ئاڕاستەبوونی جنسی (sexual orientation) و ناسنامەی ڕەگەزی (gender identity) یەکێکە لە بابەتەکانی کۆمەڵگای مۆدێرن کە بووەتە جێگەی مشتومڕ. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، هەندێک لە پزیشکان و مامۆستایانی ئاینی کورد دەڵێن پێویستە تاکەکانی کۆمەڵگە زانیاری زیاتر لەم بارەوە کۆبکەنەوە و هۆشیاری گشتی دروست ببێت.
نگین جەعفەر، پسپۆڕی نەخۆشیەکانی ژنان و منداڵبوون لە نەخۆشخانەی زانکۆی ئۆغوس لە دانیمارک، دەڵێت هۆکارە جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان پاڵنەرن بۆ ئاڕاستەبوونی جنسی و دروسبتوونی ناسنامەی ڕەگەزی.
ئەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "جنسی من سروشتی من دروستیکردووە، چۆن لەدایکبووم؛ دوای ئەوە دەروون کاریگەری هەیە نەک هەر لە یەک لاوە بەڵکو لە هەزار ڕێگە ڕەنگە دەروونناسی و خودناسی خۆمان بەپێی تێپەڕینی کات حەز و ئارەزومان بۆ هەڵئەبژێرێ؛ وە کۆمەڵگاش. من کە لە دایک دەبم، هەر کە دێمە خوارەوە، مامانەکە دەڵێت کچە. واتا هەر لەگەڵ بوونم مۆرێکی کۆمەڵگا لە ناوچەوانم درا...... ئێمەی مرۆڤ بە ڕووکەشی دەرەوە سەیر دەکەین. بۆ دەبێت گەر منداڵێک لەدایک بێت پێی بڵێین کوڕ یا کچ؟ ئێمە وا باشترە بڵێین ئەمڕۆ مرۆڤێکمان بوو و با سروشتی ئەو مرۆڤە بڕیار بدات کە ئەو چییە."
ئاڕاستەبوونی جنسی لە کۆمەڵگەدا دابەشکراوە بۆ چەند گروپێک، لەوانە: جیاڕەگەزخوازی، هاوڕەگەزخوازی، وە جووتڕەگەزخوازی. هەندێک جار “asexuality” بە گروپێکی تر هەژماردەکرێت بۆ ئەو کەسانەی کە ئارەزووی جنسیان بۆ هیچ کەس نییە. بەڵام ناسنامەی ڕەگەزی ئاماژەیە بۆ خودناسی و پێناسەی کەسێک لە لایەنی ڕەگەزیەوە. بۆ نمونە، ترانسجێندەر بەو کەسە دەڵێن گەر هاتوو هەست بکات کە ناسنامەی ڕەگەزی لە ناخەوە گونجاو نییە لەگەڵ ئەو ڕەگەزەی کە لە منداڵیەوە لەلایەن کۆمەڵگە بۆی دیاریکراوە. لە هەمان کاتدا، بۆ ئەو کەسانەی کە لەڕووی جەستەییەوە ناڕوونی لە ڕەگەزنامە و ئاڕاستەی جنسیان هەیە، لە کۆمەڵگەی کوردی زۆر جار دەستەواژەی "نێرەموک" بەکار دەهێندرێت کە لای هەنێک لە شارەزایان دەستەواژەیەکی پەسند نییە.
نگین جەعفەر، کە خوێنەری ماستەرە لە بواری سێکسۆلۆجی و سێ ساڵ لە نەخۆشخانەی زانکۆی ئۆدێنس کاریکردووە لەسەر پێدانی هۆڕمۆن بۆ ترانسجێندەرەکان، دەڵێت، " کە گوێم لە دەستەواژە کوردیەکان دەبێت وەک چەکوشێک سەیریان دەکەم کە هەستی مرۆڤ و کەسانی تریان پێدادەکوترێت بۆ ئەوەی کەس نەوێرێت بڵێت من هاوڕەگەزخوازم."
بەختیار کەمال تاڵەبانی، دەرچووی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی سلێمانی کە ئێستا مامۆستای کۆلێژی تەکنیکی سلێمانیـیە بە پلەی پرۆفیسۆری یاریدەدەر، هاوڕایە کە پاڵنەرە جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتیەکان بەرپرسن لە ئاڕاستەبوونی جنسی و ناسنامەی ڕەگەزی.
ئەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەم حاڵەتە هیچ گوناهێکی کچەکە یان کوڕەکەی تێدانییە. ڕاستە تۆ دەڵێیت ئەو تاوانبارە چۆن وەها بیردەکاتەوە، بەڵام خوێنەر دەبێت بزانێت کە ئەو لە ناخیدا وەهایە. کە ئێمە دەڵێین جینات و بۆ ماوەییە، کەواتە تێکەڵاوی زمانی دەبێت، تێکەڵاوی چاوی دەبێت، وە تێکەڵاوی گوێچکەی دەبێت چونکە خۆمان دەزانین کە جین لە نوکی سەرەوە بیگرە هەتاوەکو نینۆکی قاچەوە، تەنانەت تێکەڵاودەبێت بۆ سنگی بۆ قاچ و بۆ سمتی بۆ زەکەری. هیچ گومانمان لەوە نیە کە هیچ ئەندامێکی لەش نییە کاریگەری ئەو کرۆمۆسۆم و بۆ ماوەییەی لەسەر نەبێت."
توێژینەوە جیهانیەکان
لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین لێکۆڵینەوە زانستی کراوە بۆ تێگەیشتن لە پاڵنەرەکانی ئاڕاستەبوونی جنسی و ناسنامەی ڕەگەزی. لە مانگی هەشتی ساڵی 2019 ، لە جۆرناڵی زانست (Science) لێکۆڵینەوەیەکی بایۆلۆجی کە لەسەر نزیکی نیو ملیۆن کەس ئەنجام درا لە ئەمەریکا و بەریتانیا و سوید بۆ دۆزینەوەی جینەکانی تایبەت بە ئاڕاستەبوونی جنسی. ئەنجامدەرانی لێکۆڵینەوەکە دەڵێن بۆیان دەرکەوتووە کە ناتواندرێت 'جینی هاوڕەگەزخوازی' یان 'جینی جیاڕەگەزخوازی' دیاریبکرێت چونکە پاڵنەرەکانی بایۆلۆجی و سایکۆلۆژی و ئەزمونی ژیان هەموویان بەرپرسن.
مانگی هەشتی ئەمساڵ، لێکۆڵینەوەیەکی فراوانی تر ئەنجامدرا لەلایەن شارەزایانی زانکۆی کوینسلاند لە ئوسترالیا، بە پشتبەستن بە داتای جینی زیاتر لە 800 هەزار کەس، ڕوونیکردەوە کە ئەو فرمانە جینیانەی دەبنە هۆی هاوڕەگەزخوازی ڕەنگە لە هەمان کاتدا یارمەتیدەربن لە وەچەخستنەوە. ئەو لێکۆڵینەوەیە دەڵێت دەرکەوتووە کە ئەو کەسانەی ئەزموونی هاوڕەگەزخوازیان کردووە جینی هاوبەشیان هەیە لەگەڵ ئەو جیاڕەگەزخوازانەی کە خۆیان بەسەرکەش دەزانن. لە هەمان کاتدا، لێکۆڵینەوەکە دەڵێت هاوبەشیەکی "بچوک" هەیە لە نێوان ئەو کەسە جیاڕەگەزخوازانەی کە جینەکانیان گرێدراوە بە هاوڕەگەزخوازی لەگەل ئەو کەسانەی کە بە سەرنجڕاکێش دیاری دەکرێن.
بەڵام هەندێک لە شارەزایان ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە ڕەتدەکەنەوە، بە تایبەت بەهۆی ئەوەی توێژەرەوەکان پشتیان بەستووە بەو داتایانەی کە لە ئەمەریکا و بەریتانیا کۆکراونەتەوە و زۆربەی بەشداربوانی لەو ساڵانە لەدایکبوون کە هاوڕەگەزخوازی لە خۆرئاوا نایاسایی بووە و لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە هێشتا پەسەند نەبووە.
بە گوێرەی نگین جەعفەر، " تا ئێستا هیچ پشکنینێکی DNAنییە کە بتوانێت لە منداڵییەوە ڕەگەزی کەسەکە دیاری بکات بەوەی کە هاوڕەگەزخوازە یا ترانسجێندەرە."
'بابەتێکی ئاڵۆز'
لە هەمان کاتدا، ئەم پزیشکە کوردەی دانیشتوی دانیمارک ئەوە ڕەتدەکاتەوە کە ئاڕاستەبوونی جنسی بگۆردرێت یا ببێتە هۆی بڵاوکردنەوەی نەخۆشی یا بگوازرێتەوە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر. ئەو ڕایگەیاند، "هاوڕەگەزخوازی چارەسەر ناکرێت. ئەو کەسانەی ترانسجێندەرن بە حەب و دەرمان ناگۆڕدرێن. مرۆڤێک کە هەستی هاوڕەگەزخوازی تێدابوو یان ترانسجێندەر بوو ناتوانیت بڵێیت من دەرمانت دەدەمێ بۆ ئەوەی ئەو هەستەت تێدا بکوژم."
دکتۆر نگین دەڵێت گومانی تێدانییە کە "ئەمە بابەتێکی زۆر ئاڵۆزە بەڵام ئێمە دەبێت چاومان بکەینەوە و ڕۆشن فکر بین." ئەو ڕایگەیاند کە زۆر لە کۆمەڵگاکان بە هەستیاریەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە دەکەن چونکە "هەموو شتێکی باس نەکراو و هەمووشتێکی شاراوە ترس دروست دەکات لەوەی کە سیستەم بشێوێت."
سەرەڕای هەوڵەکان بۆ پەردەپۆشکردنی بابەتەکە، نگین جەعفەر دەڵێت چەندین کورد لە ڕابردوودا پەیوەندیان پێوەکردووە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی ژیانیان: "ژن پەیوەندی پێوەکردووم گوتویەتی من سێ منداڵم هەیە لە چوارچێوەی هاوسەرگیریەکدا کە هاوژینەکەم پیاوە، بەڵام هەر جارێک کە لەگەڵمدا دەخەوێت وەک ئەوە وایە دەستدرێژیم بکاتە سەر. پیاوی کورد هەیە هاوڕەگەزخوازە تەلەفۆنم بۆ دەکات دەڵێت، 'با ژن بێنم، چاک دەبم.' من پێی دەڵێم، ' گوێبگرە تۆ ناتوانی ژن بێنیت، کوڕێکی 32 ساڵیت، چونکە گەر ژن بێنیت ئەو کەسەش کۆڵەوار دەکەیت بەوەی کە وەکو داپۆشینی برینێک بەکاریدەهێنیت. من نامەوێت کچەکەم لەگەڵ هاوڕەگەزخوازێک بژیت بۆ ئەوەی ئەو کوڕە چاکبکاتەوە؛ دەمەوێت هاوڕەگەزخوازەکە بە بەختەوەری بژێت و کچەکەم لەگەڵ کوڕێک بژێت کە ئارەزووی ژیان دەکات لەگەڵی."
'چوارچێوەی سۆزداری'
بە گوێرەی بەختیار تاڵەبانی، کە نزیک 18 ساڵە پزیشکە و ئێستا لە هەمان کاتدا مامۆستای دەرونناسیە لە زانکۆی سلێمانی بەشی پەرستاری، پاڵنەرێکی سەرەکی بۆ شاردنەوەی بابەتەکە پەیوەستە بە کورتکردنەوەی لە چوارچێوەیەکی سۆزداری.
ئەو ڕایگەیاند، "تکادەکەم لە هاوڵاتیان و خوێنەرانی ئەو بابەتە کە ئەو حاڵەتە تەنیا بە لایەنە جنسیەکە لێکنەدەنەوە. مەرج نییە ئەوەی ترانسجێندەرە مەبەستی جووتبون بێت لەگەڵ هاوڕەگەزی خۆیدا. بەشێکی کەمی پەیوەندی بە سێکسەوە هەیە. کێشەی ئێمە لە کوردستان ئەوەیە کە دەڵێی هاوڕەگەزخواز خەڵکی بە تەواوی لە بابەتی سێکسدا لێکیدەدەنەوە. لەم جۆرە کەسانە، لە کچان و لە کوڕان، من هەندێکیانم بینیوە کە ڕەنگە قێز لە سێکس بکەنەوە، جا سێکس لەگەڵ هاوڕەگەزی خۆیدا بێت یان لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەردا. بەڵام لایەنەکانی تری ژیانی دەگۆڕێت، بابەتی پەیوەندیـیەکانی و حەز و ئارەزوەکانی دەگۆڕێت و بابەتی هەڵسوکەوتی دەگۆڕێت. ئەمە خاڵێکی گرنگە کە هاوڵاتیان تێیبگەن بەوەی کە نەیبەینە ناوچەی شەرم و شورەیی چونکە دوایی کێشە و نەهامەتی دروستدەکات."
ئەم پزیشکەی شاری سلێمانی بە پێویستی دەزانێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند کەسێکی پسپۆڕ بنێرێت بۆ دەرەوەی وڵات بۆ ئەوەی لەسەر ئەم بابەتە دکتۆرا بهێنن "بە تایبەت لە بواری ئندۆکڕاینۆلۆجی." لە هەمان کاتدا، دەڵێت پێویستە سەنتەرێک دیاری بکرێت و لیژنەی پسپۆر دابین بکرێت، بە ڕەچاوکردنی پاراستنی ناسنامەی ئەو کەسانە، بۆ پێشکەشکردنی یارمەتی پزیشکی و دەروونی. خاڵی سێیەم، ئەو پێی وایە، دەبێ یاسایەک هەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو بابەتە و بۆ ئەوەی" بیانپارێزێت لە هەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی."
دکتۆر بەختیار ڕایگەیاند کە مامۆستایانی ئاینیش دەتوانن ڕۆڵی کاریگەر ببینن بۆ ئەوەی "ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە بگۆڕدرێت."لەپاڵ ئەوەشدا، ئەو دەڵێت، "ڕەنگە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو جۆرە کەسانە هاوکار بێت. کێشەیەکی ترمان ئەوەیە ئەو جۆرە کەسانە لە کوردستان کە قسەدەکەن تەنیا لێدوانە سێکسیەکانیان لێوەردەگیرێت و بەو جۆرە بابەتەکە زەق دەکرێتەوە لە ڕاگەیاندنەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان. ئەگەر ئەوە کاڵ بکرێتەوە و ئەو تەفسیرە هەڵەیە ڕاستبکرێتەوە و چاکبرێتەوە ڕەنگە کەسانێک هەبن هاوسۆزبن لەگەڵیاندا و ئەوانیش خۆش بژین لە ژیاندا و ئەوەندە ناڕەحەت نەبن و بیر لەوە نەکەنەوە کە کۆچ بکەن و شار و شار و وڵات و وڵات سەری خۆیان هەڵبگرن."
ڕۆڵی مامۆستایانی ئاینی
مامۆستایانی ئاینی زانکۆی ئەزهەر لە ساڵی 1988 دا نەشتەرگەری بۆ کەسانی ترانسجێندەر ڕێگەپێدراوە. هەتا ئێستا لە یاساکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئاماژە بەم بابەتە نەکراوە.
مەغدید تەها، شارەزا لە فیقهی ئیسلامی و پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی سەڵاحەدین، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "من وەکو ئاگاداربم گۆڕینی ڕەگەز لە ڕووی ئاینی پیرۆزی ئیسلام ڕێگەپێدراو نییە لەبەر ئەوەی خودای گەورە مرۆڤی لە دوو ڕەگەز دروستکردووە. تەنها ئەوەی ڕێگەپێدراو بێ لە ئاینی پیرۆزی ئیسلام بۆ ئەوانەیە کە پێیان دەڵێین نێرەموک بۆ ئەو کەسانەی کە لایەنی نێرینە و مێینەی تێدابێ دوای ئەوەی توێژینەوەی لەسەر دەکرێت لەلایەن پزیشکی پسپۆڕ."
مامۆستا مەغدید، کە خاوەن ماستەر و دکتۆرایە لە فیقهی ئیسلامی و فیقهی موقارەن لە زانکۆی بەغدا، دەڵێت مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە خۆیان بە جیاڕەگەزخواز نازانن لە ئیسلامدا بە شێوەیەکی گشتی ناڕوونە و شارەزایانی ئیسلامی بە گوێرەی کات و شوێن لێکدانەوەی جیاوازیان بۆ کردووە.
ئەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام ڕێگەی نەداوە بە ئازاردانی ئەو کەسانە یاخود بە نەفرەتلێکردنی ئەو کەسانە. ئەو کەسانە خۆیان و خوای خۆیان. ئەو مرۆڤە، وەک کەسێک، لەوانەیە گوناحێکی کردبێت بێ ئەمری خوای کردبێت. بەڵام خۆی کەسێکە کە بڕیاری ئەوەی داوە. لەوانەیە کەسێک بێت لە ڕووی ئاینی و ڕوحی و دەرونیەوە زۆریش خوا پەرست بێت و لە خوا بترسێت بەڵام وای پێباشە. ئەمە خۆی و خوای خۆی و شتێک نییە کە مرۆڤەکانی تر دەستکاری بکەن و مرۆڤەکانی تر بڕیاری لەسەر بدەن و حوکمی لەسەر بدەن."
'چیرۆکی قەومی لووت'
لە کۆمەڵگە ئیسلامیەکان هەڵسوکەوت بەرامبەر بە هاوڕەگەزخوازان بە تایبەت توندترە. دژبەرەکانی هاوڕەگەزخوازی بە تایبەت ئاماژە بە چیرۆکی 'قەومی لووت' دەکەن لە قورئانی پیرۆز وەک بەڵگەی سەرەکی بۆ ئەم بابەتە. لە گێڕانەوەکەدا چەند پیاوانی کۆمەڵگەکە داوا لە پێغەمبەر لووت دەکەن کە ڕێگەیان بدات دەستدرێژی جنسی بکەنە سەر چەند فریشتەیەکی خودا کە لەسەر شێوەی پیاون و بۆ ڕێنوێنی هاتوون. هەندێک لە شارەزایانی ئیسلامی دەڵێن چیرۆکی لەناوبردنی ئەو کۆمەلگەیە لە کۆتاییدا بە هۆی دیاردەی "هاوڕەگەزبازی" بوو. بەڵام هەندێک لە شارەزایانی تری ئیسلامی هاوڕانین و دەڵێن سەرزەنشتکردنی کۆمەڵگاکە بۆ دەستدرێژی سێکسی بووە نەک هاوڕەگەزخوازی.
ئەمەش ببینە ئێلیسا عەلی نەژاد: هەست دەکەم ئێستا وەک پەپولە ئازادممەغدید تەها، کە لە ساڵی 1996 وە مامۆستای ئاینییە و ئێستا وتاربێژە لە مزگەوتی حاجی بەکری زێڕنگەر لە گەڕەکی ئیسکان لە هەولێر، سەبارەت بە گێڕانەوەکانی قورئانی پیرۆز بۆ 'قەومی لووت' ڕایگەیاند، "ئەو ئایەتە بە هیچ جۆرێک نابێتە بەڵگە لەسەر سزادانی ئەو جۆرە کەسانە . ئەوانە لەبەر ئەو تاوانە سزا نەدراون. یەکەم شت باوەڕیان بە خودا نەبووە، دووەم ئازاری پێغەمبەرەکەیان داوە و پێشێلی فەرمانی خودایان کردووە؛ خودا چەندین جار هۆشیاری پێداون و ئاگاداری کردونەوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەگەڕاونەتەوە."
مامۆستاکە ڕایگەیاند، "من بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدانیم ئەم جۆرە کەسانە سوکایەتیان پێبکرێت. هەڵەیە زۆر زۆر." ئەو بە توندی ڕەفتارەکانی گروپە توندڕەوەکانی وەک داعشی ڕەتکردەوە لەم بارەوە.
لە ماوەی دەستبەسەرداگرتنی چەندین ناوچەی فراوان لە عێراق و سوریا، لە نێوان ساڵانی 2014 هەتا 2019، گروپی داعش چەندین کەسی کوشت بە فڕیدانەخوارەوەیان لەسەر باڵەخانەکان بە تۆمەتی هاوڕەگەزخوازی.
سەبارەت بە ڕەفتارەی گروپەکە مەغدید تەها ڕایگەیاند، "ناکرێت ئەوە بخەینە ئەستۆی ئیسلام ، بە ڕاستی ، چونکە ئەو حوکمە حوکمێکی تاکڕەوییە و نە قورئان وای فەرمووە و نە فەرمودەکانی پێغەمبەر لەسەر ئەوە هەیە ... ئەوەی کە ئەوان پشتیان پێبەستووە بیروڕای کۆمەڵێک فوقەهایە کە ئێمە ناچارنین لە هیچ سەردەمێک کاری پێبکەین."
ئەمەش ببینە گرفتی هاوڕەگەزخوازان لە هەرێمی کوردستانئەو زیاتر لەم بارەوە ڕوونکردنەوەی دا و وتی: " ئەگەر کەسانێک حوکم دەدەن ئەمە زیاتر شەخسییە و شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام ڕێگەی نەداوە کەس دەستدرێژی بکاتە سەر کەسێکی تر و مافی کەسێکی تر بخوا ئەگەر کەسەکەش هەڵە بێت چونکە دوو جۆر هەڵە هەیە؛ جۆرێکیان ئەوانەن کە مرۆڤ دەیانکات لە نێوان خۆی و خوای خۆیەتی و هەندێکیشیان کاریگەریان لەسەر خەڵکە، بۆیە ئاینی پیرۆزی ئیسلام سزای دیاریکردووە بۆ ئەو کەسانەی کە هەڵە دەکەن بەرامبەر بە خەڵک و مافی خەڵک دەخۆن و زوڵم و ستەم لە خەڵک دەکەن و تەجاوزی مافی خەڵکی تر دەکەن. بەڵام ئەگەر کەسێک لە نێوان خۆی و خوای خۆی تاوانێکی کرد ئەمە کەمتر سزای تێدا هەیە چونکە بەینی خۆی و خوای خۆیەتی و کاتێک تۆبە دەکات و دەگەڕێتەوە ئاساییە کە خوای گەورە لێی خۆشبێت چونکە خوای گەورە زۆر بە سۆزە لەگەڵ بەندەکانی."
لە کۆتاییدا، مەغدید تەها جەختیکردەوە لەسەر پێویستی بڵاوبونەوەی هۆشیاری ئاینی و یاسایی بە پشتبەستن بە دەقە پیرۆزەکان لە قورئان و وتەکانی پێغەمبەر موحەمەد. ئەو لە هەمان کاتدا دەڵێت، "مرۆڤ هاوبەشیەکی زۆر زۆر گەورەیە لە نێوانمان."
ئەو ڕایگەیاند، "من زۆر جار ئامۆژگاری خەڵک دەکەم دەڵێم با پلانی بەهەشتیمان هەبێت نەک پلانی دۆزەخی. ئێمە کە بەندەی خوداینە پێویستە ڕێ نیشاندەری خەڵک بین بۆ بەهەشت. ئەو فکرە توندڕەویە کە بەردەوام بیر لە کوشتن و بڕین دەکاتەوە چارەسەر نییە ."