فیستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵیەکان لە هەولێر

فیستیڤاڵی بەرهەمی ناوخۆ لە هەولێر

خاوەن كار و بەرهەمە خۆماڵیەكان و بەشێكی زۆر لە هاووڵاتیانی شار و شارۆچكە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان ئامادەی فیستیڤاڵی هەنار و ناساندنی بەرهەمە خۆماڵیەكان بوون بۆ كڕین و فرۆشتن و ساخبوونەوەی ئەو بەرهەمانە.

ئاراس مزوری بە بەرهەمەكانی دەڤەری بارزان بەشداری لە فیستیڤاڵەكەدا كردووە بە دەنگی ئەمەریكا دەڵێت " بەچل و پێنج بەرهەمی خۆماڵی بەشداریم لەم فیستیڤاڵەدا كردووە كە هەموویان بەرهەمی دەڤەری بارزانن وەكو هەنگوین و گوێز و سیسی و كەزان و بنێشت و تەحین و دۆشاو و كەشكە و ڕوونی ئاژەڵان و پەنیری كوردی و زۆر شتی تر، ئەم بەرهەمانە سودێكی زۆر بە ئێمە و خەڵكیش دەگەیەنن چونكە هەموویان خۆماڵین".

فیستیڤاڵی بەرهەمی ناوخۆ لە هەولێر

ئەوانەی كە بەرهەمەكانیان لەم فیستیڤاڵەدا ساخكردووەتەوە لە شارە جیاوازەكانەوە بەشدارببوون وەكو سلێمانی، هەڵەبجە، دهوک، هەولێر و دەڤەری بارزان و چەندین ناوچەی تری هەرێمی كوردستان.

بینەر تاهیر خاوەنی كارگەی بنیشتی كوردی لە هەڵەبجە بە دەنگی ئەمەریكای وت" زۆر بە باشی پێشوازی لە بەروبومەكەی ئێمە كراوە چونكە بەرهەمەكانمان بە تەواوی سروشتی و خۆماڵین، بەزۆری لەم فیستیڤاڵەدا لەبەر ئەوەی بە بەرهەمی خۆماڵی ناسراوە و فیستیڤاڵی هەناربوو و ئازاد هەڵەبجەیی جوتیارە نموونەكەی هەڵەبجە ڕێكیخستبوو هەناری هەڵەبجەیی و گوێزی هەورامان و ڕۆن و بادەمی كوردی و بنێشتی ئەسڵی كوردی و هەنگوین و هەنجیری خۆمان و بەرهەمەكانی تریشی تێدابوو و دەفرۆشران".

فیستیڤاڵی بەرهەمی ناوخۆ لە هەولێر

لە بەشێكی تری ئەم فیستیڤاڵەدا گرووپێكی خاوەن پێداویستی تایبەت بەرهەمەكانیان هێنابوو و كە هەموو ئەو كارە دەستیانەی ساڵانێكی زۆر لە ماڵەوە سەرقاڵی ئامادەكردنی بوونە نمایشیان دەكرد و بە خەڵكیان ناساند بۆ كڕین و فرۆشتن.

فیستیڤاڵی بەرهەمی ناوخۆ لە هەولێر

سروە جەباری چاڵاكوانی خاوەن پێداویستی تایبەت گووتی" وەكو گرووپی خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان كارە دەستیەكانمان نمایش كردووە و سودێكی زۆری هەبووە بۆ ئەو خاوەن پێداویستیە تایبەتانە چونكە لە ڕووی مادی و مەعنەویشەوە سودێكی زۆری دەبێت بۆ ئەم توێژەی كۆمەڵگا كە كەلوپەلەكانیان دەكەنە داهاتێكیش بۆ خۆیان، دیوێكی تریش ئەوەیە كە ئەم خاوەن پێداویستیە تایبەتانە بەهرە و تواناكانیان پێشانی هاوڵاتیان دەدەن كە كاری وەها دەكەن زۆر كەسی تر ناتوانێت ئەنجامیان بدات".

فیستیڤاڵی بەرهەمی ناوخۆ لە هەولێر

ساڵانە ئەم جۆرە فیستیڤاڵانە لە پێش پاركی شانەدەری شاری هەولێر بەڕێوەدەچن و خەڵكیش ڕوو لە كڕینی ئەو بەرهەمانە دەكات هەم بۆ پێداویستی خۆیان و هەمیش بۆ ساخكردنەوەی بەرهەمی ئەو كەسانەی كە هەوڵی ناساندن و ساخكردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی و داهینان دەدەن تا زیاتر ئاشنایەتی بۆ ئەو بەرهەمە خۆماڵیانە دروست بكرێت و سودی زۆریشی هەبێت بۆ كومەلگا و داهاتێك بۆ وڵات زیادبكرێت.

Your browser doesn’t support HTML5

ئەحمەد زێباری