لەشکر ڕێبەرانی سیڤیلی سودان ئازاد دەکەن

خۆپیشاندانی سودانییەکان دژی فەرمانڕەوایەتی لەشکر بەردەوامە

دەسەڵاتدارانی سودان ژمارەیەک ڕێبەری سیڤیلی وڵاتەکەیان ئازاد کردوە کە لەوەتای کودەتا لەشکرییەکەی مانگی ڕابردووەوە دەستگیرکرابوون.

ئەم بڕیارانەش بۆ ئازادکردنی ڕێبەرانی سیڤیلی سودان هاوکاتی هەوڵەکانە بۆ هەبوونی پرۆسەیەکی لەرزۆکی قۆناغی گواستنەوە بەرەوە دیموکراتیەتێکی تەواوەتی لەو وڵاتەدا.

ئازادکردنی گیراوەکان لە درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممەوە دەستیان پێکردووە و وەک بەشێکیش لێی دەڕوانرێت لەو سەودایەی بۆ پێچەوانەکردنەوەی کودەتا لەشکرییەکە کراوە.

هەندێک لایەنی سیاسی سودان، لەوانە پارتی کۆنگرە ڕایان وەهایە ئەو جۆرە سەودایەی کراوە ڕەوایی دەدات بە بەردەوامیدان بە رژێمی کودەتاکەی مانگی ڕابردوو.

ژمارەیەکی بەرچاوی کەسایەتییە سیڤیلییە سەرەکییەکانی لە دوای کودەتاکەی لەشکرەوە دەستگیرکراون، هێشتا ئازاد نەکراون.

ژەنەراڵ عەبدولفەتاح ئەلبورهان مانگی ڕابردوو لەگەڵ کودەتا لەشکرییەکەیدا باری نائاسایی لە سوداندا ڕاگەیاند و دەستی گرت بەسەر حکومەتدا و بەمەش کۆتاییهێنا بە 2 ساڵی فەرمانڕەوایەتی سیڤیلی لە سوداندا.

وەک کاردانەوەیەکیش بەرامبەر ئەو کودەتایە، خۆپیشاندانی ةارەزایەتی دەربڕین لە سوداندا دەستیپێکرد و تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش زیاتر لە 40 خۆپیشاندەر لەو ولاتەدا کورژراون، بەپێی ئەو ئامارەی یەکێتی پزیشکانی لایەنگری دیموکراسی لە سودان بڵاویکردۆتەوە.

عەبدوڵا حەمدۆک، سەرەک وەزیری پێشووی سودانیش درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەەمە ئەو دەستبەسەرییەی لەسەری دانرابوو لە ماڵەکەی خۆیدا، لەسەری هەڵگیرا و بە فەرمی سەودایەکی 14 خاڵیی لەگەڵ ژەنەراڵ بورهاندا مۆرکرد و بەپێی ئەو خاڵانەش حەمدۆک وەک سەرەک وەزیری وڵاتەکە دادەنرێتەوە و دەستگیرکراوە سیاسییەکانیش ئازاد دەکرێن.

هەرچۆنێک بێت، شیکەرەوە ئاگاهیدەدەن سەبارەت بەو سەودایە و وەک دەڵێن "هەنگاوێکە بۆ پەرێز پاککردنەوەی کۆدەتا لەشکرییەکە" و دەشڵێن نازانرێت ئەم حکومەتەی حەمدۆک دەسەڵاتەکانی چەندێک دەبن و چۆنیش دەبن.

ئەم کابینەیەی حکومەتی سودان لەژێر چاودێری ئەنجومەنی فەرمانڕەوایەتی سوداندا دەبێت کە ئەنجومەنێکی لەشکرییە.

هەزاران خۆپیشاندەر لە چەندان شاری سوداندا ئەم سەودایەیان ڕەتکردۆتەوە و هاوار دەکەن "نا بۆ دەسەڵاتی لەشکر" و هەروەهاش داوای کشانەوەی تەواوەتی لەشکر دەکەن لە حکومەت.

کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئافریکا و نەرویژ و ئەمەریکا و عەرەبستانی سعودیە و میسریش، پێشوازییان لەو سەودایە کردووە.