سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن رۆژی دووشەممە واژووی لەسەر پرۆژە یاسایی بوودجەی بەرگری وڵاتەکەی بۆ ساڵی 2022 کرد کە تیایدا 260 ملیۆن دۆلار بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستانی عێراق و بڕی 177 ملیۆن دۆلار بۆ کوردانی رۆژئاڤا و هێزێکی دیکە بەناوی "مغاویر الثورة" دابیندەکات.
واژووەکەی سەرۆک بایدن راستەوخۆ پرۆژەکە دەکات بە یاسا. بەواتایەکی دیکە، وەزارەتی بەرگری دەتوانێت دەست بەخەرجکردنی ئەو 771 ملیار دۆلارە بکات کە بۆ ساڵی داهاتوو بۆی تەرخانکراوە.
یاسای ئەمجارە بودجەی وەزارەتی بەرگری بەرێژەی ٥% زیاد دەکات. بەهۆی هەڵاوسانەوە مووچەی کارمەندەکانی وەزارەتی بەرگری ساڵی داهاتووی ٢.٧% زیاد دەکات.
وردەکارییەکانی چۆنیەتی خەرجییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پاشکۆیەکی وەزارەتی بەرگریدا بڵاوکراوەتەوە. لەو پاشکۆیەدا، بۆ نموونە، نوسراوە کە بڕی پێنج ملیۆن دۆلار بۆ بۆ کڕینی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی جۆری پوما (Puma) بۆ پێشمەرگە تەرخان دەکرێت.
پوما کۆمپانیایەکی ئەمریکی لە ویلایەتی کالیفۆرنیا بەناوی ئێرۆ ڤایرۆنمێنت دروستی دەکات و بۆ کاری سیخوڕیکردن یاخود کۆکردنەوەی زانیاری بەکاردەهێنرێت نەک هێرشکردن.
پارەی زیاتر بۆ پێشمەرگە، کەمتر بۆ بەغدا
پشکی کۆمەکی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان سێ هێندەی ئەو بڕەیە ئەمریکا بۆ بەشەکەی دیکەی عێراقی دابینکردووە. بەشی هەموو عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە 345 ملیۆن دۆلارە بەڵام ئەگەر 260 ملیۆن دۆلارەکەی کوردستان دەربهێنیت تەنیا 85 ملیۆن دۆلار بۆ عێراق دەمێنێتەوە.
هۆکاری ئەمەش رەنگە بۆ نارەزایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە لەوەی کە بەغدا پشکی تەواوی هەرێمەکە بودجە نانێرێت و ئەمەریکا لەبەرامبەردا پشکی عێراقی کەمکردۆتەوە.
وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا نوسیوویەتی، "وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانی عێراق بەردەوامن لە گێرانی رۆڵێکی بنەڕەتی وەکو بەشێک لە هێزەکانی ئەمنی عێراق لە پێکهاتەی ئۆپەراسیۆنی دژ بە هێزەکانی داعش، بەرەیەکی بەهێزی باکورن کە رێگە لە چوونە ژوورەوەی داعش [ بۆ هەرێمی کوردستان] دەگرێت."
لە شەڕی دژی داعشدا، لانیکەم 1700 پێشمەرگە گیانیان بەختکردووە و زیاتر لە 10 هەزاریش بریندار بوون.
پشکی کوردانی رۆژئاڤا
ئەو پارەیەی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و سوریا دابینکراوە 23 ملیۆن دۆلاری کەمترە لەو بڕەی ساڵی پار دابینکرا کە 200 ملیۆن دۆلار بوو.
زۆربەی پارەکە (78 ملیۆن) وەکو مووچەی مانگانە دەدرێت بە شەڕڤانانی هەسەدە کە کورد سەرپەرشتی دەکات.
سینام موحەمەد، نوێنەری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لە واشنتن، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، "ئەنجومەنی سوریای دیموکرات سوپاسی سەرۆک بایدن دەکات بۆ سەکردایەتی و واژوکردنی یاسای بودجەی وەزارەتی بەرگری. ئیدارەی بایدن و کۆنگرێسی ئەمریکا بە روونی دان بەو رۆڵە گرنگەدا دەنێن هەسەدە بەهاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا دژی داعش دەیگێڕێت."
ئەوەی دەمێنێتەوە لەو ١٧٧ ملیۆن دۆلارەی بۆ سوریا دابینکراوە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ پاڵپشتی لۆجستی و مەشق و دابینکردنی کەلوپەلی سەربازییە. تەنیا 2 ملیۆن دۆلار بۆ چاککردنەوە و نوێکردنەوەی ژێرخان تەرخان کراوە.
"ئەرکی وەزارەتی بەرگری [ئەمریکا] لە سوریا وەکو خۆی دەمێنێتەوە کە تێکشکاندنی هەمیشەیی داعشە،" وەکو لە پاشکۆکەکەی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا نوسراوە.
یاسای بودجە بە تایبەت ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەمەریکا دەبێت "ستراتیژێکی دیپلۆماسی هەبێت" بۆ گەڕاندنەوەی خانەوادەی چەکدارە بیانییەکانی داعش کە زۆربەیان لە کامپی ئەلهۆلدان لە سوریا.
هەسەدە هەمیشە داوای ئەوەی کردووە وڵاتانی ئەوروپی و وڵاتانی دیکە هاوڵاتییەکانی خۆیان بەرنەوە، ئەرکی قورسی بەڕێوبەردنی کامپێک کە زیاتر لە 10 هەزار کەس لە خۆدەگرێت لە کۆڵ هەسەدە بکەنەوە.
یەکخستنی پێشمەرگە
بەرپرسانی ئەمریکا زۆرجار لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ سەرکردایەتی کورد جەختیان کردۆتە سەر یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و گۆڕینی لە هێزی چەکداری پارتەکانەوە بۆ هێزێکی یەکگرتوو لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا. بەڵام لە یاسای بودجەی ساڵی 2022 باسی لەوەنەکراوە کە ئەوە بکرێتە پێشمەرجێک بۆ دابینکردنی کۆمەک بۆ پێشمەرگە.
پسپۆڕان دەڵێن مێژووی شەڕی ناوخۆی کوردستان کە لە ناوەڕاستی ١٩٩٠ ەکاندا روویدا وایکردووە دوو پارتە سەرەکییەکەی کوردستان متمانەی پێویستیان بەیەک نەبێت بۆیە ئامادەنین واز لە هێزە چەکدارییەکانیان بهێنن کە زیاتر دڵسۆزیان بۆ سەرکردەکانی حیزبەکان هەیە وەکو دامەزراوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
مانگی پێنج لە کۆنفرانسێکدا لە زانکۆی کوردستان لە هەولێر، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، جینین هێنس پلاسخارت لە گوتارێکدا داوای لە هێزەکانی کوردستان کرد پێشمەرگە بکەنە هێزێکی نیشتیمانی.
پلاسخارت گوتی، " کردار لە قسە گرنگترە. راگەیاندن و قسەی جوان گرنگی خۆیان هەیە، بەڵام دواجار دێتە سەر ئەوەی شتەکان جێبەجێ بکەیت."