سەرۆکی ئەمەریکا داوا دەکات کۆنفرانسە لوتکەییەکەی گلاسکۆ ببێتە سەرەتایەک بۆ قۆناغێکی نوێی چارەسەرکردنی گۆڕانی کەشوهەوا لە جیهاندا.
سەرۆک جۆو بایدن، لە وتارەکەی ڕۆژی دووشەممەیدا بۆ ڕێبەرانی جیهان لە کۆنفرانسە لوتکەییەکەی گلاسکۆدا ئاماژەی بەوە کرد وەک دەڵێت "با ئێستا بکەینە سەرەتای قۆناغی خواست و داهێنان لە پێناو پاراستنی ئایندەی هاوبەشماندا."
سەرۆک بایدن لەم وتارەیدا باسی لە مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەواش کرد و دەڵێت "ئەم دیاردەیە مەترسییەکی گریمانەیی نییە، بەڵکو دیاردەیەکە، کاریگەرییە نەرێنییەکانی لە هەموو ناوچەکانی جیهاندا بینراون، لەوانە ئاگرکەوتنەوە و لافاو کە بوونەتە مایەی زیانی بە ملیار دۆلار."
سەرۆکی ئەمەریکا لە وتارەکەیدا ئەو پرسیارەش دەوروژێنێت سەبارەت بەوەی ئایا هەنگاو دەنرێت و ئایا ئەو کارانە دەکرێت کە پێویستن، دەشڵێت "ئەم قۆناغە نوێیە وەڵامی ئەو پرسیارانە دیاریدەکات."
سەرۆکی ئەمەریکا جەخت دەکاتەوە لەوەی ئەم قۆناغە یەکلاکەرەوە دەبێت و دەشڵێت "دەتوانین ڕێگە لە گۆڕانی کەشوهەوا بگرین ئەگەر هاوڕا بین و بە سووربوون و خواستەوە وابەستەی پەیمانەکانی خۆمان بین."
سەرۆک بایدن دەڵێت "لەوبڕوایەدام دەرفەتێکی گەورەمان لەبەردەمدایە، ئەم دەرفەتەش هەر تەنها بۆ ئەمەریکا نییە، بەڵکو بۆ هەمووانە تا وزەی خاوێن بەکاربهێنین و هەلی بە ملیۆن کار بڕەخسێندرێت و ژینگە بپارێزین."
سەرۆکی ئەمەریکا لە وتارەکەیدا باسی لە ستراتیژیەتی ئەمەریکاش کرد وەک دەڵێت بەو ئامانجەیە لەگەڵ هاتنی ساڵی 2050دا ڕێژەی گازەکانی ژینگە ناساز دەکەن، لە ئەمەریکادا بگاتە سفر.
ئامانجەکانی کۆنفرانسی لوتکەیی گلاسکۆ لە ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2015ی پاریسەوەیە کە وڵاتانی جیهان ڕێککەوتن لەسەر سنوردارکردنی گۆڕانی گەرما.
بۆریس جۆنسن، سەرەک وەزیری بەریتانیا لە وتارەکەیدا بۆ دەستپێکردنی کۆنفرانسەکە ئاگاهیدا بە ڕێبەرانی جیهان، وەک دەڵێت "ڕووبەڕووی بڕیاری توندی نەوەکانی داهاتوو دەبینەوە ئەگەر بێتوو هەنگاوی یەکلاکەرەوە نەنێین."
جۆنسن لە وتارکەیدا دەڵێت "ناتوانرێت توڕەیی و پشوودرێژی جیهان کۆنترۆڵ بکرێت ئەگەر ئەم کۆنفرانسەی گلاسکۆ نەکرێتە هەنگاوێکی ڕژد بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا."
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش داوا دەکات "مرۆڤایەتی ڕزگار بکرێت" لە ڕێی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەواوە و دەشڵێت لە پێناو ڕاگرتنی ئەوەی وەک دەڵێت "گۆڕەکانمان بە دەستی خۆمان هەڵکەنین."