پۆڵەندا و بیلاڕووسیا ڕۆژی سێشەممە ناکۆکبوون لەسەر هەزاران کۆچبەری کە هەوڵ دەدەن بچنە نێو وڵاتی پۆلەندای ئەندامی یەکێتی ئەوروپاوە، لە کاتێکدا وارشۆ دەڵێت ئەم شەپۆلە هەڕەشە دەکاتە سەر ئاسایشی تەواوی هەرێمەکە.
مینسک هۆشداری دا لە دژی "وروژاندنی ناکۆکی" لەسەر سنوور کە هاوکاتی ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوولا هێزە چەکدارەکانی هەردوو وڵات بڵاوکراونەتەوە.
بە هەزاران کەس کە زۆربەیان بەهۆی شەڕ و هەژاری لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەڵاتوون بەهیوای چوون بەرەو بارودۆخێکی باشتر، ئێستا لەو سنوورەی نێوان ئەو دوو وڵاتەدا گیریان خواردووە هاوکاتی سەرمایەکی بێئەندازە لە ناوچەکە.
یەکێتی ئەوروپا، ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ سەرۆک کۆماری دەسەڵاتداری بیلاڕووسیا تۆمەتبار دەکات بە ڕێکخستنی قەیرانەکە لە تۆڵەی سزاکانی ڕۆژئاوا لەسەر مینسک، بەڵام ئەو تۆمەتەکان ڕەتدەکاتەوە.
سەرۆک وەزیری پۆڵەندا مەتەیوش مۆرۆڤیتسکی ڕۆژی سێشەممە گوتی وارشۆ بەردەوام دەبێت لەگێڕانەوەی پەنابەرەکان.
مۆرۆڤیتسکی لە تویتێکدا ڕایگەیاند " داخستنی سنوورەکانی پۆڵەندا بەرژەوەندی نیشتمانیمانە. بەڵام ئەمڕۆ سەقامگیری و ئاسایشی تەواوی ئەوروپا لە مەترسیدایە. ئامانجی ئەم هێرشەی ڕژێمی لوکاشینکۆ هەموومانە. ئێمە چاوترسێن ناکرێین و بەرگری لە ئاشتی لە ئەوروپا دەکەین لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ناتۆ و یەکێتی ئەوروپادا."
حکومەتەکەی سەرۆکی بیلاڕووسیا ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، کە ڕووسیا پشتیوانی دەکات، نکوڵی لەوە دەکات بووبێتە مایەی قەیرانی پەنابەران لەو سنوورە و ئەورپا و ئەمەریکا تۆمەتبار دەکات بۆ هەڵاتنی ئەو خەڵکە.
کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی سێشەممە گوتی بیلاڕووسیا کارێکی"چەتەئاسا"ی گرتووەتەبەر بۆ ئەم مەبەستە بە شێوەیەکی نایاسایی ڕێگەی داوە کۆچبەران بە ڕێگای سنوورەکەی بچنە نێو یەکێتی ئەوروپاوە. گوتیشی سزای زیاتر دەخرێتە سەر مینسک.
ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) داوای کردووە کۆتایی بە بەوە بهێنرێت کە خەڵکی بێتاوان بۆ مەبەستی سیاسی بەکاربهێنرێن. یەکێتی ئەوروپا تا ئەندازەیەک ڕێککەوتنی ئاسانکاری ڤیزایان بۆ بەرپرسانی بیلاڕووسیا ڕاگرتووە.