هەسەدە 900 کەس ئازاد دەکات کە بە تۆمەتی ئەندامێتی داعش دەستگیرکرابوون

ڕۆژی 25ی ئەم مانگە هێزەکانی سوریای دیموکرات نزیکەی 900 کەسیان ئازاد کرد کە بە تۆمەتی ئەندامێتیان لەگەڵ داعش دەستگیرکرابوون.

بەگوێرەی ئاژانسێکی نزیک لە هەسەدە، زۆربەی زیندانییەکان خەڵکی ناوچەکانی دێرەزۆرن.

هەسەدە لە ڕاگەیەنراوێکی پێشووتردا گوتوبوی "دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە، ئەوە پشتڕاستکراوەتەوە کە ئەو سوریایانەی چوونە ناو داعشەوە ئازاد دەکرێن ئەگەر بەشدارییان لە خوێن ڕشتنی سوریاییەکاندا نەکردبێت و هیچ تاوانێکی کوشتنیان ئەنجام نەدابێت".

لەلایەکی ترەوە هەسەدە لیستێکی ناوی ئەو کەسانەی بڵاوکردۆتەوە کە ئازادکراون جگە لە بڵاوکردنەوەی ناوی ئەو شێخ و ڕیش سپیانەی کە بە کەفالەت ئازادکردنی ئەو زیندانیانەیان گرتۆتە ئەستۆ.

چاودێر دلبرین خەلۆ ڕایدەگەیەنێت کە ئەمە یەکەمجار نیە کۆمەڵێک لە ئەندامانی داعشی سوریایی ئازاد بکرێن.

وتیشی: پێشتر لە 15ی مانگی 2ی 2020دا، 631 زیندانی بە دەستپێشخەری ئەنجومەنی سوریایی دیموکراتیک کۆمەڵێکی دیکە لەلایەن هەسەدە ئازادکراون ".

جێی وەبیرهێنانەوەیە کە لە 10ی مانگی 10ی 2020 ئەنجومەنی گشتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بڕیاری لێبوردنی گشتی بۆ ئازادکردنی زیندانیانی سوریایی پەسەند کرد کە بە تۆمەتی ئەندامێتی داعش زیندانی کرابوون و لەلایەن مەسەدە پێشکەش کرابوو.

بەپێی بڕیاری ژمارە 5 ئەو سوریانەی چوونەتە ناو داعشەوە ئازاد دەکرێن ئەگەر تاوانی جددیان ئەنجام نەدابێت، ئەو کەسانەشی هیچ تۆمەتێکیان لەسەر نییە ئازاد دەکرێن.

Your browser doesn’t support HTML5

زانا عومەر