کاردانەوەکان لەسەر هەوڵە سەرنەگرتووەکەی کوشتنی سەرەک وەزیری عێراق

ئەو هێرشەی بە 3 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بە بۆمب چێنراو کرایە سەر ماڵی سەرەک وەزیری عێراق، کاردانەوەی نێونەتەوەیی و ناوخۆییشی بەدوای خۆیدا هێناوە.

بەرهەم ساڵح، سەرۆکی کۆماری عێراق، هەوڵی کوشتنی موستەفا ئەلکازمی، سەرەک وەزیری وڵاتەکەی بە "هەوڵی کودەتا بەسەر سیستەمی دەستوریی عێراقدا" ناودێر دەکات.

سەرۆکی عێراق دەڵێت "نابێت عێراق بخزێندرێتە ناو ئاژاوە و هەروەها کودەتاکردن دژی سیستەمی دەستورییەوە."


موقتەدا ئەلسەدر، سەرۆکی ڕەوتی سەدر کە لە هەڵبژاردنەکەی 10ی مانگی 10ی عێراقدا، زۆرترین کورسییەکانی پەرلەمانی وڵاتەکەی بەدەستهێنا، ناڕەزایی بەرامبەر بەو هێرشە دەربڕیوە و دەڵێت "هێرشێکە کراوەتە سەر عێراق و سەر گەلی عێراق."

یونامی "دەستەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق" داوایەک ئاڕاستەی عێراقییەکان دەکات بۆ هێورکردنەوەی ڕەوشەکە و دەڵێت "داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین لە عێراقدا تا بە ئەرکی بەرپرسیارانەی خۆیان هەڵسن و ڕەوشەکە ئارام بکرێتەوە و بەشداربن لە دیالۆگدا بۆ دورکەوتنەوە لە پشێوی سیاسی و بەرژەوەندی نیشتمانیی عێراق بپارێزن."
زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکانی عێراقیش بە لایەنە کوردەکانیشەوە ناڕەزاییان دەربڕیوە بەرامبەر ئەو هەوڵەی بۆ کوشتنی موستەفا ئەلکازمی، سەرەک وەزیری عێراق درا.

سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق ناڕەزایی دەربڕیوە بەرامبەر ئەو هەوڵەی بۆ کوژرانی موستەفا ئەلکازمی درا.


نێچیرڤان بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەنوسێت "ئەو کارە تێرۆریستییە، پەرەسەندنێکی مەترسیدارە."

واشنتۆن وەها باس لەو هەوڵە سەرنەگرتووە دەکات بۆ کوژرانی موستەفا ئەلکازمی وەک دەڵێت "پێدەچێت کارێکی تێرۆریستی بێت."

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا هاتووە "ئاسودەین بە بیستنی ئەوەی سەرەک وەزیران سەلامەتە. ئەم کارەئاشکرا تیرۆریزمەی کە بە توندی ئیدانەی دەکەین، لە ناوجەرگەی دەوڵەتی عێراقدا ڕوویداوە. ئێمە لە نزیکەوە لەگەڵ هێزە ئاسایشییەکانی عێراق کە بەرپرسیارن لە چەسپاندنی سەروەری و سەربەخۆیی عێراق لە پەیوەندیداین و هاوکاریمان پێشکەش کردوون لە کاتێکدا لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم هێرشە دەکەن. بەڵێنەکانمان بۆ هاوبەشە عێراقییەکانمان بەردەوامە. ئەمەریکا پشتیوانی لە حکومەت و گەلی عێراقی دەکات."

ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی دەڵێت "بە توندترین شێوە ناڕەزایی دەردەبڕین دژی ئەو هەوڵەی بۆ کوشتنی سەرەک وەزیری عێراق دراوە و ئەو هێرشە کارێکی تێرۆریستییە و یەکپارچەیی و ئاسایش و سەقامگیری عێراق کراوەتە ئامانج."

عەبدولفەتاح ئەلسیسی، سەرۆکی میسر دەڵێت "بە نیگەرانییەوە لەم هەوڵە بۆ کوشتنی سەرەک وەزیری عێراق دەڕوانم و داوای پاراستنی لە پەروەردگار دەکەم و ئاسایش و سەقامگیری بۆ عێراق و بۆ گەلی عێراق بێنە ئاراوە."

کۆماری ئیسلامی ئێران ناڕەزایی دەربڕیوە دژی ئەو هەوڵەی بۆ کوشتنی ئەلکازمی دراوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕاستەخۆ لۆمەی ئەمەریکای کردووە و دەڵێت "ئەم جۆرە ڕووداوانە لە بەرژەوەندی ئەوانەدان کە سەقامگیری و ئاسایش و سەربەخۆیی و سەروەریی عێراقیان پێشێلکردووە لەم 18 ساڵەی ڕابردوودا."

بەریتانیا و هاوپەیمانێتی ناتۆ و ژمارەیەکی بەرچاوی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و کۆمکاری عەرەب، شانشینی ئوردون، لوبنان، قەتەر، شانشینی عەرەبستانی سعودیە، سوریا، میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب ناڕەزاییان بەرامبەر بەو هێرشە دەربڕیوە کە کرایە سەر ماڵی سەرەک وەزیری عێراق لە ناوچەی سەوزی بەغدا.