بۆردومان کردنی حوسییەکانی سەر بە ئێران بەردەوامە

هاوپەیمانێتی لەشکریی بە سەرکردایەتی عەرەبستانی سعودیە کە پشتیوانی لە حکومەتی یەمەن دەکات دەڵێت 105 چەکداری حوسییەکان کوژراون لە ئاکامی ئەو هێرشە ئاسمانیانەی لە ناوچەکانی نزیک شاری ستراتیژی مەئربەوە کراون.

ئەمەش دواترین ئاماری کوژرانی حوسیەکانە لەسەرجەم ئەو 1700 حوسییەی لە ماوەی 2 هەفتەی ڕابردوودا کوژراون لە ئاکامی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانێتی لە دەروبەری شاری مەئرب، دوا پێگەی ئەو حکومەتەی لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی دانیپێدانراوە.

شاری مەئرب دەکەوێتە باکوری یەمەن و دەوڵەمەندە بە نەوت.

حوسییەکان کە کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانیان دەکات، زۆر بە دەگمەن باس لە زیانە گیانییەکان بکەن.

بەپێی ئاژانسی فەرمی دەنگوباسی عەرەبستانی سعودیە وەک دەڵێت "لە هێرشە ئاسمانییەکانی24 کاتژمێری ڕابردوودا 13 ماشێنی لەشکریی تێکشکێندراون و 105 یاخیبووی حوسی کوژراون."

هێرشە ئاسمانییەکان کراونەتە سەر ناوچەکانی ئەلجەوبا کە نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە باشوری شاری مەئربەوە دورە و هەروەهاش ناوچەی ئەلکەسارە کە 30 کیلۆمەتر لە باکوری ڕۆژئاوای ئەو شارە ستراتیژیەوە دورە.

لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا، هاوپەیمانێتی بە سەرکردایەتی عەرەبستانی سعودیە، هێرشە ئاسمانییەکانی چڕ کردۆتەوە بۆسەر دەوروبەری شاری مەئرب.

لە مانگی دووی ڕابردوودا، حوسییەکان هێرشی سەرەکی خۆیان دەستپێکرد بۆ دەستبەسەردا گرتنی مەئرب و لە مانگی 9یشەوە پاش هێورکردنەوەیەکی کاتی دەستیان کردۆتەوە بە هێرشکردن.

دەیان هەزار کەس لە قەیرانی یەمەندا کوژراون و بە ملیۆنان خەڵکیش ئاوارە بوون.

نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم قەیرانەی یەمەن بە بەدترین قەیرانی مرۆیی لە جیهاندا ناودێر دەکات.