازاد ناکرێت تا کەیسەکەی یەکلایی دەکرێتەوە، نیوار بەروشکی برای ڕۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشکی لەبارەی بڕیاری دادگا و کەیسی براکەیەوە دەڵێت " لێرە ئومێد بەڕوشکی ئازادکراوە بەڵام ئەوەی کە ماویەتی کەیسەکانی دهۆکە چونکە ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان سکاڵای لێ کردووە و شەش مانگ حوکمدراوە داوا لەو پەرلەمانتارەش دەکەین ئەویش بێتە سەر خەت، داوا دەکەین ئومێد لە ئاسایشی گشتی دەربهێنرێت و بۆ زیندانی زرکای دهۆک بگوازرێتەوە، ئەمڕۆ قسەمان لەگەڵ ئومێد نەکردووە هەر لە دوورەوە بینیومان بەڵام شەممەی ڕابردوو لە نزیکەوە لەگەڵی دانیشتووم ڕەوشی زۆر باشە بەدڵنیاییشەوە کێشی دابەزیوە".

ژمارەیەکی زۆر لە هاوڕێ و هاوپیشە و پەرلەمانتار و چالاکوان و توێژی جیاجیا و کەسوکاری مامۆستا بەدەل بەرواری و ڕۆژنامەنووس ئومێد بەروشکی لە دادگا ئامادەببوون و چاودێری چۆنیەتی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنی ئەو دوو کەسەيان دەکرد.

مەروان دۆسکی هاوڕێ و هاوپیشەی مامۆستا بەدەل بەرواری لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" لە گرووپی کوا پاشکەوت کارمان دەکرد لەو گرووپە داوای هیچمان نەدەکرد تەنها داوای مافی خۆمان دەکرد و گرووپەکەش هەر بەردەوامە چونکە داوای مافی خۆمان دەکەین، لە هەموو دانیشتنەکانی دادگا ئامادەبوومە و داوای ئەوە دەکەین کە مافی خۆمان دەوێت و ئەم شتانە دووبارە نەبنەوە".

جێی باسە نزیکەی ساڵێک و شەش مانگە هەریەک لە مامۆستا بەدەل بەرواری و ڕۆژنامەنووس ئومێد بەروشکی لە لایەن دەزگا ئەمنیەکانی هەرێمی کوردستانەوە ڕاگیراون بەتومەتی ئەوەی کە هەوڵی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەییان داوە، و کەسوکار و پارێزەرانی ئەو دوو کەسەش ئەو تومەتانەیان ڕەتدەکردەوە.

Your browser doesn’t support HTML5

ئەحمەد زێباری