موسڵمانەکانی ڕۆهینگیا لە بەنگلادیش دەستگیر دەکرێن

هێزەکانی پۆلیس لە وڵاتی بەنگلادیش، 172 کەسی ڕۆهینگیایان دەستگیرکردووە لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا، پاش ئەو هەڵمەتانەی بەهۆی کوژرانی ڕێبەرێکی ناوداری کۆمەڵایەتییەوە دەستیان پێکرد.

موحیبوڵا، درەنگانێکی مانگی 9 تەقەی لێکرا و کوژرا لە ئۆردوگای پەنابەران لە شاری بەندەریی کۆکسس بازار، لەو ناوچەیەی زیاتر لە 700 هەزار کەمایەتی موسڵمانی بێ ڕەگەزنامەی تیادایە. ئەو موسڵمانانە لە ساڵی 2017دا بەهۆی سەرکوتکردنە لەشکرییەکانەوە لە میانمار ڕایانکردووە.

موحیبوڵا، تەمەن 48 ساڵ، داکۆکیکارێکی ناسراو بووە بۆ کۆمەڵگەی موسڵمانەکانی ڕۆهینگیا و چەند هەفتەیەک بەر لە کوژرانەکەی لەلایەن ڕێکخراوی میلیشیایی "لەشکری ڕزگارکردنی ڕۆهینگیا لە ئاراکان" هەڕەشەی کوشتنی لێدەکرا.

لە نێو ئەوانەی دەستگیرکراون لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا، 10 کەسیان تیادایە و گومانبارن بە دەستهەبوون لەو کردەی کوشتنەدا، وەک نەعیمولهەق، سەرکردەی بەتالیۆنی هێزی چەکداری پۆلیس، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاندووە و دەشڵێت " هەڵمەتەکان دژی تاوانباران لە ئۆردوگاکاندا بەردەوام دەبن."

لە ڕاگەیەندراوەکەیدا نەعیمولهەق دەڵێت 114 کەسی تریش لە گیراوەکان وتوویانە سەر بە لەشکری ڕزگارکردنی ڕۆهینگیان لە ئاراکان.

بەنگلادیش وەک بارێکی باو نکوڵی دەکات لەوەی یاخیبووان لەناو ئۆردوگاکاندا جموجۆڵیان هەبێت و وەها باسی دەکات کە دەستە و تاقمە تاوانکارییەکان دەستیان هەیە لە توندوتیژییە چەکدارییەکان و قاچاغچێتی بەنگ و موخەدەرات و ناوی ئەو ڕێکخراوە بەکاردەهێنن بۆ بازرگانییە نایاساییەکانیان.

بەڵام کەسوکار و هاوکارانی موحیبوڵا، لۆمەی ئەو کردەی کوشتنەیان لە ئەستۆی لەشکری ڕزگارکردنی ڕۆهینگیا لە ئاراکان دەنێن و ئەم ڕێکخراوەش نکوڵی لەو گوناهبارکردنە دەکات.

هێزەکانی پۆلیس، جارێکی تریش زیاتر لە 70 کەسی لە شوێنێکی تر نیشتەجێ کردۆتەوە لەوانە ئەندامانی خێزانی ڕێبەرە کوژراوەکە و خزم و کەسوکاری 7 کەسی تر کە لە مانگی ڕابردوودا کوژرابوون هاوکاتی ئەو هێرشەی کرابووە سەر خوێندنگەیەکی ئیسلامی. ئەو هێرشەش لە ئەستۆی توندڕەوانی لەشکری ڕزگارکردنی ڕۆهینگیا لە ئاراکان نراوە.