جۆو بایدنی سەرۆكی ئەمەریكا لە وتارێكدا جەختی لەوە کردەوە کە ئازادی و دیموکراتی لە جیهاندا کەوتونەتە بەردەم هەڕەشە و مەترسییەوە، لەبارەی ئازادی و دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان، سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات ئەوانیش بەردەوام ڕەخنەیان هەیە و ڕەوشەكە زۆر باش نییە و لەوانەیە گۆڕانكاریەكی باشتر هەبێت.
ژمارەیەكی زۆر لە چالاکوانانی سڤیل و چین و توێژە جیاجیاکان لە ماوەی ڕابردوو چەندین خوپێشاندان و گردبوونەوەیان ئەنجامداوە، تێیدا داوای دادپەروەری و یەكسانی و ئازادی و دیموكراسیان دەكرد، لەوبارەیەوە عەلی مەحمود سەرۆکی هەڵمەتی دادپەروەری لە هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" لە وڵاتی ئێمەدا لە ڕووی سیاسی و کلتوریەوە ئازادی و دیموکراسی نییە، ئازاد نین لەوەی بتوانین هەموو قسەکانی خۆمان بکەین، ڕووبەرووی کلتور و ئاین و سیاسەت دەبینەوە دەبوایە ئازادی و دیموکراسی لە خزمەتی زۆربەی خەڵک بووایە چونکە ئازادی بێ سنورە مروڤ بتوانیت تەعبیر لە هەموو هەستی خۆی بکات و ئازادانە بیروڕا و بۆچووونەکانی خۆی دەرببڕێت و لەچوارچێوەی گەلێکیشدا گەلێک بتوانێت بە ئازادی خۆی مافی چاڕەنوسی خۆی دیاری بکات ئەمە ئازادیە، دیموكراتیش نییە ئەو دیموکراسیەی لە کوردستان یان لەسەر ئاستی جیهان و ئەمەریکاشهەیە چینە باڵادەست و سەرمایەدار و دەستڕویشتووەکان دەستیان بەسەردا گرتووە و بەهێزی پارە ڕەوتی سیاسی دەگۆڕن".
مونا یوحەنا سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤی هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند" ڕەوشەكە زۆر باش نییە و ئێمەش بەردەوام ڕەخنەمان هەیە کە لە ڕاپۆرتەكاندا ئاماژەی پێدەكەین، لەوانەیە لە داهاتوودا گۆڕانكاریەكی باشتر بکرێت چونكە بەدواچوونی رێكخراوە جیهانیەكان و زۆر شوێنی تر و ئێمەش وەكو دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ وا دەكات كە ڕەخنە كەمتر ببێتەوە".
لە لایەكی ترەوە بەهمەن کاکە عەبدوڵلا ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت " لە هەموو قۆناغەکاندا ئازادی و دیموکراسی پارێزراوە، ئێستا ئەوەندەی ڕۆژنامە و گۆڤار و کەناڵەکان لە هەرێمی کوردستاندا هەن لە وڵاتێکی گەورەشدا نییە کە ئەمانە ئەگەر بەشێکیان سەر بەلایەنە سیاسیەکانیش بن ئـەوا بەشێکی گەورەشیان بێلایەنن، بەشێکی تریش لەو ئازادی و دیموکراسیە بریتیە لە فرەیی کە ئێستا لە کوردستاندا فرەحزبی هەیە و لەناو پەرلەمانی کوردستانیشدا زیاتر لە پێنج حزب نوێنەراتیان هەیە جگە لە نوێنەری سەربەخۆکان و پێکهاتەکانیش لە هەرێمی کوردستاندا مافەکانیان بەتەواوی پارێزراوە لەوانە پێکهاتەی تورکمان و ئێزدی و کریستیان و پێکهاتەکانی تری ئاینی هەموویان ئازادی و مافەکانیان لە کوردستان پارێزراوە و بەشێک لەوانەش بەزمانی خۆیان گۆڤار و ڕۆژنامە و کەناڵی تایبەت بە خۆیان هەیە".
جێی باسە جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا میوانداریی کۆنفرانسی لوتکەیی دیموکراتی کرد بە بەشداریی زیاتر لە سەد سەرکردەی جیهانی. سەرۆک بایدن لە وتارێكدا جەختی لەوەکردەوە کە "ئازادی و دیموکراتی لە جیهاندا کەوتونەتە بەردەم هەڕەشە و مەترسییەوە بەهۆی ئەو سەرکردە تاکڕەوانەی بیانوو دەهێننەوە بۆ سەرکوتکارییەکانیان و هەوڵی فراوانکردنی دەسەڵاتەکانیان دەدەن".
Your browser doesn’t support HTML5