گروپێکی مافەکانی مرۆڤ: ئێران بە لەسێدارەدانی گەنجەکان تاوانی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدات

گروپێکی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لە سێدارەدانی گەنجێک ڕۆژی چوارشەممە لە ئێران بۆ تاوانێکی کە پێش تەمەنی هەژدە ساڵی ئەنجامی داوە، دەچێتە خانەی " تاوانی نێونەتەوەیی" لە کاتێکیشدا ئەشکەنجەدراوە بۆ ئەوەی دان بەتاوانەکەیدا بهێنێت.

ئارمان عەبدوڵاهی تەمەن 25 ساڵان، بەهۆی گوایە کوشتنی کچە خۆشەویستەکەی، لەسێدارە درا. ئەمەش لەکاتێکدایە پێنج جار بەهۆی ناڕەزایی نێودەوڵەتی کاتی جێبەجێکردنی سزاکەی دووا خرابوو.

محەمەد ئەمیری موقەدەم سەرۆکی ڕێکخرای ناحکومەتیمافەکانی مرۆڤی ئێران (IHR) بکە لە ئۆسلۆ کە چاودێری لەسێدارەدانەکانی ئێران دەکات، دەڵێت " لەسێدارەدانی ئارمان عەبدوڵاهی تاوانێکی نێودەوڵەتییە."

لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت " جگە لەوەی بەهۆی گوایە تاوانێکەوە سزا دراوە کە لە کاتی ئەنجامدانیدا تەمەنی لە 18 ساڵ کەمتر بووە، کە ئەمە سەرپێچیکردنە لە یاسا نێودەوڵەتییەکان، لە هەمانکاتیشدا ئارمان لەسەر بنەمای ئەو دانپیادانانە سزادراوە کە لە ژێر ئەشکەنجەدا بەدەستهاتوون، بەبێ دادگاییکردنێکی ڕەوایانە."

موقەدەم گوتیشی " گواستنەوەی بەردەوامی بۆ لەسێدارەدان و پاشان گەڕانەوەی بەبێ هیچ شیکردنەوەیەک، بەردەوام ئەشکەنجەی دەروونی بوو بۆی."

ئەو داوایکرد سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی، کە پێش هەڵبژاردنی ئەم ساڵ سەرۆکی دادوەری بوو، بۆ لەسێدارەدانی عەبدوڵاهی بەرپرسیار بکرێت.

بە پێی ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی عەبدوڵاهی لە مانگی 12 ی ساڵی 2015 سزای مەرگی بەسەردا درا، بەڵام لە پرۆسەیەکی " دادگایی ئاشکرای ناڕەوادا" لەلایەن دادگایەک کە " پشتی بە بەدەستهێنانی دانپیادانان لەژێر ئەشکەنجە بەستبوو."

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران دەڵێت عەبدوڵاهی لە کاتی دەستگیرکردنیدا دانی بەوەدا نا، بەڵام هیچ کاتێک تەرمێک نەدۆزرایەوە و دواتر پاشگەزبۆوە. دەڵێت ئەو تەمەنی 17 ساڵ بوو ئەو کاتەی گوایە تاوانەکەی ئەنجام داوە.

عەبدوڵاهی کاتژمێر هەشتی شەوی ڕۆژی سێشەممەگوازرایەوە بۆ بەشی تاکەکەسیو بەر لە لەسێدارەدانی ڕێگەی پێنەدرا بۆ دواجار چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت.

ئێران ساڵانە لە هەموو وڵاتێک زیاتر بێجگە لە چین خەڵکی لەسێدارە دەدات.

ڕێکخراوی IHR دەڵێت لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا ئێران بەلایەنی کەم 64 تاونباری هەرزەکاری لەسێدارە داوە کە 4 یان لە ساڵی 2020 بوو.

نێوەندی مافەکانی مرۆڤی ئێرانی بنکە لە نیویۆرک CHRI دەڵێت " بەپێی پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافی مەدەنی و سیاسی و پەیماننامەی مافەکانی منداڵ، لەسێدارەدانی کەسێک بەهۆی تاوانێکی کە پێش تەمەنی18 ساڵی ئەنجامی دابێت نایاساییە."

ڕێکخراوەکە لە تویتێکدا نوسیویەتی " ئێران هەردوو پەیمانەکەی مۆر کردووە بەڵام هێشتا تاوانباری هەرزەکار سزای مەرگ دەدات."