بنەماڵەکانی چەند پەنابەرێکی کوردی ئێران لەبەردەم باڵوێزخانەی تورکیا لە تاران ماندەگرن

ماڵپەڕی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و ماڵپەڕی هەنگاو ڕادەگەیەنن، بنەماڵەی 9پەنابەری خەڵکی پاوە و سەردەشت لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە تاران کۆبوونەتەوە دەستیان بە مانگرتن کردووە.

ئەو دوو ماڵپەڕە ڕاگەیاندووە نزیکەی چوار مانگ لەمەوبەر ئەو پەنابەرانە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە دیپۆرتی سوریا کراون و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستاش خێزانەکانیان ئاگایان لە چارەنووسی منداڵەکانیان نییە و نازانن چییان بەسەرهاتووە.

چەند مانگ پێش ئێستا ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەوانە هەنگاو و تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایانگەیاندبوو کە 9 پەنابەری کوردی ئێران لەگەڵ 57 پەنابەری دیکەی هەرێمی کوردستان لە دەوروبەری شاری ئەستەنبوڵ لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستگیرکراون و پاش چەند ڕۆژێک لە دەستبەرسەربوونیان، تورکیا دیپۆرتی کرانەوە بۆ باکووری سوریا.

دەماوەند پاک سرشت، موبین وڵەدبەیگی، ئەفشار ڕۆستەمی، بەهمەن شادرەوان، مەسعود حەیدەری، سەعید ئەحمەدی، فردین دەروێش پور، هیدایەت ڕوخزادی و ئارمان ڕەشیدی حسێن ئەو 9 پەنابەرە کوردەن کە دەوترێت لەو کاتەی هەوڵیان داوە لە ڕێگای دارستانێکی نزیک ئەستەنبوڵەوە بچنە ئیتالیا، لەلایەن پولیسەوە دەستبەسەرکراون.

ئەو کەسەی کە بڕیار بووە پەنابەرەکان لە تورکیاوە بگوازێتەوە بۆ وڵاتی ئیتالیا، چەند مانگ پێش ئیستا لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکای بەشی فارسی گوتبوی کە هەر9 پەنابەرەکە گوازراونەتەوە بۆ کەمپێک لە شاری عەزاز-ی سوریا و دراونەتە دەستی هێزەکانی سوپای ئازادی سوریا کە نزیکن لە حکومەتی تورکیا.

ئەمەش ببینە تورکیا چەند پەنابەری کوردی ئێران ڕادەستی سوریا دەکات

ناوبراو هەروەها گوتبوی کە پەنابەرە عێراقیەکان کە ژمارەیان 54 کەس بووە، بە یارمەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق ئازاد کراون و گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان.

موسەنا ئەمین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە یەکێک لەو کەسانە بوو کە هەوڵی ئازادکردنی پەنابەرەکانی دابوو، پێشتر لە وتووێژێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاندبوو کە ئەوان تەنیا توانیویانە کار بۆ ئازادکردنی ئەو پەنابەرانە بکەن کە خەڵکی عێراق بوون و لە رووی یاساییەوە دەسەڵاتی ئەوەیان نەبووە کوردەکانی ئێران ئازاد بکەن.

هەروەها ئەفشین ڕۆستەمی، برای یەکێک لە پەنابەرەکان بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاندبوو کە ئەو 9 کەسە لە ئیستادا لەلایەن سوپای ئازادی سوریاوە دەستبەسەرن و گوتبوی کە سوپای ئازادی سوریا لەبەرامبەر ئازادکردنی هەر یەک لە پەنابەرەکان داوای 10 هەزار دولاری کردووە.

بە پێی هەواڵەکان، خێزانی پەنابەرەکان لە ڕێگای کەسێکی سەر بە حکومەتی ئێرانەوە هەوڵیان دابوو بۆ ئازادکردنی پەنابەرە دەستبەسەرەکان و وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە خێزانەکانی راگەیاندبوو کە پڕۆسەی ئازادکردنی پەنابەرەکان لە مانگێک بۆ سێ مانگ دەخایەنێت و ئەمەش لە کاتێکدایە کە چوار مانگ بەسەر بێ هەواڵی و دەستبەسەرکردنی ئەو 9 پەنابەرە تێدەپەڕێت و هێشتا هیچ هەوڵێک بۆ ئازادکردنیان نەدراوە.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن خێزانی ئەو پەنابەرانە لەم هەفتەیەدا لەبەردەم باڵوێزخانەی تورکیا لەتاران کۆبوونەتەوە و داوایانکردوە کە حکومەتی تورکیا بەدوای چارەنووسی منداڵەکانیان بکەوێت و دەشڵێن بەڵام تاوەکو ئیستا بەرپرسانی تورکیا ئامادە نەبوون وەڵامی خێزانی ئەو 9 پەنابەرە بدەنەوە و تەنها توانیویانە نامەیەکی فەرمی پێشکەشی ئەو باڵوێزخانەیە بکەن کە تاوەکو ئیستا وەڵامی نامەکەشیان نەدراوەتەوە.