ژمارەیەکی دیکە لەو کۆچبەرە کوردانەی بێلاروس گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان

ڕۆژی هەینی ژمارەیەکی تر لەو کۆچبەرە کوردانەی بێلاروس گەیشتنەوە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، یەکێک لەو کۆچبەرانە دەڵێت بە زۆر ئێمەیان گەڕاندەوە.

لە لایەکی ترەوە هەر ئەمڕۆ کۆمەڵێک کۆچبەری دیکە لە وڵاتی لیبیاوە گەیشتنەوە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کە ژمارەیان دەگاتە 40 کۆچبەر.

ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " هەموو ئەو کۆچبەرانە هاوڵاتی هەرێمی کوردستانن و ژمارەیان 40 کۆچبەرە، لە ڕۆژی 23ی مانگی 9ی ئەمساڵ ویستوویانە لە کەنارەکانی تورکیاوە خۆیان بگەیەننە ئیتاڵیا دوای ئەوەی کە یەختەکەیان لەکاردەکەوێت پاش دوو تا سێ شەو و ڕۆژ شەپۆلەکانی دەریا یەختەکەیان دەباتە کەنارەکانی لیبیا و لەوێ دەستگیرکراون و بۆ ماوەی دوو مانگ زیندانی کران

گوتیشی توانیومانە سەرجەم کاروبارە یاساییەکانیان بۆ جێبەجێ بکەین و بەشێوەیەکی پارێزراو بگەیەنرێنەوە فرۆکەخانەی سلێمانی و ڕادەستی کەسوکاریان بکرێنەوە".

کامەران عەزیز یەکێکە لەو کۆچبەرانەی لە بێلاروسەوە گەراوەتەوە بە دەنگی ئەمەریکای گوت" نزیکەی پازدەجار هەوڵماندا لە بێلاروسەوە بچینە ناو پۆڵەندا ئامادە نەبووین بگەڕێینەوە بۆ کوردستان بەڵام کە هاتینەوە بۆ مینسک تا خۆمان ئامادە بکەین و دووبارە بگەڕێینەوە بۆ سەر سنور پۆلیس ئێمەی دەستگیرکرد و ڕەوانەی فرۆکەخانەی کردین و بە زۆر ئێمەیان گەڕاندەوە.

سەبارەت بەو کۆچبەرانەی لە سەر سنور ماونەتەوە دەڵێت خانەوادە هەیە خواردن و هیچ شتێکی پێ نەماوە بەچی دەژین؟ ئەوانەی کە گەڕاونەتەوە خەڵکی هەولێر،خەبات، ڕانیە، حاجیاوا، شارەزوو، گەرمیان، سلێمانی، دهۆک و زاخۆی تێدایە".

جێی باسە بەپێی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو کۆچبەرانەی کە چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا لە بێلاروسەوە هاتوونەتە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ژمارەیان نزیکەی 430 کەسە، هەروەها سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن ژمارەی ئەو کۆچبەرە کوردانەی کە ئەمڕۆ ڕۆژی هەینی گەیشتوونەتە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر زیاتر لە 600 کۆچبەر دەبن و ژمارەیەکی تریش لەو کۆچبەرە کوردانەی لەسەر سنور و نێو وڵاتانی بێلاروس و پۆڵەندا و لیتوانا ماونەتەوە دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

Your browser doesn’t support HTML5

ئەحمەد زێباری