هێرشەکانی تێرۆریستانی داعش لە عێراقدا دەست پێدەکەنەوە و زیانی گیانی و ماڵییش هەن.
لەگەڵ ئەوەشدا کە عێراقییەکان لە ساڵی 2017دا ڕایانگەیاند "کۆتاییهێنراوە" بە دەوڵەتە خەلافەتییەکەی ئەبوبەکر ئەلبەغدادی، بەڵام ئەو ڕاگەیاندنە نەیتوانی نیگەرانییەکان بڕەوێنێتەوە لەسەر سەرهەڵدانەوەی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی یانیش دروستبوونی ڕێکخراوێکی تری تێرۆریستی لەو وڵاتەدا.
خانە نوستووەکانی داعش لە عێراق و لە سوریاشدا لە جموجۆڵدابوون، ناوبەناو هێرشی خوێناوییان دەکرد، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە لەم ماوەیەی ڕابردوودا لە عێراق و بەتایبەتیش لە ناوچە دابڕێندراوەکاندا، داعش هێرشەکانی خۆی چڕکردۆتەوە بۆ سەر لەشکری عێراق و هەروەهاش هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
ناوچەکانی مەخمور، تا دەگاتە دەوروبەری شاری موسڵ و هەروەهاش ژمارەیەک ناوچەی پارێزگاکانی کەرکوک و دیالە بە زنجیرە چیاکانی حەمرینیشەوە، ئامانجی ئەو هێرشانەی داعشن و ئەو ناوچانەش لە دەستوری عێراقدا بە "ناوچە جێناکۆکەکان" ناسراون و بەپێی لێدوانی سەرکردە سەربازییەکان، خانە نوستووەکانی داعش لەو شوێنانەدا جموجۆڵێکی زۆریان هەیە.
میوانی بەرنامە:
دکتۆر عادل باخەوان، شارەزای کاروباری تێرۆریزم
کرانەوەی ئەم بەرانەی شەڕ لە کاتێکدایە وەک دەگوترێت هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە کشانەوەی تەواوەتی لە عێراق نزیک دەبنەوە یان ئەوەی پێی دەگوترێت گۆڕانکاری بنچینەیی لە ئەرکەکانیاندا.
لە ئێستادا پرسیارگەلێک لە شەقامی عێراقیدا سەریانهەڵداوە؛ لەوانە، ئایا چی چاوەڕوان دەکرێت لە وڵاتێکی وەک عێراقدا کە ناکۆکی سیاسی باڵی کێشاوە بەسەر ئەو وڵاتە بە شەڕ وێرانبووەدا؟ ئەگەرەکان چین و پەرەسەندنەکان بە چ ئاقارێکدا دەڕۆن؟
هەمان ئەم پرسیارانەش بۆ ڕەوشی هەرێمی کوردستانیش دروستن.
زۆرێک لە عێراقییەکان لە زاخۆوە تا فاو بە ئاگاهییەکی نیگەران ئامێزەوە دەڕواننە ئایندە.
بەگشتی لێکدانەوەکان زۆرن بۆ دیاردەی تێرۆریزم، دەشکرێت بگوترێت تەنانەت پێناسەکانیش زۆرن. جیهانی ڕۆژئاوا لێکدانەوەیەکی جیاوازی هەیە لە جیهانی ڕۆژهەڵات، بەڵام خاڵی هاوبەش لەم لێکدانەوانەدا ئەوەیە؛ باس لەوە ناکرێت کێ بەرپرسیاری سەرەکییە یان چ لایەنێک هۆکاری ڕاستەقینەی پشت دیاردەی تێرۆریزمە.
دکتۆر عادل باخەوان، شارەزای کاروباری بواری تێرۆریزم، وەڵامی پرسیارەکانی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەداتەوە.
Your browser doesn’t support HTML5