پاش چەند مانگێک لە ململانێی توندی سیاسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا دەڵێت وەها چاوەڕوان دەکات ڕێککەوتنێک بکرێت لەسەر دۆسێی خەرجییە کۆمەڵایەتییەکان و هەروەهاش لەم هەفتەیەدا دەنگدان بکرێت لەسەر دۆسێ گرنگەکەی پەیوەندی هەیە بە ژێرخانی ئەمەریکاوە.
نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، لە لێدوانەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا دەڵێت "هێندەی نەماوە بگەینە ڕێککەوتن و دەنگدانەکەش."
سەرۆک جۆو بایدن، سوورە لەسەر تێپەڕاندنی هەردوو بەرنوسەکە، بەر لە سەردانەکەی کۆتایی ئەم مانگی 10یە بۆ گلاسکۆ و بەشداریکردن لە کۆنگرە لوتکەییەکەی ژینگەدا. دیموکراتەکان ئەم دوو دۆسێیە بە گرنگ دەیبینن بۆ هیوا سیاسییەکانیان لە هەڵبژاردنەکانی مید تێرمدا.
ئەم لێدوانانەی خانم پیلۆسی بۆ کەناڵی سی ئێن ئێن، هاوکاتی کۆبوونەوەکەی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکایە لە ستانی دێلاوێر لەگەڵ جۆو مانشن، سیناتۆری دیموکراتدا.
مانشن یەکێکە لەو دوو سیناتۆرەی لەگەڵ پێشنیاز و پلانەکەی سەرۆک بایدندا نین "بونیاتنانەوەی باشتری بەرنامەی کۆمەڵایەتی." کە بوونەتە تەگەرەیەکی سەرەکی لەبەردەم پەسەند کردنیدا.
سەرۆک بایدن، ڕۆژی پێنجشەممە گەشبینی خۆی دەربڕی لە کۆبوونەوە گشتییەکەیدا کە لە ڕێی تەلەفزیۆنەوە پەخش دەکرا و ئاماژەی بەوە کرد "پێموایە ئەو سەودایە دەکرێت و مشتومڕەکانی ناو دیموکراتەکان لە چوار یان پێنج دۆسێدا ماونەتەوە و بەڵام چارەسەر دەکرێن."
دیموکراتەکان بە ئاستەم زۆرترایەتی هەردوو خانەی کۆنگرێسن و بەڵام دابەشبوونە ناوخۆییەکەی دیموکراتەکان ڕێگرە لەوەی بەرنوسی یەک ترلیۆن و دووسەد ملیار دۆلار پەسەند بکرێت، ئەم بەرنوسە پەیوەندی هەیە بە ژێرخانی ئەمەریکاوە.
نانسی پیلۆسی لە لێدوانەکەیدا بۆ کەناڵی سی ئێن ئێن دەڵێت "لە سەدا نەوەدی بەرنوسەکە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە و نوسراویشە و تەنها ماوەتەوە سەر ئەوەی دوا بڕیارەکان بدرێن."
خانم پیلۆسی دەڵێت "ئەوەی کە دەکرێت کەمترە لەوەی لە سەرەتادا چاوەڕوان دەکرا، بەڵام هێشتاش گەورەترین شتێکە کردبێتمان بۆ جێبەجێکردنی داواکانی خێزانە ئەمەریکاییەکان."