بە لایەنی کەم 30 کەس گیان لە دەستدەدەن لە چەند ڕووداوێکی نوقمبوونی بەلەمی کۆچبەران لە یۆنان

پاسەوانانی کەناراوەکانی یۆنان ڕۆژی شەممە لە دەریای ئیجە بۆ ڕزگارکردنی ئەو کۆچبەرانە دەگەڕان کە لە ئەنجامی ڕووداوی نوقمبوونی چەند بەلەمێکی کۆچبەراندا لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا خنکاون، کە ژمارەیان بەلایەنی کەمەوە 30 کەس دەبێت.

درەنگانی ڕۆژی هەینی، پاسەوانی کەناراوەکە 16 تەرمی ئەو کۆچبەرانەی دۆزیەوە، کە سێ ژن و منداڵێکیان تێدایە. 63 کەسی دیکەشیان ڕزگار کرد لە بەلەمێکدا کە لە نزیک دوورگەی پارۆس بەلەمەکەیان هەڵگەڕابۆوە و نوقم بوون.

بەپێی ئەو کەسانەی کە ڕزگارکراون، نزیکەی 80 کەس لەسەر کەشتییەکە بوون.

بەرپرسەکان وتیان، سێ بەلەمی پاسەوانی کەناراوەکان، کەشتییە تایبەتەکان، فڕۆکەیەکی پاسەوانی کەنارەکان و هەروەها مەلەوانەکان بەدوای ڕزگارکردنی کۆچبەری زیاتردا دەگەڕێن.

چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا، 11 تەرمی دیکە دۆزرانەوە کە لە کەشتییەکی تردا بوون و ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە نوقم بوو لە دوورگەیەک لە باکوری دورگەی یۆنان.

هەروەها پاسەوانانی کەناراوەکان وتیان 90 کەس کە لە دوورگەکە گیریان خواردبوو ڕزگارکران.

ڕۆژی چوارشەممەش بەلەمێکی دیکە کە کۆچبەرانی هەڵگرتبوو لە دوورگەی فۆلیگاندرۆس نقوم بوون و بەلایەنی کەم سێ کەس خنکاوە.

بەرپرسانی یۆنانی ڕایانگەیاند، کە 13 کەس ڕزگارکراون و دەیان کەسیش بێسەروشوێنن.

کاربەدەستێکی پاسەوانی کەناراوەکە بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی ڕاگەیاند: هەندێک دەڵێن 32 کەس لەسەر بەلەمەکە بوون، هەندێکی دیکەش دەڵێن نزیکەی 50 کەس بوون.

ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان UNHCR گوتی ڕووداوی فۆلیگاندرۆس لەوانەیە خراپترین ڕووداوی ئەمساڵ بێت کە لە ئیجەدا ڕوویداوە، چونکە ژمارەیەکی نادیار لە خەڵک بێسەروشوێنن.

UNHCR مەزەندەی ئەوە دەکات کە زیاتر لە 2500 کەس لە مانگی یەکەوە تا مانگی 11ی ئەمساڵ لە دەریادا خنکاون یان بێسەروشوێن بوون، کە هەوڵیانداوە خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا.

سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا