خوێندکاران کۆڵ نادەن و سەرۆکی حکومەتیش داوای ئارام گرتنیان لێدەکات

خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان جەخت لەسەر دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەکەن، تا ئەوکاتەی حکومەت داواکاریەکانیان جێبەجێ دەکات، سەرۆکی حکومەتیش داوایان لێدەکات خۆپیشاندانی مەدەنیانەی دوور لە توندوتیژی ئەنجام بدەن.

ماوەی چەند ڕۆژێکە و بۆ ڕێگرتن لە سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی، دەوام لە بەشێک لە زانکۆ و پەیمانگاکانی سنوری سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکان ڕاگیراوە، لە کاتێکدا خوێندکاران دەڵێن کۆڵ نادەن.

بیلال محەمەد یەکێک لە نوێنەرانی خوێندکارە ناڕازیەکانی زانکۆ، بەدەنگی ئەمەریکای وت"هەرکات دەوام کرایەوە، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەستپێدەکەینەوە، چونکە داواکاریەکانمان جێبەجێنەکراوە."

خەرجکردنی دەرماڵە، سەرەکیترین داواکاری خوێندکارانە، کە حکومەتی هەرێم لە ساڵی 2014 ەوە و بەهۆی قەیرانی داراییەوە ڕایگرتووە.

پەیوەند تاهیر یەکێک لە نوێنەرانی خوێندکارانی ناڕازی پەیمانگاکان، بەدەنگی ئەمەریکای وت"بەردەوام دەبین لە بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن، تا لایەنی پەیوەندیدار وەڵاممان دەداتەوە."

لە ئەنجامی ناڕەزایەتی خوێندکاران، لە بەشێک لە شاروشارۆچکەکان توندوتیژی لەنێوان خوێندکاران و هێزە ئەمنیەکان ڕوویدا، بەو هۆیەوە ژمارەیەک خۆپیشاندەر برینداربوون و ژمارەیەکیشیان لێ دەستگیرکرا.

ئەمڕۆ شەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتیش لەگەڵ ژمارەیەک خوێندکاردا کۆبوویەوە، داوای لێکردن گەر خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن، با مەدەنیانە و ئارام بێت، وتی"نوێنەرەکانتان بنێرنە لای حکومەت تا داواکاریەکانمان پێبگەیەنێت، بەڵام توندوتیژی ئازارمان دەدات."

خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ هاوکاتە لەگەڵ قوڵبوونەوەی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی، بۆیە ژمارەیەک کادیری نزیک لە لاهور شێخ جەنگی بەتۆمەتی دەستوەردان لەخۆپیشاندانەکان دەستگیرکراون.

Your browser doesn’t support HTML5

دڵشاد ناڕەزایی