پاپا داوای پێدانی مافی پەنابەرێتی دەکات بە کۆچبەران

پاپا داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکات تا چارەسەری قەیرانی کۆچبەرانی لیبیا بکرێت.

ئەم داوایەی ئەمڕۆ یەکشەممەی پاپا هاوکاتە لەگەڵ ناکۆکی ڕێبەرانی یەکێتی ئەوروپادا لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەبردنی ئەو شەپۆلی کۆچبەرییەیە بۆ ئەوروپا.

پاپا فڕانسیس لە وتارەکەیدا لە مەیدانی سانت پیتەرسبێرگەوە دەڵێت "هاوسۆزی و نزیکیی خۆم دەردەبڕم بۆ ئەو هەزاران کۆچبەر و پەنابەر و هەروەهاش ئەوانەی پێویستیان بە پارێزراوی هەیە لە لیبیا، هەرگیز ئێوەم لەبیرناکەم، گوێم لە گریانەکانتانە و نزاتان بۆ دەکەم."

پاپا لەم وتارەیدا ئاماژەی بە ڕەوشی ژیانی کۆچبەر و پەنابەرانیش کردوە و دەڵێت "زۆرێک لەو پیاو و ژنان و منداڵانە ڕووبەڕووی توندوتیژی نا مرۆڤانە دەبنەوە. جارێکی تریش ئامۆژگاری کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکەم تا پەیمانەکانی خۆیان بەجێبگەیەنن و چارەسەرییەکی هاوبەش و کۆنکریتی بدۆزرێتەوە بۆ ئەو شەپۆلی کۆچبەرییەی لە لیبیا و لە وڵاتانی سەر دەریای ناوەڕاستدا هەیە."

پاپا فڕانسیس، تەمەن 84 ساڵ دەڵێت "دەبێت حکومەتەکان، ناردنەوەی کۆچبەران ڕابگرن بۆ ئەو وڵاتانەی لە ڕووی ئاسایشییەوە ناجێگیرن، وەک لیبیا و دەشبێت ئەرکی سەرەکی ئەو حکومەتانە ڕزگارکردنی ژیانی ئەو کۆچبەرانە بێت لەناو دەریای ناوەڕاستدا و بە پارێزراوی بگەیەندرێنە بەندەرەکان و کۆچبەران دەستبەسەرنەکرێن و مافی پەنابەرێتییان بدرێتێ."

ئیتالیا، یەکێکە لەو وڵاتانەی بەردەوام شەپۆلی پەنابەران لە لیبیاوە بە دەریای ناوەڕاستدا ڕووی تێدەکات و ڕۆژانە سەدان کۆچبەر دەگەنە کەنارەکانی ئەو وڵاتە.