حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانبەرانی شارستانی و سەربازی ناچار دەکات بە وەرگرتنی ڤاکسین دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەر فەرمانبەرێک تا 1-1-2022 ئەگەر ڤاکسینی وەرنەگرتبێت ئەوا ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر، ئەو هاوڵاتیانەش کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە ئەوا لە دامەزراوەکاندا مامەڵەکانیان بۆ ڕاناپەڕێنرێت.
دوای ئەوەی وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پاڵپشت بە نوسراوێکی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا ، گشتاندنی بە نوسراوەکە کردو تێیدا داوا دەکات هەردوو فەرمانبەرانی ڕاژەی شارستانی سەربازی پێویستە تا پێش 1-1-2022 ڤاکسینیان وەربگرن ئەگەرنا ڕوو بە ڕووی مامەڵەی یاسایی دەبنەوە، لە پارێزگای هەڵەبجەش ئیدارەی پارێزگاکە گشتاندی بۆ بڕیارەکە کرد، بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە 45 هەزار دۆزی دیکەی ڤاکسین لە جۆری فایزەر بگانە هەڵەبجە.
سنور حامید جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە بە دەنگی ئەمەریکایڕایگەیاند" پاڵپشت بە بڕیارەکانی وەزارەتی داد، پێویستە سەرجەم فەرمانبەرانی دامەزراوەکانی حکومەت پابەندی وەرگرتنی ڤاکسین بن ئەگەرنا بە پێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەری ڕێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر، هەر هاوڵاتیەک پێویستی بە بەڕێوبەرایەتی تەندروستی هەڵەبجە هەبێت ئەگەر ڤاکسینی وەرنەگرتبێت ئەوە مامەڵەکەی بۆ ڕایی ناکرێت".
ئەکرەم محەمەد بەڕێوەبەری بەڕێوبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند " شەش بنکەی جێگیرمان هەیە و دوو بنکەی گەڕۆکیش کە سێ بنکەیان لە دەرەوەی هەڵەبجەیە، زیاتر لە 28 هەزار و 250 هاوڵاتی ڤاکسینیان وەرگرتووە، هەر هاوڵاتیەک دۆزی سێهەم وەربگرێت پێویستە شەش مانگ چاوەڕێ بکات دوای وەرگرتنی دۆزی دووەم".
بە پێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراقدا 12 ملیۆن هاوڵاتی ڤاگسینیان وەرگرتووە و زیاتر لە 24 هەزار هاوڵاتیش بە کاریگەری ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە، تیمە پزیشکیەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، وەرگرتنی ژەمە ڤاکسینەکە ئەگەرەکانی مردن کەمتر دەکاتەوە لە کاتی تووشبوون بە ڤایرۆسەکەدا.
Your browser doesn’t support HTML5