ژمارەیەک لە دامەزراوە حکومییەکان لە هەڵەبجە لە کرێدان و کەمی کارمەند گرفتی گەورەی بۆ دروستکردون

لەپارێزگای هەڵەبجە زیاتر 40 بۆ 45 بەڕێوەبەرایەتی گشتی و فەرمانگە هەن کە لەسەر ئاستی پارێزگاکەدا لە چوارچێوەی ڕێکاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجە کراونەتەوە، بەڵام بەشێکیان لە کرێدان بەهۆی نەبوونی بیناوە، بە شێکیشیان خێرخوازان کرێکانیان بۆ دابین دەکەن.

لەگەڵ بە پارێزگابوون و بەکارخستنی دامەزراوەکاندا لە هەڵەبجە 5% دامەزراوەکان کە لە سەرەتاوە دروست بوون زۆرینەیان هەمان بە ڕێوەبەرایەتی قەزایەک بوون کراون بە گشتی، ئەمەش گرفتی نەبوونی فەرمانبەر و جێ بەجێنەکردنی هەموو مامەڵەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیەکاندا دروست کردووە و واشیکردوە سیمای بە قەزابوونەکە بە پارێزگا و دامەزراوەکانەوە ببینرێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان دواین بەڕێوبەرایەتی گشتی کە لە هەڵەبجە کردویەتیەوە، بەڕێوبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانە، کە تەنها یەک کارمەندی هەیە و بەڕێوەبەربەری گشتی بەڕێوەبەرایەتیەکەیە لە ئێستادا بە گواستنەوەی کارمەند بە کاتی دامەزراوەکە خراوەتە سەرپێ.

زانیار حەمە نوری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند " داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەین بینای پێویست بۆ بەڕێوەبەرایەتیەکان دابین بکات".

کاوە عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "تا ئێستا 50% دامەزراوەکان لە هەڵەبجە کراونەتەوە، 95% بەڕێوبەرایەتیەکان تەنها گۆڕانکاری لە ناوەکەیاندا کراوە، نەبوونی فەرمانبەر و ڕێکنەخستنی دامەزراوەکان گرفتن و تا ئێستا بەشێک لە بیناکان بە کرێ گیراون، بەڕێوەبەرایەتی هەیە شەش ساڵە فەرمانبەری هەیە حکومەت ناتوانێت لەبەر نەبوونی کارمەند و بینا بیخاتە سەرپێ".

وەرزێر حەمە سەلیم هاوڵاتیەکی هەڵەبجەیە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"هیوا خوازم حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانن ئەو گرفت و قەیرانانەی کە ڕوویان لەم شارەکە کردووە کۆتایی پێ بهێنن، هەڵەبجە شایەنی ئەوەیە زیاتر ئاوەدان بکرێتەوە و ئەرکی حکومەتی عێراقیشە ئەم شارە لە یاد نەکات"

لە ساڵی ڕابردوودا تەنها لە سنوری شارەوانی هەڵەبجە 13 پڕۆژە بەگەڕ خراون ، کە هیچ کامیان پڕۆژەی ستراتیژی نەبوون، پێشینەی پێویستی شارەوانی بە ووتەی سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە یەک ملیار دینارە، بەڵام لەم ساڵدا خەرجیەکانی شارەوانی زیاتر بوون لە داهاتەکانی، ئەمەش وایکردووە نەتوانرێت هەنگاوی بازرگانی و گەشەی پارێزگاکە بەخێرایی هەستی پێ بکرێت.

Your browser doesn’t support HTML5

فەرحان هەورامانی