ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ڕایده‌گه‌یه‌نێت، كێشه نێوخۆییه‌كانی حیزبه‌كه‌ی هۆكاربوون بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانن به ڕۆڵی خۆیان هه‌ستن و هه‌میشه سه‌رقاڵی سه‌رئێشه‌ی نێوماڵی خۆیان بوون، ئاماژه به‌وه‌شده‌كات په‌یڕه‌وی نێوخۆی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ دۆخی ئه‌مڕۆدا ناگونجێت و ده‌بێت هه‌موار بكرێته‌وه.
له‌م گفتووگۆیه‌دا له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا، عیماد ئه‌حمه‌د كه له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا به‌بڕیاری بافڵ تاڵه‌بانی كرایه ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی حیزبه‌كه‌ی، ده‌ڵێت"یه‌كێتی هه‌میشه خاوه‌ن ڕۆڵبووه، به‌ڵام ڕۆڵمان جاروبار هه‌ڵكشان و داكشانی به‌خۆیه‌وه بینیووه، یه‌كێتی ئێستا خۆی به‌یه‌كێك له هێزه سه‌ره‌كیه‌كانی سه‌ر گۆڕه‌پانی هه‌رێم ده‌زانێت، هه‌رچه‌نده كێشه نێوخۆییهكانمان هه‌ندێك حاڵه‌تی دروستكرد، نه‌توانین به‌ڕۆڵی خۆمان هه‌ستین."
عیماد ئه‌حمه‌د ڕوونیكرده‌وه، هه‌ر حیزبێك كێشه‌ی نێوخۆیی هه‌بێت، له بری ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی خۆی جێبه‌جێ بكات و سیاسه‌ت ئاراسته‌ی ده‌ره‌وه‌ی خۆی بكات، سه‌رقاڵبوو به‌سه‌رئێشه‌ی نێوماڵی خۆیه‌وه، ئه‌مه‌ش زۆرجار زیانی به‌یه‌كێتی گه‌یاندووه، وتی"یه‌كێتی له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه بێ كێشه نه‌بووه، به‌ڵام كۆنگره ئیشه‌كانی وه‌كخۆی جێبه‌جێ نه‌كرد، نه‌مانتوانی كۆنگره‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو ئه‌نجام بده‌ین،بۆیه ئه‌نجامه‌كه‌ی به‌و جۆره بوو، ئێستا ئێمه له‌سه‌ره‌تای ڕێگای ڕێكخستنه‌وه‌ی یه‌كێتین، هه‌وڵده‌ده‌ین بۆ داهاتوو خۆمان به‌هێز بكه‌ین، تا ڕۆڵێكی سه‌ره‌كیمان هه‌بێت."
بافڵ تاڵه‌بانی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی بهبڕیاڕێك، ژماره‌یه‌ك له سه‌ركرده دێرینه‌كانی كرده ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی، هۆكاری ئه‌مه‌ش بۆ لاوازی ئه‌دای ئه‌و مه‌كته‌ب سیاسیانه گێردرایه‌وه كه له دوا كۆنگره‌دا برابوونه سه‌ره‌وه، له‌و باره‌یه‌وه عیماد ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت"پرسیاره‌كه له كاك بافڵ بكرێت باشتره، ئێمه پێمانخۆشبوو جیلێكی تازه هاتنه پێشه‌وه، تا ڕۆحی تازه بكه‌نه به‌ر یه‌كێتی، سونه‌تی ژیانیش وایه كه‌س تا سه‌ر له‌پۆستدا نابێت، من خۆم ئه‌م پۆستانه به پله و نه‌جمه نازانم، به‌ڵكو به‌ئه‌ركی ده‌زانم بۆ خزمه‌تی یه‌كێتی و میلله‌ته‌كه‌م."
جه‌ختیشیكرده‌وه"ماوه‌یه‌ك زۆربه‌ی مه‌كته‌ب سیاسیه‌كان گه‌نج و لاو بوون، ئێستا خه‌ڵكی تری تێهه‌ڵكێش ده‌كرێت، حیزب ناتوانێت ڕه‌گ و ڕیشه‌ی خۆی بسوتێنێت كه جیله كۆنه‌كه‌یه، ناشتوانێت گه‌ڵا و لقه‌كانی فه‌رامۆش بكات، كه جیله تازه‌كه‌یه، ده‌بێت ڕه‌گ و گهڵاشمان جوان بێت تا به‌هێز بین."
مه‌كته‌ب سیاسیه‌كه‌ی یه‌كێتی ده‌رباره‌ی ئه‌گه‌ری كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی كه له ئێستادا 124 سه‌ركرده‌یه و بچووك كردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی، وتی"له مه‌كته‌بی سیاسی بڕیار دراوه، په‌یڕه‌وی ناوخۆ هه‌موار بكرێت و لیژنه‌ی بۆ دروستكراوه، لیژنه‌كه پێشنیاره‌كانی دێنێته لای مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی و بڕیاری لێده‌درێت، من ناتوانم پێشبینی بكه‌م چی ده‌كرێت، به‌ڵام پێویسته په‌یڕه‌وی ناوخۆ هه‌موار بكرێته‌وه، چونكه له‌گه‌ڵ دۆخی ئه‌مڕۆی یه‌كێتی و كوردستان ناگونجێت."
دوای یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ لاهور شێخ جه‌نگی، ده‌وترێت بافڵ تاڵه‌بانی پلانی داماڵینی هه‌موو ئه‌و سه‌ركردانه‌ی له هێز هه‌یه، كه هێزیان له‌به‌رده‌ستدایه، ئه‌مه‌ش به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی نیگه‌ران كردووه، به‌ڵام عیماد ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت"من ئاگام له نیگه‌رانی نیه، به‌ڵام هێزه‌كانی هه‌موو كوردستان یه‌كبخرێنه‌وه و هی میلله‌ت بن باشتره،هێزی پێشمه‌رگه نابێت هی شه‌خس بێت."
ناو به‌ناو ناكۆكی له نێوان سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی و كوڕ و كه‌سه نزیكه‌كانیان ڕووده‌دات و هێز له‌دژی یه‌ك به‌كارده‌هێنن، ئه‌مه‌ش وایكرد شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د سلێمانی وه‌كو "ته‌كساس" ناو ببات، له‌و باره‌یه‌وه عیماد ئه‌حمه‌د وتی"ئه‌و ڕووداوانه‌ی له‌سلێمانی و شوێنه‌كانی تریش ڕووده‌ده‌ن پێمانناخۆشه، هیچ لایه‌ك قازانج له‌و ئاڵۆزیانه ناكات، ده‌بێت هه‌وڵبده‌ین ئه‌و دیارده خراپانه نه‌هێڵین."
له‌چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا، مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و پارتی كۆبوونه‌وه، كۆبوونه‌وه‌كه‌ش هاوكاته له‌گه‌ڵ ده‌نگۆی خراپی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌ت و قوباد تاڵه‌بانی جێگری حكومه‌ت، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، تا چه‌ند قسه له‌سه‌ر ئاساییكردنه‌وه‌ی نێوانیان كراوه، عیماد ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت"من ناتوانم له‌بری ئه‌وان وه‌ڵام بده‌مه‌وه، به‌ڵام له‌كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی دا، هه‌ردوولا بڕیارماندا پشتگیری حكومه‌ت و چاكسازی بكه‌ین، چونكه میلله‌ت لێمان نیگه‌ران و ناڕازی و بێ متمانه‌یه، ده‌بێت كێشه سیاسی و دارایی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین و قوتی خه‌ڵك مسۆگه‌ر بكه‌ین."
به‌شێك له میدیاكان ئاماژهبهناڕازیبوونی پارتی ده‌كه‌ن له كاندیدكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵه‌ح بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار، به پێی هه‌ندێك زانیاری نافه‌رمیش، مه‌لا به‌ختیار ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی یه‌كێتی نامه‌یه‌كی بۆ مه‌كته‌ب سیاسی حیزبه‌كه‌ی ناردووه و ئه‌و پۆسته‌ی به شیاوی خۆی زانیووه، به‌ڵام عیماد ئه‌حمه‌د بێ ئاگایی خۆی له‌و باره‌یه‌وه نیشاندا.
عیماد ئه‌حمه‌د وتی"بڕیارمان له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار نه‌داوه، تائێستاش له‌و باره‌یه‌وه به‌فه‌رمی قسه‌مان له‌گه‌ڵ پارتی نه‌كردووه."
Your browser doesn’t support HTML5