کۆبونەوەی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆکی ڕووسیا

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و هاوتا ڕووسییەکەی فلادیمیر پۆتین ڕۆژی سێشەممە کۆبونەوەیەکی ئۆنلاینیان ئەنجام دا تیایدا تاوتوێی چەندین بابەتی هەستیارکرا سەرەکیترینیان لەشکرکێشی مۆسکۆ بە درێژایی سنوورەکانی ئۆکرانیا.

لەو کۆبونەوە دوو کاتژمێرییەدا سەرۆک جۆو بایدن هۆشداری داوە بە سەرۆک ڤلادمێر پوتن ئەگەر هێزەکانی ڕووسیا هەر هێرشێک بکەنە سەر ئۆکرانیا ئەوا وەڵامێکی "توندی" ئابوری لەلایەن ڕۆژئاواوە لێ دەکەوێتەوە.

هەر پاش تەواوبوونی ئەو کۆبونەوەیە کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " سەرۆک بایدن نیگەرانییەکی قوڵی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی ئەوروپای لەسەر لەشکرکێشی ڕووسیا لە دەوروبەری ئۆکرانیا دەربڕی، و ڕوونیکردەوە کە ئەمەریکا و هاوپەیمانان وەڵامێکی توندی ئابورییان دەبێت و ڕێگەی تر دەگرنە بەر ئەگەر پێکدادانی لەشکری ڕووبدات."

کۆشکی سپی دەشڵێت بایدن جەختیشی کرووەتە سەر " پشتیوانی کرد لە سەروەری خاکی ئۆکرانیا و داوای کردووە گرژیی و ئاڵۆزییەکان کەمبکرێنەوە و بگەڕێنەوە بۆ سەر دیپلۆماسی."

بە گوێرەی کۆشکی سپی، بایدن و پوتین کۆکبوون لەسەر ئەوەی کە تیمە تایبەتەکانیان "بەدواداچوون" بکەن لەسەر لوتکەکە و ئەوە ڕوونکراوەتەوە کە هەنگاوی داهاتووی ئەمەریکا " بە هەماهەنگی نزیک دەبێت لەگەڵ هاوپەیمانانی و هاوبەشەکانی."

ڕوسیا پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیا ڕەتدەکاتەوە، بەڵام وێنە سەتەلایتییەکان هێزێکی زۆر لەو سنوورە نیشان دەدەن، ئەمەش بووەتە هۆی جێگای نیگەرانی ئەوروپا.

پێش کۆبوونەوەکە؛ جین ساکی گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند "ئێمە ڕاوێژێکی چڕوپڕمان لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان کردووە و لەو باوەڕەداین کە ڕێگەیەکمان دۆزیوەتەوە بۆ هەنگاونانبە ئاڕاستەی سەپاندنی سزای گەورەو توند دژی ئابوری رووسیا لەحاڵەتی داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن رووسیاوە."

بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتیەکە دەڵێن مۆسکۆ هەڵمەتێکی گەورەی دژە زانیاری ئۆنلاین دژی حکومەتی ئۆکرانیا لە کییڤ دەستپێکردووە کە هاوشێوەی داگیرکاری و لکاندنی کریمیای ڕووسیایە لە ساڵی 2014 دا. لەو کاتەدا بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا باراک ئۆباما و لەگەڵ جۆو بایدن وەک جێگری سەرۆک ئەو داگیرکارییەیان شەرمەزارکرد؛ بەڵام وەڵامی سەربازی نەدرایەوە.

ئانتۆنی بلیکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا قسەی کردووەو وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوە گوتی کە دیپلۆماتکاری باڵای ئەمەریکا دڵنیای کردووەتەوە " ویلایەتە یەکگرتووەکان پشتگیری تەواوەتی لە سەروەری ئۆکرانیا و سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکەکەی دەکات لە رووبەڕووبونەوەی دەستدرێژییەکانی ڕووسیادا."

وتووێژەکانی بایدن لەگەڵ پوتین لە کاتێکدا دێت کە یاسادانەرە کۆمارییەکان ڕەخنەی زۆر دەگرن لە هەڵوێستی ئەو لەسەر ئاستی جیهان. ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە سەرۆکە دیموکراتەکە کارێکی کەمی کردووە بۆ سنووردارکردنی پەرەپێدانی بەرنامەی چەکی ناوکی ئێران، یان سنووردارکردنی هێزی سەربازی چین لە ناوچەی زەریای هیند و هێمندا بەکاریدەهێنێت.

میچ مککانەڵ سەرۆکی کەمینەکانی ئەنجومەنی سینات سەبارەت بە گفتوگۆکانی بایدن و پوتین دەڵێت "هاوڕێ دەسەڵاتخوازەکان لە پەکین و تاران چاودێری چۆنیەتی وەڵامدانەوەی جیهانی ئازاد دەکەن."