ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکەی مانگی 10ی عێراق، ئاستێکی زیاتری ناڕەزایی هەندێک لایەنی عێراقی بەدوای خۆیدا هێنا بە بەراورد لەگەڵ ئاشکرا کردنی ئەنجامە بەراییەکانی ئەو هەڵبژاردنەدا.
بەشێک لەو لایەنە سیاسی و میلیشیاییانەی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانن یان نزیکن لە کارنامەی تارانەوە، نەیانتوانی پارێزگاری لە کورسییەکانی پەرلەمانیان بکەن و هەڵبژاردن توانی ژمارەی نوێنەرەکانیان لە پەرلەماندا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە.
عیزەت شابەندەر، سیاسەتمەداری دێرینی عێراق؛
*ئەگەر هەڵبژاردنێک ئەم هەموو گومانانەی لەسەربێت وەک بەشێکی ناوماڵی شیعە باسی دەکات، ئەوا ناتوانرێت پشت بە ئەنجامەکانی ببەسترێت.
*دادگای باڵای عێراق کەوتۆتە ڕەوشێکی خراپەوە لە پەیوەندی بە پەسەند کردن یان نەکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەوە.
*تانەکانی لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەدرێن بۆ هەڵوەشاندنەوەی تەواوی هەڵبژاردنەکەیە نەک گومان خستنە سەر پرۆسەکە.
*ئەوەی جێی نیگەرانییە، ئەگەری هەڵایسانی شەڕی ناوخۆیی و ئاژاوەیە لە عێراقدا.
ڕائید فەهمی، سکرتێری حیزبی کۆمۆنیستی عێراق؛
*ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ناکۆکییەکی جیاوازی لە عێراقدا دروستکردووە و ئەو لایەنانەی ناڕازین تەنها دەتوانن لێرە و لەوێی وڵاتەکەدا هەوادارانی خۆیان بجوڵێنن.
*ناڕەزایی لایەنە سەرنەکەوتووەکان لە هەڵبژاردندا بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوت و پێگەیە لە حکومەتی ئایندەدا.
*هەوڵەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، هەوڵی نەزۆک و بێهودەن.
*زیادەڕۆیی کراوە لەو هەموو گازەندە و تانانەی لە هەڵبژاردنەکەی مانگی 10 دەدرێن.
لەگەڵ سەرهەڵدانی ناکۆکییە سیاسییەکانی پاش هەڵبژاردن، جارێکی تریش تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی دەستیان کردۆتەوە بە هێرشکردن. مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی تریش، هەر هیچ نەبێت تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، نەبوونەتە هۆکارێک بۆ کۆکردنەوەی هێزە عێراقییەکان لەبەردەم کارنامەیەکی نیشتمانیانە بۆ ئایندەی وڵاتەکەیان.
لەسەر بنچینەی وتووێژەکانی لەگەڵ هەر یەک لە عیزەت شابەندەر، سیاسەتمەداری دێرینی عێراق، هەروەها ڕائید فەهمی، سکرتێری حیزبی کۆمۆنیستی عێراق، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.
Your browser doesn’t support HTML5