به‌ڕێوه‌به‌ری به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ئێران به‌ته‌واوه‌تی سه‌رچاوه‌ی ئاوی ڕووباری سیروانی وشككردووه، وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه ئاویه‌كانی عێراقیش چه‌ندین جار داوای گفتووگۆیان له ئێران كردووه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئاو، به‌ڵام وه‌ڵام نه‌دراونه‌ته‌وه.
له‌م گفتووگۆیه‌دا له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا، ڕه‌حمان خانی به‌ڕێوه‌به‌ری به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان، وتی"ته‌مه‌نی به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان 60 ساڵه، ساڵی پار به‌درێژایی ته‌مه‌نی به‌نداوه‌كه، كه‌مترین داهاتی ئاوی هه‌بووه، چونكه ئه‌و ئاوه‌ی له ئێرانه‌وه ده‌هات، به‌ته‌واوه‌تی بڕدرابوو، ئه‌مساڵیش دوو مانگ به‌سه‌ر وه‌رزی باران بارین تێپه‌ڕیووه، 60%ی ساڵی پار باران باریووه و 40% ئاومان لهسهرچاوهكانهوه بۆ هاتووه."
جه‌ختیشیكردووه"گه‌ر بارانیش ببارێت، ئێران سه‌رچاوه‌كانی ئاو به‌رنه‌داته‌وه، ناتوانین قه‌یرانی كه‌م ئاوی چاره‌سه‌ر بكه‌ین."
به‌ڕێوه‌به‌ری به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان ڕوونیكرده‌وه، ئێرانیش گرفتی كه‌م ئاوی هه‌یه، بۆیه هیچ ئاوێك لهسنورهكانیهوه بۆ به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان به‌رناداته‌وه.
له‌حاڵه‌تی كه‌م بارانی ئه‌مساڵدا، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان پێشبینیكرد كشتوكاڵ به‌ته‌واوه‌تی بوه‌ستێ، به‌تایبه‌ت ئه‌و زه‌ویانه‌ی پشتیان به‌ڕووباری سیروان و به‌نداوه‌كان به‌ستووه، وتی"ده‌بێت ته‌نها بیر له دابینكردنی ئاوی خواردنه‌وه و باخداری و ماڵان بكه‌ینه‌وه، كواڵێتی ئه‌م ئاوه‌ش باش نابێت، چونكه ئاستی ئاو داده‌به‌زێت.
له‌كۆتایی گفتووگۆكه‌یدا له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا، ڕه‌حمان خانی به‌ڕێوه‌به‌ری به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان ئاشكرایكرد حكومه‌تی عێراق چه‌ندین مانگه له‌سه‌ر گرفتی ئاو داوای گفتووگۆی ڕاشكاوانه له ئێران ده‌كات، به‌ڵام ئێرانیه‌كان ئاماده نه‌بوون و مه‌رجی ڕێككه‌وتنیان هه‌بووه له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێكه‌وتنامه‌ی جه‌زائیری ساڵی 1975، كه به‌شێكی ڕێككه‌وتنامه‌كه په‌یوه‌سته به‌ئاوه‌وه، له‌كاتێكدا كاتی خۆی عێراق ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی ڕه‌تكردووه‌ته‌وه، وتی" وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌كانی ئاوی عێراق نوسراوی بۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه كردووه تا له‌سه‌ر كێشه‌ی ئاو گفتووگۆ له‌گه‌ڵ ئێران بكات."
Your browser doesn’t support HTML5