ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی: 18 كورسیه‌كه‌ هی هاوپه‌یمانیە، هی یه‌كێتی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌

ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ڕایده‌گه‌یه‌نێت، تا ئێستا به‌رهه‌م ساڵح كاندیدی یه‌كێتییه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌شده‌كاته‌وه‌ ئه‌و 18 كورسیه‌ی به‌ده‌ستیانهێناوه‌، هی هاوپه‌یمانی كوردستانییه‌، هی یه‌كێتی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌.

له‌م گفتووگۆیه‌دا له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا، ڕزگار حاجی حه‌مه‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ده‌ڵێت"وه‌كو یه‌كێتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین له‌گه‌ڵ حیزب و لایه‌نه‌كان پرۆژه‌ و به‌رنامه‌مان یه‌كبخه‌ین، به‌یه‌كڕیزی بچینه‌ به‌غدا بۆ گفتووگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان."

ڕزگار حاجی حه‌مه‌ ڕوونیكرده‌وه‌، حیزبه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ گۆڕان هاوپه‌یمانه‌ و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تریش لێكتێگه‌یشتنیان هه‌یه‌، تا به‌یه‌كڕیزی بچنه‌ به‌غدا.

جه‌ختكردنه‌وه‌ی به‌رپرسه‌كه‌ی یه‌كێتی له‌سه‌ر هاوپه‌یمانێتی نێوانیان له‌گه‌ڵ گۆڕان، له‌كاتێكدا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌بووه‌ خاوه‌نی كورسی په‌رله‌مانی عێراق، له‌و باره‌یه‌وه‌ ڕزگار حاجی حه‌مه‌ وتی"ئێمه‌ و گۆڕان هاوپه‌یمانین، ئێمه‌ له‌ هاوپه‌یمانی كوردستان 18 كورسیمان هێناوه‌، ئه‌و كورسیانه‌ هی هاوپه‌یمانی كوردستانه‌، هی گۆڕان و یه‌كێتییه‌."

دوێنێ یه‌كشه‌مه‌، وه‌فدێكی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی سه‌ردانی مه‌كته‌ب سیاسی یه‌كێتی كرد و پێكه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌، ڕزگار حاجی حه‌مه‌ وتی"باسی پۆستی سه‌رۆك كۆمار نه‌كراوه‌، تائێستا دكتۆر به‌رهه‌م كاندیدی یه‌كێتىیه‌، به‌ڵام یه‌كێتی له‌گه‌ڵ یه‌كڕیزی و ته‌بایی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كاندایه‌، پارتیش هێزێكی كاریگه‌ره‌ و ده‌مانه‌وێت به‌یه‌كڕیزی بچینه‌ به‌غدا بۆ دانوستان."

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی پەیامنێر دڵشاد ئەنوەر