سەرەک وەزیرانی پۆڵەندا قەیرانی پەنابەرانی سەر سنوری وڵاتەکەی لەگەڵ بێلاڕوس بە "گەورەترین هەوڵی ناسەقامگیرکردنی ئەوروپا لەوەتای شەڕی ساردەوە" ناودێر دەکات.
ئەم لێدوانەی ئەمڕۆ یەکشەممەی ماتیۆز مۆراوسکی، هاوکاتە لەگەڵ خۆ ئامادەکردنەکانیدا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ڕێبەرانی یەکێتی ئەوروپادا لەکاتێکدا وارشۆ هەر تەنها ڕووبەڕووی کێشەی سنور نەبۆتەوە، بەڵکو لەگەڵ برۆکسلیشدا لە کێشەدایە بەهۆی ئەو قسەوباسانەی دەکرێن سەبارەت بەوەی پۆڵەندا وابەستە نییە بە پرەنسیپە دیموکراتییەکانی یەکێتی ئەوروپاوە.
وڵاتانی ڕۆژئاوا، بێلاڕوس گوناهبار دەکەن بەوەی قەیران دروست دەکات بەهۆی کۆچبەرانەوە (زۆربەیان خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن) و پەیمانیشیان دەداتێ کە بە ئاسانی دەپەڕنەوە بۆ ناو سنوری یەکێتی ئەوروپا.
مینسک، نکوڵی لەو گوناهبارکردنە دەکات و ڕەخنەش لە یەکێتی ئەوروپا دەگرێت وەک دەڵێت "کۆچبەران وەرناگرێت."
بەپێی ڕاپۆرتەکان، کۆچبەران لەلایەن کاربەدەستانی بێلاڕوسەوە ناچار دەکرێن بچنە ناو سنوری پۆڵەنداوە و دەسەڵاتدارانی پۆڵەنداش ڕێگەیان نادەن.
مۆراوسکی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەنوسێت "ئەلیکساندەر لۆکاشینکۆ، سەرۆکی بێلاڕوس، شەڕێکی دووبەرەکی نانەوەی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا دەستپێکردوە و پۆڵەنداش ملکەچی ناچارکردن نابێت و هەرچییەکیشی لەدەست بێت دەیکات بۆ پارێزگاریکردن لە سنورەکانی یەکێتی ئەوروپا."
سەرەک وەزیری پۆڵەندا ئاگاهیش دەدات و دەڵێت "ئەوڕۆ پۆڵەندا بە ئامانج کراوە و سبەینێ ئەڵمانیا و بەلژیک و فەڕەنسا و ئیسپانیا دەکرێنە ئامانج."
سەرەک وەزیری پۆڵەندا ڕیدەگەیەنێت لۆکاشینکۆ پشتیوانکارەکەی پشتی ڤلادمیر پوتن، سەرکی ڕوسیایە.