لەگەڵ ئەوەدا کە کشانەوەی فەرمیانەی سەربازەکانی ئەمەریکا لە عێراق نزیک بۆتەوە و هاوکاتی هەڕەشە و گوڕەشەکانی ژمارەیەک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی تا ئەمەریکا لە عێراق نەمێنێت، چەکدارە تێرۆریستەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە چەند شوێنێکەوە هێرشیان کردۆتە سەر بنکە و سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
زۆرێک لە سەرکردە لەشکرییەکان هۆکاری ئەو هێرشانە دەبەستنەوە بە "بۆشایی ئاسایشی"یەوە ووەک دەڵێن ئەو بۆشاییە ئاسایشییەی لە ناوچە دابڕێندراوەکاندا دروست بووە و داعش جموجۆڵی تیادا زۆرە.
عەبدولڕەحیم ئەلشەممەری، سیاسەتمەداری عەرەبی سوننە؛
*لە ڕاستیدا بۆشاییەکی ئاسایشی هەیە و لە هەندێک ناوچەی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقیشدا کێشە هەن و ڕێک ئەو ناوچانەن کە داعش ئەو هێرشانەی تیادا دەکات.
*لە ئێستادا هاوپەیمانێتی، بەرەنگاربوونەوەیەکی ئەوتۆی داعشی نییە و ئەو ڕژدییەی پێشتر هەیبووە ئێستا نییەتی.
*داعش ئەو مەترسییە گەورەیە نییە، بەڵێ ترس و نیگەرانی هەن، بەڵام داعش، هەمان داعشەکەی ساڵی 2014 نییە.
مەسعود عەبدولخالق، سەرۆکی دەزگای ستاندەرد؛
*ئەم جموجۆڵە نوێیانەی داعش زیاتر پەیوەندییان بە دۆسێی بە عەرەبکردنی گوندەکانەوە هەیە.
*دەشێت ئەم هێرشانە و لەم کاتەدا پەیوەندییان هەبێت بە ئەگەر و نەگەری مانەوەی سەربازەکانی ئەمەریکا لە عێراق.
*لە هەرێمی کوردستان، هێزەکان هی حزب و سەرۆک و خەڵکانی ناو حزبەکانن.
عێراق و هەرێمی کوردستانیش لەناو ناکۆکی سیاسی و قەیرانی تەندروستی و گرفتی دارایی و چەندان ئاڵۆزیی تردا قوڵپ دەدەن و جارێکی تریش تەنگژەی ئاسایشیی بەرۆکیان دەگرێتەوە، وەک چاودێر دەڵێن لە تەواوی ئەم ڕەوشە ئاڵۆزەدا، ئاگرەکان نە بەغدا دەناسن و نە هەولێر.
لەسەر بنچینەی وتووێژەکانی لەگەڵ هەر یەک لە عەبدولڕەحیم ئەلشەممەری، سیاسەتمەداری عەرەبی سوننە و ئەندامی پێشوی پەرلەمانی عێراق، هەروەها مەسعود عەبدولخالق، سەرۆکی دەزگای ستاندەرد، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادە کردووە.
Your browser doesn’t support HTML5