تاڵیبان هێرشێکی دەستپێکردووە بۆ سەر حەشارگە گومان لێکراوەکانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە باشوری ئەفغانستان، وەک کاربەدستان دەڵێن.
ئەم هێرشەی تاڵیبان دوابەدوای هەروادێ و زیاتربوونی هێرشە خوێناوییەکانی ئەو ڕێکخراوەیە لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا.
عەبدولغەفار موحەمەدی، سەرۆکی پۆلیسی هەرێمی قەندەهار، کە سەر بە تاڵیبانە دەڵێت "ئەم کردە لەشکرییە دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی -خۆراسان لە دەوروبەری نیوەشەوەوە دەستیپێکردوو تا زوویەکی ئەمڕۆ دووشەممە، هێرشەکەش لە چوار ناوچەی هەرێمی قەندەهارەوە کراوە."
موحەمەدی دەشڵێت "تا ئێستا 4 داعش کوژراون و 10 داعشیش دەستگیرکراون و داعشێکیش لەناو ماڵێکدا خۆی تەقاندۆتەوە."
کارمەندێکی دەزگای هەواڵگری تاڵیبان، کە نەیویست ناوی خۆی بۆ ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پرێس ئاشکرا بکات، ئاماژەی بە کوژرانی بەلانیکەم 3 کەسی سیڤیل کردووە لەو هێرشەدا.
میدیای خۆجێیی لە زاری کاربەدەستێکی تاڵیبانەوە دەڵێن، هەر ئەمڕۆ دووشەممە، تەقینەوەیەکیش لە دەوروبەری ڕۆژئاوای کابوڵ ڕوویداوە بەبێ ئەوەی زیانی گیانی هەبێت.
لەم چەند مانگەی ڕابردوودا کە تاڵیبان دەستی گرتووە بەسەر دەسەڵاتدا لە ئەفغانستان، دەوڵەتی ئیسلامی -خۆراسان جموجۆڵی زۆر بووە لە ناوچەکانی جەلالئاباد و کوندوز و قەندەهار و هەروەها کابوڵ.
لە مانگی ڕابردوودا، داعشی خۆراسان بەرپرسیارێتی خۆی ڕاگەیاند لە تەقینەوە خۆکوژییەکەی لە حوسەینیەیەکی قەندەهاردا کرا و بەلانیکەم 60 کەسی تیادا کوژران و دەیان کەسیشی تیادا بریندار بوون.
ئەو تەقینەوە خۆکوژییەش، یەک هەفتە پاش تەقینەوەیەکی تری خوێناوی بوو لە مزگەوتێکی باکوری هەرێمی کوندوزدا و داعشی خۆراسان بەرپرسیارێتی خۆی لەو تەقینەوەیەش ڕاگەیاند کە زیاتر لە 60 کەسی تیادا کوژران.
دەوڵەتی ئیسلامی – خۆراسان، ڕۆژی یەکشەممەش بەرپرسیارێتی خۆی ڕاگەیاند لە تێکشکاندنەکەی پاس یان ئۆتۆبیسێکی بچوک لە کابوڵ لە ڕۆژانی پشووی هەفتەدا و لەو هێرشەشدا ڕۆژنامەوانێکی ناودار و دوو کەسیش کوژران.