ته‌رمی ژماره‌یه‌ک کۆچبه‌ری کورد گه‌ڕێنرایه‌وه بۆ هه‌رێمی کوردستان، که له‌کاتی کۆچکردندا به‌ره‌و ئه‌وروپا، له نۆکه‌ندی ئینگلیزی نێوان به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا خنکابوون، به‌ڵام هێشتا ته‌رمی ژماره‌یه‌ک کۆچبه‌ری تر له‌ده‌ریای ئیجهدان و نه‌دۆزراونه‌ته‌وه، گه‌رچی که‌س و کاره‌کانیان پرسه‌یان بۆ داناون.
ئه‌و ته‌رمانه‌ی ئه‌مڕۆ گه‌ڕێنرانه‌وه بۆ هه‌رێم، 4 که‌سیان ئه‌ندامی خێزانێکی خه‌ڵکی قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان بوون، که له دایکێک و سێ منداڵی پێکهاتبوون، 8 که‌سی تریشیان خه‌ڵکی ناوچه‌کانی سه‌ربه ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین بوون، ئه‌وه‌ش له‌کاتێکدایه هێشتا ته‌رمی ژنێک و دوو منداڵی دانیشتووی قه‌زای سه‌یدسادقی ده‌ڤه‌ری شاره‌زوور له‌ده‌ریای ئیجهدان و نه‌دۆزراونه‌ته‌وه.
ڕێبه‌ر سه‌یدسادقی برای ئه‌و ژنه‌ی که هێشتا ته‌رمی خۆی و منداڵه‌کانی له‌نێو ده‌ریای ئیجهدان، به‌ده‌نگی ئه‌مه‌ریکای وت"خوشکه‌م و زاواکه‌م و منداڵه‌کانیان له مانگی 10 ڕۆیشتوونه‌ته تورکیا و دوو مانگ له‌وێ ماونه‌ته‌وه، دواتر ویستویانه له‌ڕێگه‌ی یه‌خته‌وه به‌ره‌و ئیتالیا بڕۆن، به‌ڵام یه‌خته‌که‌یان له‌نزیک دوورگه‌یه‌کی یونان نوقم بووه."
هه‌رچه‌نده خوشکه‌ی ڕێبه‌ر و دوو خوشکه‌زای له‌ده‌ریای ئیجه خنکاون و هێشتا ته‌رمه‌کانیان نه‌دۆزراوه‌ته‌وه، به‌ڵام باوکی منداڵه‌کان که له‌نێو یه‌خته نوقم بووه‌که‌دا بووه و ڕزگاری بووه، له وڵاتی یونان له چاوه‌ڕوانی دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی هاوسه‌ر و منداڵهکانیدایه.
ڕێبه‌ر له‌ڕێگه‌ی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکاوه، داوای له‌حکومه‌تی هه‌رێم و عێراق کرد، هاوکاریان بکه‌ن له دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی خوشک و خوشکه‌زاکانی و گێڕانه‌وه‌ی ته‌رمه‌کان بۆ هه‌رێمی کوردستان.
له‌نێو ئه‌و قوربانیانه‌دا که ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌مه ته‌رمه‌کانیان بۆ هه‌رێم هێنرایه‌وه، دایکێک و سێ منداڵی ده‌ربه‌ندیخانی بوون، له 23 ی مانگی ڕابردوو، له‌کاتی ڕۆیشتندا له فه‌ره‌نساوه بۆ به‌ریتانیا له نۆکه‌ندی ئینگلیز خنکان، له ئێستادا له‌و خێزانه، ته‌نها ڕزگار ده‌ربه‌ندی، هاوسه‌ری ژنه‌که و باوکی منداڵه‌کان ماوه‌ته‌وه، ئه‌مڕۆ له‌کاتی ناشتنی ته‌رمی ته‌واوی خێزانه‌که‌یدا ئاماده‌بوو.
پێشتر ڕزگار ده‌ربه‌ندیخانی هاوسه‌ر و باوکی چوار قوربانیه‌که، به‌ده‌نگی ئه‌مه‌ریکای وتبوو"وه‌کو ئه‌و هه‌موو باوکه حه‌زم کرد منداڵه‌کانم خۆش بژین، منداڵه‌کانم ئاره‌زوویان زۆربوو، داوای هه‌رچیان کردبا، بۆم جێبه‌جێ ده‌کردن، ده‌یانگوت، باوه‌گیان حه‌زه‌که‌ین بچین بۆ ئه‌وروپا، داوای ڕۆحیشمیان کردبا، پێمدهدان."
یه‌کێک له قوربانیه‌کانی نێو نۆکه‌ندی ئینگلیز که ئه‌مڕۆ ته‌رمه‌که‌ی هێنرایه‌وه بۆ ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌ڕین، کچێک بوو به‌ناوی (باران)، نازناوی (بوکی ده‌ریای) لێنراوه، به‌و پێ یه‌ی ده‌یویست بگاته وڵاتی به‌ریتانیا بۆ لای ده‌زگیرانه‌که‌ی، به‌ڵام له له نۆکه‌ندی ئینگلیز خنکاو دواجار ده‌زگیرانه‌که‌ی ته‌نها ته‌رمه‌که‌ی بینی.
Your browser doesn’t support HTML5