سەرۆکی دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی سەردانی تاران دەکات

ڕافائێل گرۆسی،سەرۆکی دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی

کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێت هیوادارە سەردانەکەی سەرۆکی دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی بۆ تاران "سەردانێکی بونیاتنەر" بێت.

ئەم لێدوانەی ئەمڕۆ دووشەممەی ئێران لە کاتێکدایە تەنها چەند ڕۆژێک ماوە بۆ دەستپێکردنەوەی گەڕێکی تری وتووێژە ناوکییەکان لە ڤییەننا.

ڕافائێل گرۆسی، سەرۆکی دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی، بڕیارە درەنگانێکی ئەمڕۆ دووشەممە بگاتە تاران.

وەهاش چاوەڕوان دەکرێت، ڕافائێل لەگەڵ حوسەین ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران و هەروەهاش لەگەڵ موحەمەد ئیسلامی، جێگری سەرۆکی ئێران و سەرۆکی دەزگای ئەتۆمیدا، کۆببێتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت "هیوادارین ئەم سەردانەی ڕافائێل گرۆسی، سەردانێکی بە بەرهەم بێت وەک سەردانەکانی پێشووی."

سەعید خەتیبزادە، لە لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەیدا ئاماژەیشی بەوە کردووە وەک دەڵێت "هەمیشە ئامۆژگاریمان داوەتە دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی تا لەسەر ڕێڕەوەی هاوکارییە تەکنیکییەکان بێت و ڕێگەش نەدات هەندێک وڵاتی دیاریکراو هەوڵی سەپاندنی کارنامەی سیاسی خۆیان بدەن بە ناوی ئەم دەزگایەوە."

دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، ئێران جارێکی تریش ڕێژەی عەمارکراوی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئاست بەرزی زیاتر کردووە و زۆر زیاتریشە لەوەی لە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015دا بۆی دیاریکراوە.

ئەم سەردانەی ڕافائیڵ گرۆسی، هاوکاتە لەگەڵ خۆئامادەکردنەکانی ئێراندا بۆ گەڕێکی تری دانوستاندنی ناوکی لەگەڵ زلهێزەکانی ڕۆژئاوادا کە بڕیارە ڕۆژی 29ی ئەم مانگی 11یە لە ڤییەننا دەستپێبکەنەوە بە مەبەستی بوژاندنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015.

بەپێی ئەو ڕێککەوتنە سزاکان لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران هێور دەکرێنەوە لەبەرامبەر سنوردارکردنێکی بەرچاوی بەرنامە ناوکییەکەی ئێراندا.

خەتیبزادە دەڵێت "بە خواستێکی زۆرەوە بۆ هەڵگرتنی سزاکان، تیمێکی تەواوەتی ئێران دەڕوات بەرەو ڤییەننا و پێویستیشە لایەنەکانی تریش بێنە ڤییەننا تا بگەینە ڕێککەوتنێکی پراکتیکی و هەمەلایەن."

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئەگەر دانوستاندنەکان شکستیان هێنا، ئایا هیچ ترس و نیگەرانییەک هەیە لەوەی ئەمەریکا هێزی لەشکری بەکاربهێنێت؛ خەتیبزادە لە وەڵامدا ئاماژەی بە کشانەوەکەی مانگی هەشتی لەشکری ئەمەریکا کرد لە ئەفغانستان و دەڵێت "هەموو بژاردەکانیانمان بینی لە وڵاتێکی وەک ئەفغانستاندا و خۆیشیان بەرەنجامەکانی بژاردەکانیان بینی، بڕوا بەوە مەکە کە دەیڵێن."

ڕۆبێرت مالی، نێردراوی ئەمەریکا بۆ ئێران، ڕۆژی هەینی ئاگاهیدابوو کە تاران گەیشتۆتە خاڵێک و گەڕانەوەی نییە و دەشڵێت "کات بە بەریەوە نەماوە" بۆ بوژاندنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکە.