بڕیارە لیژنەیەکی کاربەدەستە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان سەردانی وڵاتانی بێلاڕوس، پۆڵەندا و لیتوانیا بکەن بە مەبەستی ئەوەی لە نزیکەوە هەوڵ بدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو کۆچبەرانەی لە هەرێمی کوردستانەوە ڕوویان لەو وڵاتانە کردووە و لەسەر سنوور و ناو وڵاتەکان توشی کێشەو گرفت بوون.
رێبوار بابکەیی سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوە و ڕەوەندی کوردی لە پەرلەمانی کوردستانی عێراق بۆ دەنگی ئەمەریکا گووتی" ئەمڕۆ کۆبوونەوەی خۆمان کرد و بەرنامە و ئەجێندای سەردانەکەمان دیاریکرد کە لەگەڵ بەرپرسانی ئەم وڵاتانە و پەنابەرانی خۆمان و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی بواری مرۆیی و بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپاش کۆدەبینەوە و لەسەر دوو ئاست قسەیان لەگەڵ دەکەین، یەکێکیان ئەوەیە کە ئایا بەپێی رێکەوتنی ژنێڤی پەیوەست بە مافی پەنابەران هەمان هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم کەیسە دەکەن و لەسەر ئاستی دووهەم ئایا ڕەوشی پەنابەرانمان چیە و خەڵکێک ڕەنگ بێت داوای گەڕانەوە بکات و دواجاریش لەگەڵ حکومەتی عێراقی بتوانین ئەوەی لە توانادا هەبێت بکرێت".
بەسەدان کەس لەو کۆچبەرانەی کە ڕوویان کردووەتە سەر سنوورەکانی بێلاڕوس، پۆڵەندا و لیتوانیا کردووە خەڵکی هەرێمی کوردستانن و هەوڵ دەدەن خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا بۆ ژیان و نیشتەجێبوون. وەک خۆیان دەڵێن هۆکار گەلێک هەبوون تا بەهۆیەوە لە هەرێمی کوردستانەوە کۆچیان کردووە لەو هۆکارانەش کەمی خزمەتگوزاریەکان و نەبوونی دەرفەتی کاری وەک پێویست و دانەمەزراندنی گەنجان و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان و جۆرەها هۆکار و کێشە و گرفتی تر.
سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوە و ڕەوەندی کوردی دەشڵێت " بە دەیان خەڵک پەیوەندی پێوەکردووم و حەز دەکات بگەڕێتەوە ئێمەش هەوڵ دەدەین ئاسانکاریان بۆ بکەین و بیانگەرێنینەوە و ئەوانەشی کە نایانەوێ بگەڕێنەوە ئەمە مافێکی سروشتی خۆیانە ئێمە ناتوانین هیچ پەنابەرێک بە زۆر بگەڕێنینەوە بەڵام پێویستە حکومەتی ئەو وڵاتانە مامەڵەیەکی باشتريان لەگەڵدا بکات و خواردنیان بۆ دابین بکات و دەمانەوێ بزانین کە ئایا حکومەتی ئەو وڵاتانە تا چەند مامەڵەیەکی تەندروستیان لەگەڵدا دەکەن، بۆ نموونە پەنابەرانی ئێمە ئەوانەی لە نێو کەمپەکانی پۆڵەندان چارەنوسیان بەکوێ دەگات ولە نزیکترین کاتيشدا لیژنەکەی ئێمە دەڕوات تا بزانێت چارەنووسی ئەو پەنابەرانە چی دەبێت، ڕەنگە ڕۆژانە بە سەدان کەس بگاتە ئەو وڵاتانە".
ژمارەیەکی زۆر لەو کۆچبەرە کوردانەی کە ڕوویان لە وڵاتانی بێلاڕوس و پۆڵەندا و لیتوانیا کردووە لە سەر سنوودرەکانی ئەو وڵاتانەدا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە و گرفت هاتوون بۆیە داوای هاوکاری بەپەلە دەکەن تا چیتر ڕەوشیان بەرەو خراپتر نەچێت و چارەسەری کێشەکانیان بکرێت.
Your browser doesn’t support HTML5