4 وەزیری تری سوریایی سزا دەدرێن

یەکێتی ئەوروپا سزای سەپاندۆتە سەر 4 وەزیری حکومەتی سوریا کە بەم دواییە پۆستی وەزارەتیان وەرگرتووە.

یەکێتی ئەوروپا دەڵێت ئەو وەزیرانە ڕۆڵیان هەیە لە بەردەوامی سەرکوتکردنی خەڵکی سیڤیل لە سوریای بە شەڕ وێرانبوودا.

سڕ کردنی سامانەکان و قەدەغەکردنی هاتوچۆ بۆ ئەوروپا لەسەر ئەو 4 وەزیرە دانراون.

وەزیرەکانی ناوخۆ و ڕاگەیاندن و بازرگانی و کار ئەم بڕیارەی ئەمڕۆ دووشەممەی یەکێتی ئەوروپا دەیانگرێتەوە.

هەر 4 وەزیرەکەش بە هەبوونی بەرپرسیارێتی گوناهبارکراون لەو سەرکوتکردنانەی حکومەتی سوریا دەیانکات دژ بە دانیشتوانی سیڤیل لە وڵاتەکەدا.

بەم 4 وەزیرەی سوریاوە، تا ئێستا یەکێتی ئەوروپا سزای 287 کاربەدەستی ئەو ولاتەی داوە، بێجگە لەو 70 لایەنەی وەک ڕێکخراو و بانک و کۆمپانیا کە ناویان خراوەتە لیستی ڕەشەوە بەهۆی سودیان لە پەیوەندییەکانیان بینیوە لەگەڵ ڕژێمی سوریادا.