فەرمانبەرانی گرێبەست بەردەوامن لە ناڕەزایەتیەکانیان لە پارێزگای هەڵەبجە

فەرمانبەرانی گرێبەست لە فەرمانگەکانی هەڵەبجە کە ژمارەیان زیاتر لە500 فەرمانبەرە بایکۆتی ڕاپەڕاندنی ئیشوکارەکانی هاوڵاتیانیان کردوە و داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەن بە شێوەیەکی یاسایی کە سەرجەم ڕێکارەکانی گرێبەست بوونیان تەواو کردوە بکرێنە هەمیشەیی و ڕۆژانەش لە ڕێگەی خۆپیشاندانەکانەوە داواکاریەکانیان ئاڕاستەی حکومەت دەکەن .

فەرمانبەرانی گرێبەست لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە ماوەی 3 هەفتەیە مانگرتنیان لە کارەکانیان ڕاگەیاندوە و مامەڵەی هاوڵاتیان ڕاناپەڕێنێن، و دەڵێن "بەپێی ڕێنوماییەکان دوای تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر دەست بەکاربوونماندا دەبوو بکراینایە بە هەمیشەیی،" دەشڵێن لە90% ی کارمەندەکان سێ ساڵیان تەواو کردوە.

سالار جەبار، نوێنەری کارمەندە گرێبەستەکان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند " ئێمە 553 فەرمانبەرین و خزمەتمان لە 4 ساڵەوە بۆ 15 ساڵ تێدایە، هەمانە تەمەنی نزیک بوەتەوە لە خانەنشینی هێشتا نەکراوە بە هەمیشەیی داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاژەکانمان بکاتە هەمیشەیی ."

ڕەنجەدەر نەجمەدین، فەرمانبەری گرێبەستە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند " بە پێی یاسای پەرلەمانی کوردستان دەبوو دوای سێ ساڵ ڕاژەکانمان بکرێت بە هەمیشەیی ، ئێمە تا ئەو کاتە مافەکانمان بۆ دابین دەکرێت بەردەوام دەبین لە بایکۆت ، لە ساڵانی قەیرانی داراییدا ئەرکەکانمان جێنەهێشت کە تەنها 50% مووچەکانمان وەردەگرت."

بەختیار مەحمود، فەرمانبەرێکی دیکەی گرێبەستە و لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند "هەڵەبجە پارێزگایەکی نوێیە و گرفتێکی گەورەی لە میلاکات هەیە، داوا دەکەین ئێمە بکرێینە هەمیشەیی و بە تەنسیب بمانێرنە دامەزراوە حکومیەکان."

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەی وەک فەرمانبەرانی گرێبەست دەڵێن ڕێکارەکانی دامەزراندی بۆ ئەنجام داون، بەڵام بە هۆی قەیرانی داراییەوە تا ئێستا کۆتا واژۆی بوون بە هەمیشەیان لە ئەنجومەنی وەزیران ڕاگیراوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێی ڕاگەیاندون کار لەسەر داواکاریەکانیان دەکەن.

زانیاری زیاتر لە ڕاپۆرتی فەرحان هەورامانی، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکادایە.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی فەرحان هەورامانی، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا