ئیسرائیل گەورەترین مانۆڕی هێزی ئاسمانی دەستپێدەکات

ئیسرائیل لەم هەفتەیەدا گەورەترین مەشق و ڕاهێنانی هێزی ئاسمانی خۆی لە مێژوودا ئەنجامدەدات.

ژمارەیەک وڵاتی ڕۆژئاوا و هیندستان بەشداری دەکەن لەو مەشق و ڕاهێنانەدا و هەروەها سەرکردەی هێزی ئاسمانی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبیش دانراوە وەک پشکنەرێک لەم ڕاهێنانە سەربازیەدا.

ئەمیر لازار، سەرکردەی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بە پەیامنێرانی ڕاگەیاندووە "لەم مانۆڕە سەربازییەدا سەنگیی ناخرێتە سەر ئێران." بەڵام کاربەدەستانی لەشکر دەڵێن کۆماری ئیسلامی ئێران سەرەکیترین مەترسی ستراتیژییە بۆ ئیسرائیل و لەناوەندی نەخشەسازی لەشکریشدایە.

ئیسرائیل ئەم مەشق و ڕاهێنانە سەربازیەی بە "ئاڵای شین" ناودێر دەکات و لەوەتای ساڵی 2013وە هەر دوو ساڵ جارێک لە بیابانی نەقەب ئەم مەشق و ڕاهێنانە دەکات.

لە هەفتەی ڕابردوودا، مەشقە بەراییەکان دەستیان پێکردووە.

ژمارەیەک وڵاتی تریش بەشداری لەم مانۆڕەی هێزی ئاسمانی ئیسرائیلدا دەکەن، لەوانە فەڕەنسا و ئەمەریکا و ئەڵمانیا و هەروەها بەریتانیاش کە بۆ یەکەم جارە لەوەتای دەوڵەتی جوو لە ساڵی 1948دا دامەزراوە، فڕۆکە جەنگییەکانی بەسەر خاکی ئیسرائیلدا بفڕن.

لازار، لە بنکەی هێزی ئاسمانی ئۆڤدا بە پەیامنێرانی ڕاگەیاندووە "زیاتر لە 70 فڕۆکەی جەنگی، کە فڕۆکەی جۆری میراج 2000 یشی تیادایە و نزیکەی 1500 کەسیش بەشدارن لەم مانۆڕە سەربازییەدا و گەورەترین مەشق و ڕاهێنانیشە لە ئیسرائیلدا بکرێت."

لازار دەشڵێت "فڕۆکە جەنگییەکانی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب بەشداریی ناکەن لەم مانۆڕەدا، بەڵام گەیشتنی ڕۆژی سێشەممەی سەرکردەی هێزی ئاسمانی میرنشینەکان، زۆر جێی سەرنجە. ئەو ڕێککەوتنانەی ساڵی پار بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان کران لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتی عەرەبیدا، وەک میرنشینەکان و بەحرەین و شانشینی مەغریب، دەرفەتی زۆر جۆراوجۆریان کردۆتەوە."

سەرکردەی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت "چاوی لەڕێیە لە ئایندەدا میوانداریی هێزی ئاسمانی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب بکرێت."

نیگەرانی هاوبەش بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران کە بە دوژمنی هاوبەش ناودێر دەکرێت، وەک فاکتەرێک لێی دەڕوانرێت بۆ نزیکبوونەوەی ئەو وڵاتە عەرەبیانە لە ئیسرائیل.

بێجگە لە بەرنامە ناوکییەکەی ئێران، ئیسرائیل هەوڵی لێدانی زەنگی مەترسی داوە سەبارەت بەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانەی ئێران دەیانێرێت بۆ لایەنگرەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وەک هێزە میلیشیاییەکانی لە یەمەن و سوریا و لوبنانن.