19 وڵاتی جیهان بەڵێن دەدەن چیتر پشتیوانی دارایی پرۆژەکانی سوتەمەنی لە دەرەوەی وڵات نەکەن

بەلایەنی کەمەوە 19 وڵات، لەناویاندا وەبەرهێنەرە سەرەکیەکان لە ئەمەریکا و کەنەدا، ڕۆژی پێنجشەممە بەڵێنیاندا تا کۆتایی ساڵی 2022 کۆتایی بە هەموو پرۆژە سووتەمەنی وەک نەوت، گاز و خەڵوز لە دەرەوەی وڵات بهێنن.

بەیاننامەیەکی هاوبەش کە لە کۆبوونەوەی لوتکەی کەش و هەوای COP26دا بڵاوکرایەوە، دەڵێت" وەبەرهێنان لە پرۆژەکانی وزەی پەیوەندیدار بە سوتەمەنی بە شێوەیەکی سەرەکی هەردوو مەترسی کۆمەڵایەتی و ئابووری تێدا بەدی دەکرێت".

بەڵام سەرمایەدارە گەورە بیانیەکانی پرۆژەکانی سووتەمەنی، چین، ژاپۆن و کۆریای باشوور، لە لیستی ئەو وڵاتانەدا نەبوون کە لە بەیاننامەکەدا ناویان هاتووە.

لە دەمی ڕاگەیاندنی دەستپێشخەریەکە بۆ قەدەغەکردنی پڕۆژەی نەوت و گازی بیانی، وەزیری بازرگانی بەریتانیا گرێگ هاندس ڕایگەیاند" پێویستە دارایی گشتی بخەینە سەر لایەنە ڕاستەکەی مێژوو".

هەروەها ئاماژەی بە ئامانجی ڕێککەوتنی کەش و هەوای پاریس کرد بۆ کۆتاییهێنان بە خەرجی نێونەتەوەیی بۆ سەرجەم سووتەمەنیەکان.

پرۆژەی سووتەمەنی، ئەوانەن کە سوود لە تەکنەلۆجیا وەرناگرن بۆ هەڵمژینی گازی کاربۆن، کە دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە.