سەرەک وەزیری ئەسیوبیا داوایەک لە لایەنگرانی دەکات

سەرەک وەزیری ئەسیوبیا داوا لە لایەنگرانی دەکات تا هەوڵەکانیان دوو هێندە بکەن لە شەڕی وڵاتەکەیدا، هاوکاتی ڕاگەیاندنەکانی هێزەکانی تیگرەی سەبارەت بەوەی دەستیان گرتووە بەسەر شارە سەرەکییەکان و هەروەهاش کۆنترۆڵ کردنی ئەو ڕێگە سەرەکییەی دەڕوات بۆ پایتەختی وڵاتەکە.

ئەم داوایەی ئەمڕۆ دووشەممەی سەرەک وەزیری ئەسیوبیا ئاماژەیە بە قۆناغێکی نوێی ئەو شەڕەی بۆتە مایەی کوژرانی هەزاران کەس لەوەتای ساڵی پارەوە کە لە نێوان هێزە سەربازییەکانی حکومەت و هێزەکانی تیگرەی لە ناوچەکانی باکوری ئەسیوبیا.

وتەبێژی سەرەک وەزیر، وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی دەنگوباسی ئەسیۆسێتد پرێسی نەداوەتە سەبارەت بە شوێنی ئێستای سەرەک وەزیر و هەروەهاش پلانەکانی بۆ سەردانیکردن.

ئابی ئەحمەد، سەرەک وەزیری ئەسیوبیا لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "هێزە سەربازییەکانی حکومەتی فێدراڵی لە 4 بەرەوە لە شەڕدان دژی هێزەکانی تیگرەی و دەشبێت بزانین هێزی سەرەکی دوژمن لە لاوازی و لە نائامادەیی ئێمەدایە."

هێزەکانی تیگرەی لە ڕۆژانی پشووی هەفتەدا بە ئاژانسی ئەسیۆسێتد پرێسیان ڕاگەیاندووە " ئامادەن بۆ تێکەڵ بوون لەگەڵ کۆمەڵە چەکدارێکی تردا و ئەو هێزە چەکدارەش بریتییە لە لەشکری ئازادکردنی ئۆرۆمۆ."

پێشتر و هەر لەمساڵدا تیگرەی هاوپەیمانێتییەکی پێکهێنا لەگەڵ لەشکری ئازادکردنی ئۆرۆمۆ.

هێزەکانی تیگرەی دەڵێن کۆنترۆڵی دوو شاری سەرەکییان کردووە، دێسێ و کۆمبۆلچا، بەڵام حکومەت نکوڵی لێدەکات.

دەشێت شەڕەکان بگەنە ناوچەی ئۆرۆمۆ کە دراوسێی ئەدیس ئەبابەی پایتەختی ئەسیوبیایە. پێشتر ئۆرۆمۆ نەژادەکان، ستایشی ئابییان دەکرد وەک یەکەم سەرەک وەزیری ئۆرۆمۆ نەژاد، بەڵام بێزارییان لەو کاتەوە دەستیپێکرد کە ڕێبەرە ڕاشکاوەکانی نەژادەکانی زیندانیکردن.