به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی حه‌مرینی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، داعش خۆی بۆ دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق و قوڵبوونه‌وه‌ی ناكۆكی نێوان لایه‌نه عێراقیه‌كان ئاماده‌ده‌كات، جه‌خت له‌سه‌رئه‌وه‌شده‌كاته‌وه چه‌كدارانی داعش ئه‌و ناوچانه‌یان چۆڵكردووه كه ئۆپه‌راسیۆنیان تێدا ئه‌نجام ده‌درێت.
له‌م گفتووگۆیه‌دا له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا، مه‌لا كه‌ریم شكور به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی حه‌مرین ی یه‌كێتی و كاندیدی سه‌ركه‌وتوو بۆ په‌رله‌مانی عێراق، ده‌ڵێت"چه‌كدارانی داعش ئه‌و ناوچانه‌یان چۆڵكردووه كه ئۆپه‌راسیۆنیان تێدا ئه‌نجام ده‌درێت، چونكه ڕێگه‌ی ده‌رچوون له‌و ناوچانه چی به‌ماتۆڕ سكیل و چی به پیاده زۆره."
مه‌لا كه‌ریم شكور هۆكاری چڕكردنه‌وه‌ی هێرشه‌كانی داعشی بۆ خۆ ئاماده‌كردنی ئه‌و ڕێكخراوه گێڕایه‌وه بۆ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ قۆناغی داهاتووی عێراق، وتی"پێكنه‌هێنانی حكومه‌ت و گرفتی نێوان لایه‌نه‌كان، كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌مانه وایانكردووه داعش خۆی كۆبكاته‌وه و چاوه‌ڕوانی دروستبوونی بۆشایی بكات تا بیقۆزێته‌وه."
ناوچه‌ی غه‌ڕه‌وپه‌ڵكانه‌ی نزیك قه‌زای خورماتووی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، كه به یه‌كێك له‌مۆڵگه سه‌ره‌كیه‌كانی داعش داده‌نرێت له‌عێراق، له‌چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه ئۆپه‌راسیۆنی تێدا ئه‌نجامدرا و ده‌ستگیركرا به‌سه‌ر ده‌یان تۆن خۆراكدا كه له حه‌شارگه‌كاندا شاردرابوونه‌وه، له‌باره‌ی چۆنیه‌تی گه‌یشتنی ئه‌و هه‌موو خۆراكه به‌چه‌كدارانی داعش، به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی حه‌مرین ی یه‌كێتی وتی"ڕێگای بردنی خۆراك بۆ داعش زۆره، خه‌ڵك خۆراكیان بۆ ده‌بات، شوان و خاوه‌ن كێڵگه‌كانی په‌له‌وه‌ر به سه‌یاره‌ی پیكاب شتیان بۆ ده‌به‌ن."
به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی حه‌مرین ی یه‌كێتی پێیوایه، ئه‌و هه‌موو خۆراكه‌ی له حه‌شارگه‌كانی داعش له ناوچه‌ی غه‌ڕه‌وپه‌ڵكانه ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیرا، هۆكاره‌كه‌ی گرنگی ئه‌و ناوچه‌یه له‌ڕووی جوگرافیه‌وه بۆ داعش، وتی"هێزه‌كانی داعش كاتێك له‌كه‌ركوكه‌وه به‌ره‌و دیاله ده‌په‌ڕنه‌وه، له‌ناوچه‌ی غه‌ڕه‌وپه‌ڵكانه لاده‌ده‌ن و چه‌ند ڕۆژێك پشوو ده‌ده‌ن، بۆیه ئه‌و هه‌موو خۆراكه‌یان له‌وێ هه‌بووه."
چڕكردنه‌وه‌ی هێرشه‌كانی داعش و ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆن له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه و سوپای عێراق له‌كاتێكدایه، حكومه‌تی عێراق له‌مانگی 12 ی ساڵى 2017 كۆتایی هاتنی داعشی له‌عێراق ڕاگه‌یاند.
Your browser doesn’t support HTML5