غازی کەرکوکی: تەحەدا دەکەم لە ژیانمدا لەگەڵ یەک بەرپرسی حەشد دانەنیشتووم

شەوی ڕابردوو، هەواڵی دەستگیرکردنی غازی کەرکوکی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لەسۆشیال میدیا و بەشێک لە سایتە کوردیەکان بڵاوکرایەوە، گوایە ناوبراو دۆسیەی نهێنی حیزبەکەی داوەتە حەشدی شەعبی، بەڵام لەگفتووگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، غازی کەرکوکی هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە.

سەبارەت بەهەبوونی پەیوەندی لەگەڵ حەشدی شەعبی و ڕاست و دروستی هەواڵی دەستگیرکردنەکەی بە بڕیاری هاوسەرۆکی یەکێتی، غازی کەرکوکی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، هەواڵی دەستگیرکردنەکەی ڕەتکردەوە و بەدەنگی ئەمەریکای وت "کاتێک حەشد کەرکوکی داگیرکرد، کەس هێندەی من دژایەتی حەشد و عێراق و بەرەی تورکمانی نەکرد، هەموو ڤیدۆکان کە لای پەیکەری پێشمەرگە تۆمارم کردوون ماون، ئەوەی من بەرامبەر ئەوان وتم، هیچ سەرکردەیەکی کورد نەیوێرا بیڵێت."

ڕوونیکردەوە، تەنها یەکجار وەکو نوێنەری مەڵبەندی یەکێتی لەگەڵ حەشددا دانیشتووە، کاتێک دەبابەی دژەتیرۆری عێراقی براوەتە گەڕەکی شۆرجەی کەرکوک و تەقەیانلێکراوە، وتی "بەئامادەبوونی خەڵکی گەڕەکەکە داواملێکردن، دەبابەکان لەشۆرجە دەربکەن، تا کێشە دروست نەبێت، تەحەدا دەکەم، لەژیانمدا لەگەڵ یەک بەرپرسی حەشد دانەنیشتووم."

سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی بەنزیکایەتی هەندێک لەبەرپرسانی یەکێتی، غازی کەرکوکی وتی "من لە یەکێتیەوە نزیکم، شانازخان خوشکی گەورەمە، لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، کاک ڕەفعەت، کاک ئاسۆ، ماڵ کاک کۆسرەت، لەهەموویانەوە نزیکم، خۆ عەیب نییە لە سەرکردەکانی حیزبەکەی خۆمەوە نزیکبم."

سەرکردەکەی یەکێتی ڕەتیکردەوە دۆسیەی نهێنی حیزبەکەی بردبێتە دەرەوە، وتی "لە ناو یەکێتی ئازادی هەیە، ئێمە شتی شاراوەمان نیە، گەر ڕامان جیاواز بێت لەهەندێک برادەر، کەسمان دژی یەکێتی نەبووین و کێشەی شەخسیمان نەبووە، هەندێکجار لەسەر ئەو ڕەخنانەی دەیگرین، کێشەی گەورەمان بۆ دروست دەبێت، بەشێک برادەر شتەکان گەورە دەکەنەوە."

بە بڕوای غازی کەرکوکی، بەشێک لەو پەیج و ئەکاونتانەی هەواڵی دەستگیرکردنەکەیان بڵاوکردووەتەوە و تۆمەتی دەست تێکەڵکردنیان لەگەڵ حەشد داوەتە پاڵی، پێشتر لەناو یەکێتی بوون، وتی"هەندێک خەڵک شت دەنێرن بەملاولاو بڵاوی دەکەنەوە، هەندێکجار بتەوێت لەشوێنێک خزمەت بکەین، خەڵکانێک پێیانناخۆشە و لێت دەدەن."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، غازی کەرکوکی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد سێ جار پۆستی بۆ دیاریکراوە و بەدڵی نەبووە، بۆیە پۆستی تری بۆ دیاری دەکرێت، وتی"ڕەنگە سەرچاوەی تۆمەتەکان و بەخێرایی بڵاوبوونەوەی، هەوڵێک بێت بۆ لێدانم."

Your browser doesn’t support HTML5

دڵشاد ئەنوەر