بەهای دراوی ئێرانی دەگاتە نزمترین ئاست

کەمبوونەوەی هیواکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران بووە بەهۆی ئەوەی نرخی دراوی ئێرانی بگاتە نزمترین ئاست.

ڕۆژی دووشەممە هەر دۆلارێکی ئەمەریکایی لە بازاڕی ئازادی دراو لە ئێراندا بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بە 31 هەزار و 40 تمەن ئاڵوگۆڕی پێکرا.

بەپێی ماڵپەڕی بونبەست کە نرخی دراوەکان لە ئێران بڵاودەکاتەوە، ڕۆژی یەکشەممەش هەر پاوەندێکی بەریتانیش بە 40 هەزار و 320 تمەن ئاڵوگۆڕی پێکراوە.

لە کاتێکدا لە ماوەی سەرۆکایەتی حەسەن ڕۆحانیدا، دابەزینی ئاستی بەهای ڕیاڵ تۆمار کرابوو، لە ئیستاشدا و لەسەردەمی ئیبراهیم ڕەئیسیدا بەهای دراوی ئێرانی دابەزیوە بۆ نزمترین ئاست.

دابەزینی بەهای ڕیاڵ کە دراوی ئێرانە، دەبێتە هۆی دابەزینی توانای کڕینی خەڵک و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا هاوردەکان.

حەوتەمین خولی دانوستانەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێرانڕۆژی دووشەممە 29ی مانگی11 لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا دەستیپێکرد و ڕۆژی هەینی کۆتایی هات.

ئانتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز گوتی پێناچێت ئێران لەبارەی ئەنجامدانی ئەو کارانەی کە پێویستە بۆ گەڕانەوە و پابەندبوونی دووبارە بە ڕێککەوتنەکە، جدی بێت.

هەروەها بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش ڕۆژی شەممە بە پەیامنێرانی گوت لەوانەیە ئێران ڕووبەڕووی سزای زۆرتر ببێتەوە ئەگەر بێتو ئەو وڵاتە ببێتە هۆی لەناوچوونی ڕێککەوتنە ناوکییەکە.

پێشتر کەمال سەید عەلی جێگری پێشووی دراوی بانکی ناوەندی ئێران ڕایگەیاندبوو کە درێژکردنەوەی ماوەی دانوستانە ناوەکییەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکە، گرنگترین فاکتەری بەرزبوونەوەی نرخی دراوە لە ئێران و گوتیشی"ئەگەر ڕێککەوتنەکە ئەنجام نەدرێت و گۆڕانکارییەک دروست نەبێت، ئەوا نرخی دۆلار لە 30هەزار تمەن تێدەپەڕێت، بەڵام ئەگەر ڕێککەوتنەکە زیندوو بکرێتەوە و ئەگەری فرۆشتنی 2.5 ملیۆن بەرمیل نەوتمان بۆ بڕەخسێت و بڕی داهاتی نەوتەکەمان زیاد بکات، ئەوا هیچ کێشەیەکمان نابێت لە بەڕێوەبردنی دراوی وڵاتدا."

بەرزبوونەوی نرخی دۆلار لە ئێران بە گشتی بەشێوەیەکی نەرێنی کاریگەری هەیە لەسەر نرخی کاڵاو خزمەتگوزارییەکانی دیکە لەو وڵاتەدا، نرخی شتومەکەکان بەرزدەکاتەوە و لە ئێستادا ڕێژەی هەڵئاوسان لە ئێران نزیکەی 45%ە.