سوریا، وڵاتی ئیسرائیل گوناهبار دەکات بە هێرشکردنە سەر باشوری وڵاتەکە، بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەک باس بکات.
ڕێکخراوێکی چاودێریکردنی شەڕ دەڵێت، بەرەبەیانێکی زوو هێرشێک لە ناوچەی قونەیترە لە باشوری سوریا ڕوویداوە و لەو هێرشەدا دوو بنکەی سەربازی کراونەتە ئامانج.
ئەو 2 بنکە سەربازییە دەکەونە لێوارەکانی بەرزاییەکانی جۆلانەوە کە لەژێر دەستی ئیسرائیلدایە.
ڕوانگە، ڕێکخراوی سوریایی بۆ چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ، بنکە لە لەندەن دەڵێت، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردۆتە سەر ئەو 2 بنکە سەربازییە و لە ئاکامی ئەو هێرشانەش ژمارەیەکی زۆری کەرەستە و کەلوپەلە لەشکرییەکان تێکشکاون.
تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ ڕاپۆرتێک لەسەر زیانی گیانی نەدراوە.
ئیسرائیل، زۆر بە دەگمەن تێبینی و سەرنج لەسەر ئەو جۆرە ڕاپۆرتانە بدات، بەڵام چەندان ساڵە سەدان هێرشی ئاسمانی کردۆتە سەر ئەو بنکە لەشکریانەی بە ئێرانەوە گرێدراون.
تەلئەڤیڤ، لەم چەند مانگەی ڕابردوودا هێرشەکانی خۆی لەناو سوریادا زیادکردوون. کاربەدەستانی ئیسرائیل نیگەرانییان هەیە لە هەروادێ و زیاتر بوونی ئامادەیی و کاریگەرییەکانی ئێران لە بەرەی باشورەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ دووشەممەی وەزارەتی دەرەوەی سوریادا کاربەدەستێک دەڵێت "ئەو هێرشە پێشێلکارییەکی تری ئیسرائیلە بۆ سەر سەروەری و شکۆی سوریا."
سانا، ئاژانسی فەرمی دەنگوباسی سوریا ئەو ڕاگەیەندراوەی بڵاوکردۆتەوە.