دکتۆر کرمانج گوندی: دیموکراتی یەک بنەمای هەیە بەڵام لە کۆمەڵگەکاندا سیماکانی جیاوازە

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا میوانداریی کۆنفرانسی لوتکەیی دیموکراتی کرد بە بەشداریی زیاتر لە سەد سەرکردەی جیهانی.

ئەم کۆنفرانسە کە ڕۆژی پێنجشەممە دەستیپێکردووە و تەنها 2 ڕۆژ دەخایەنێت، ئمانج لێی "بەرەنگار بوونەوەی سیستەمی تاکڕەویی و سیستەمی دیکتاتۆرییەت لە جیهاندا."

سەرۆک بایدن لە وتارەکەیدا جەختی کردەوە لەوەی "ئازادی و دیموکراتی لە جیهاندا کەوتونەتە بەردەم هەڕەشە و مەترسییەوە بەهۆی ئەو سەرکردە تاکڕەوانەی بیانوو دەهێننەوە بۆ سەرکوتکارییەکانیان و هەوڵی فراوانکردنی دەسەڵاتەکانیان دەدەن."

ئایا لە سیاسەتی دەرەوەیی ئەمەریکادا، بەهای دیموکراسی چەندێک گرنگی هەیە و چەندێکیش کار بەو پێوانەیە دەکرێت؟

دکتۆر کرمانج گوندی، مامۆستای زانکۆی تەنەسی ستەیت دەڵێت "بەهای دیموکراتی لە ڕەهەندی سیاسەتی دەرەوەیی ئەمەریکادا، تا ئەو ئەندازەیە بایەخ بە دیموکراتی و مافەکانی مرۆڤ دراوە کە لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکادا بێت."
دکتۆر کرمانج دەشڵێت بۆ جێگیرکردنی دیموکراتی لە شوێنەکانی تری جیهاندا و کارکردن لەسەر ئەو پرۆسەیە، ناکرێت هەر تەنها لۆمەی ئەمەریکا بکرێت، دەشڵێت چونکە ئەمەریکا بچێتە هەرچ شوێنێک بابەتی دیموکراتی و گرنگییەکانی دیموکراسی زەق دەکاتەوە، بۆیەشە دواتر لۆمەی زیاتری بەردەکەوێت لە شکستەکاندا بۆ جێگیرکردنی دیموکراتی.

دکتۆر کرمانج گوندی، لەسەر پرسی دیموکراتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئاماژە بەوە دەکات کە فەرهەنگی دیموکراتی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوونی نەبووە و تورکیا و ئێرانی سەروەختی ڕژێمی شاهەنشاهی و عێراقیش بە نمونە دێنێتەوە و دەڵێت "لە تورکیا بەر لە سەروەختی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، دیموکراتی هەبووە بۆ تورکەکان، بەڵام لەسەر بنچینەی نکوڵیکردن لە 25 ملیۆن کورد و ئەوانی تری تورک نین."

لە میانەی وتووێژەکەیدا لەگەڵ بەڵێن ساڵح، دکتۆر کرمانج گوندی، مامۆستای زانکۆی تەنەسی ستەیت لە ستانی تەنەسی ئەمەریکا، باسیش لەوە دەکات لە ئەمەریکاشدا دۆسێی دیموکراتی گورزی بەرکەوتووە، وەک دەڵێت "لە ماوەی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپدا."
زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە:

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ دکتۆر کرمانج گوندی