گرفتی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک لە ئەمەریکا

بانکەکانی خۆراک لە ئەمەریکا کە مامەڵە لەگەڵ داواکارییە زیادبووەکانی خۆراک بۆ ئەو خێزانانە دەکەن کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە زیانیان پێگەیشتبوو، لە ئێستادا ڕووبەڕووی ئاستەنگێکی نوێ دەبنەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک لە سەرانسەری وڵاتەکەدا.

تێچووی زیاتر و سنوورداری دەستکەوتنی کەرەستەکان مانای ئەوەیە کە هەندێک لە خێزانەکان لەوانەیە خزمەتێکی کەمتریان بکرێت و خۆراکی کەمتریان دەستبکەوێت.

لە کاتێکدا وەرزی پشووەکانی ساڵ نزیک دەبێتەوە هەندێک لە بانکەکانی خۆراک نیگەرانی ئەوەن نەتوانن بە باشی پێداویستیەکانی سفرەی جەژنی سوپاسگوزاری و کرسمس (جەژنی لەدایک بوونی پێغەمبەر عیسا) بۆ خێزانەکان دابین بکەن.

کەیتی فیتسجێرڵد بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕێکخراوی Feeding Americaڕێکخراوێکی قازانج وەرنەگرە و هەماهەنگی دەکات لەگەڵ نزیکەی 200 بانکی خۆراکی ئەمەریکا بە ئاژانسی ئەسۆسیەیتدی گوتووە " ئەوکاتەی کە نرخی خۆراک بەرزدەبێتەوە مەترسی خۆراک دەستنەکەوتن بۆ ئەوانە دەستپێدەکات کە خۆیان لە خۆیاندا کێشەیان هەیە و دەستیان بە خۆراکی تەندروست ڕاناگات."

ئەو گوتیشی ئەو بانکانەی خۆراککە فراوان بوون بۆ ئەوەی داواکاری بێوێنەی خۆراک دابین بکەن کە بەهۆی پەتاکەوە زیادی کردبوو ناتوانن بۆ هەمیشەیی خەرجیەکانی خۆراک کە دوو تا سێ هێند بووە لە ئەستۆبگرن.

تێکچوونی زنجیرەی دابینکردنی خۆراک، کەمبوونەوەی کەرەستە و کەمی کارکەر هەمووی بوون بەهۆی زیادبوونی خەرجییەکان بۆ ڕێکخراوە خێرخوازەکان کە لە ئەمەریکا دەیان ملیۆن کەس پشتیان پێ دەبەستێت بۆ خۆراک وەرگرتن.

.