ڕۆژی جیهانی بنبڕکردنی توندوتیژی دژ بە ژنان

بە دروشمی، جیهان پرتەقاڵی بکە و ئێستا کۆتایی بە توندوتیژی دژ بە ژنان بهێنە، ڕۆژی نێونەتەوەیی بۆ بنبڕکردنی توندوتیژی دژ بە ژنان لە 25ی مانگی 11 دەستیپێکرد.

وەکو هەموو ساڵێک لەم ساڵیشدا 16 ڕۆژ تەرخان کراوە بۆ چالاکییەکانی بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دژ بە ژنان لە جیهاندا. ڕەنگی پرتەقاڵی بۆ ئەم بۆنەیە تەرخان کراوە وەکو هێمایەک بۆ ئایندەیەکی پڕشنگداری بێ توندوتیژی.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاگەیاندنی ئەمساڵیدا دەڵێت "نزیکەی یەک لەسەر سێی ژنان لە ژیانی خۆیاندا هەراسانکردنیان بینیوە. لە کاتی قەیرانەکاندا ئەم ژمارەیە زیاتریشی کردووە هەروەکو چۆن لە دەمی پەتای کۆڤید19 و قەیرانە مرۆییەکانی ئەمدواییانە، ناکۆکی و کارەساتە سەروشتییەکاندا بەدیکراوە."

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆیۆ گۆتێرێش لە تویتێکدا ڕایگەیاند " زانیارییە نوێیەکان لەسەر ژنان لە 13 وڵاتانی جیاوازەوە دەریدەخەن،لەوەتای پەتای کۆرۆنا دەستیپێرکدووە دوو لەسەر سێی ژنان ڕایانگەیاندووە خۆیان یان ژنێکی کە دەیانسن ڕووبەڕووی جۆرێک لە جۆرەکانی توندوتیژی بوونەتەوە ".

لەو ڕاپۆرتەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کە سکرتێری گشتیش ئاماژەی پێکردووە ڕاگەیەندراوە تەنها لە دەیا 1 ژن وتوویەتی قوربانییەکە پۆلیسی ئاگادرا کردووەتەوە لە توندوتیژییەکانی کە دژی کراوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت "توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر بەرچاوترین پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤە. ئەمە نە شتێکی سروشتییە و نە دەبێت وابێت. دەکرێت و دەبێت ڕێگری لێبکرێت."

ماوەی ئەم دوو هەفتەیەدا تیشک دەخرێتە سەر ئەو کارانەش کە بۆ بنبڕکردنی توندوتیژییەکان لەسەر بنەمای جێدەری دەکرێن.

لە هەرێمی کوردستانیش گرنگی بەم چالاکییانە دەکرێت و ڕێکخراوەکانی ژنان چەندین چالاکی لەم بارەیەوە ئەنجام دەدەن.

خاتو توبا ئیلیاسی شارەزای بواری مافەکانی ژنان بنکە لە نەرویج لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا باس لە گرنگی ئەم ڕۆژە دەکات و دەڵێت ڕاستە خەبات بۆ بنبڕکردنی توندوتیژی دژ بە ژنانبۆ سەرانسەری جیهان گرنگە بەڵام " بۆ ژنی کورد گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە ئێمە لە کۆمەڵگەیەکداین کە بەداخەوە تاوەکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت کۆمەڵگەیەکی پیاوسالارە، کە نۆرمی دژە ژنی ئێجگار زۆر تێدایە. کۆمەڵگەیەکە کە توندوتیژی هەم جەستەیی، هەم دەروونی بەرامبەر بە ژنان زۆر تێدا ئەکرێت. ئەوەش هەر لە لێدانەوە بگرە، کە بە توندوتیژی جەستەیی ناسراوە، هەتا دەگاتە توندوتیژی دەرونی وەکو قسەو قسەڵۆک و تانەو تەشەری دژ بە ژنان هەتاوەکو دەستدرێژی سێکسی چ لە ناو بنەماڵە و چ لە دەرەوەی بنەماڵە و ژیانی هاوسەریدا."

هەرچەندە زۆربەی خەباتکارانی مافەکانی مرۆڤ و ژنان کۆکن لەسەر ئەوەی خەباتکردنی بۆ بنبڕکردنی توندوتیژی دژ بە ژنان شتێکی ڕۆژانەیەو دەبێت هەمیشە لە پێناوی دا تێبکۆشیت بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا خاتو توبا دەڵێت ڕاستە پێویستە هەمو ڕۆژێک لەو پێناوەدا خەبات بکرێتو تنها 16 ڕۆژ بەس نییە بۆ کارکردن لەمپێناوەدا "بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەو 16 ڕۆژەدا بە چالاکییەکان لەوبارەیەوە تۆ دەتوانیت سەرنجی تەواوی کۆمەڵگە بۆسەر بابەتی توندوتیژی ڕابکێشیت و کۆمەڵگە لەخەو ڕاپەڕێنیت کە توندوتیژی کارێکی خراپەو ئاکامی درەنجامی ئێجگار خراپی لەسەر جەستەی ژن، دەرونی ژن، بارودۆخی بنەماڵە و لەسەر کۆمەڵگەش دەبێت."

یەکێک لە بابەتەکانی لە ناوەڕۆکی دروشمی ئەمساڵدا گرنگی پێدراوە ئەوەیە کە بڕوا بە قوربانیانی توندوتیژی بکرێتڕێکخراوی ژنانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەکسانی جێندەر و بەدەسەڵاتکردنی ژنان لە تویتێکدا دەڵێت " هەرجارێک کە ژنێک قسە لەسەر ئەو توندوتیژییە سێکسیانە بکات کە بەسەری هاتووە و بڕوای پێنەکرێت، بازنەی دەستدرێژی بەردەوام دەبێت. هەر جارێک کە بەسەرهاتی قوربانییەکت بیست بڕوای گوێی بۆ ڕاگرە، بڕوای پێبکە و پشتیوانی لێبکە."

لە ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئاماژە بەوەش کراوە کە ڕۆژانە 137 ژن لە جیهاندا لەلایەن ئەندامانی خێزانەکانیانەوە دەکوژرێن.

ئەم هەڵمەتە ساڵانەیەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بنبڕکردنی توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان و کچان هەتا 10 ی مانگی 12 بەردەوام دەبێت.